کاربۆھیدرات

کاربۆھیدرات سەرەکیترین سەرچاوەی وزەی لەشە و وزەیەکی خێرا بۆ لەش دابین دەکات و گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ جەستە، و کاربۆھیدرات لە بنەڕەتدا لە شەکر پێکهاتووە.
کاربۆهیدرات
كاربۆهیدرات

کاربۆهیدرات چیە

بەو شەکر و نیشاستە و ڕیشاڵەکان دەوترێت کەلە سەوزە و میوە و دانەوێڵەکان و بەرهەمە شیرەمەنیەکان بوونیان هەیە، کاتێک کاربۆهیدرایت لە ڕیخۆڵە هەڵدەمژرێت و دەگاتە ناو خوێن و بەوەش ئاستی شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە، پەنکریاس هۆرمۆنی (ئەنسۆلین) دەردەدات، ئەنسۆلین ئاستی شەکری خوێن کەم دەکاتەوە بەوەی بەشە زیادەکەی دەگۆڕێت بۆ گلایکۆجین (نیشاستەی ئاژەڵی) و خەزنکردنی لە جگەر و ماسوولکەکاندا، هەروەها بۆ چەوری سیانی و کۆکردنەوەی لە شانە چەورییەکاندا، بەم جۆرەش قەڵەوی دەکەوێتەوە.
پێوەری كاربۆهیدرات (پێنوێنی شەکراوێتی - Glycaemic Index) ی پێدەوترێت، کە بریتییە لە پێوانەی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دوای خواردنی خۆراکێکی دیاریکراو بەبەراورد بە خواردنی گلووکۆز.

جۆرەکانی کاربۆهیدرات

بەپێی ئەم پێنوێنە، خۆراکەکان دەکرێن بە سێ بەشەوە:
  1. پێنوێنی بەرزی شەکراوێتی (High GI): ئەو خۆراکانەن کە پێنوێنی شەکراوێتییان ٧٠ بەسەرەوەیە، بەم جۆرە بڕی زۆر لە شەکریان تێدایە، شەکر، برنج، ئاردی سپی، خواردنەوە گازییەکان، شەربەت، کێک، پسکیت، شیرینی، شووتی، پەتاتە و گێزەری کوڵاو دەکەونە ئەم پۆلەوە، بەشێوەیەکی گشتی واباشە ئەمانە زۆر بەکەمی بخورێن، شەکرەدارانیش هەر نەیانخۆن
  2. پێنوێنی مامناوەندی شەکراوێتی (Intermediate GI): ئەو خۆراکانەن کە پێنوێنی شەکراوێتییان ٥٦-٦٩ یە، بەم جۆرە بڕی مامناوەند لە شەکریان تێدایە، کوولەکە، ئەنەناس، کاڵەک، قەیسی و ترێی ڕەش دەکەونە ئەم پۆلەوە، بەشێوەیەکی گشتی خۆراکی تەندروستن و دەکرێت بەشێوەی مامناوەند بخورێن
  3. پێنوێنی نزمی شەکراوێتی (Low GI): ئەو خۆراکانەن کە پێنوێنی شەکراوێتییان ٥٥ بە خوارەوەیە، سەوزە و میوەکان (جگەلە لەوانەی سەرەوە) دەکەونە ئەم پۆلەوە، بەشێوەیەکی گشتی زۆر تەندروستن، بۆیە واباشە شەکرەداران بەشێوەی سەرەکی پشت بە خواردنی ئەم پۆلە خۆراکە ببەستن
پێوەرێکی دیکەی گرینگ هەیە، ئەویش (بارە شەکر - Glycaemic Load)ە، کە بریتییە لەو بارە شەکرەی لە خۆراکێکی دیاریکراودا هەیە.
بۆیە خۆراکێک با پێنوێنی شەکراوێتیشی نزم بێت، کە زۆر خورا، خراپ دەبێت، چونکە ئەوکات بارە شەکرەکەی بەرز دەبێت، بۆ نموونە: پرتەقاڵ پێنوێنی شەکراوێتیی نزمە و خواردنێکی تەندروستە، بەڵام کاتێک بە پرتەقاڵێک و دووان واز ناهێنرێت، ئیتر لەوە دەردەچێت سەلامەت بێت، چونکە لەو حاڵەتەدا بارە شەکرەکە زیاد دەبێت.
پێویستە ئەو بڕە کاربۆهیدراتەی دەخورێت، بەیەکسانی بەسەر ژەمەکاندا دابەش بکرێت، ئینجا ناکرێت نان لەگەڵ پڵاوی برنجدا بخورێت، چونکە ئەوە وای لێدێت کە کاربۆهیدرات بە کاربۆهیدراتەوە بخورێت.

شەکر

یەکێکە لەو خواردنانەی خوومان پێوە گرتووە، وەلێ زیانی زۆرە و سوودیشی کەم، شەکر کە ناوە زانستییەکەی (سوکرۆز)ە، لە دوو گەردی شەکری سادەی (گلووکۆز) و (فڕوکتۆز) دروست دەبێت.
وەرگرتنی شەکر بەڕێژەی زۆر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بەڕێژەی ٦٠-٩٥٪، شەکر ئەوەی سوود بێت نییەتی، خاڵییە لە هەرچی ماددەی پێویست بۆ جەستەیە، تاکە سوودێک هەیبێت ئەوەیە کە وزە بەلەش دەبەخشێت، ئەمەیە وادەکات پێی بوترێت (وزەگەلی فشۆڵ - Empty Calories)، لەم ڕووەوە ئەو شتەی کە هاوتایەتی، (مەی)ە ! جا ئەگەر بێت و ئەو کەسەی کە شەکر دەخوات، خۆی زۆر ماندوو بکات، ئەوە ئەو وزەیە بەکاردەبات، ئەگەر نا وزەکە دەمێنێتەوە و سەر دەکێشێت بۆ قەڵەوی، گشت ئەمانە وادەکات کە بوترێت واباشە تا دەکرێت دەم بۆ شەکر نەبرێت، بەڵام ئەگەر هەر بخورێت، دەبێت بزانرێت کە بەپێی ڕێنماییەکانی (کۆمەڵەی پزیشکانی دڵی ئەمریکی) نابێت پیاوان لە نۆ کەوچکە چا و ژنانیش لە شەش کەوچکە چا زیاتر شەکر لە ڕۆژێکدا بخۆن.
شەکر لە سەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دا نەبووە، ئیبن قەییم دەنووسێت: «زۆربەی کتێبە کۆنەکان، بەهیچ جۆرێک باسی شەکریان تێدا نەهاتووە، بەڵکو هەر نەیاندەناسی، ئەوە جێباسی ئەم سەردەمەیە و تازەکییە» [زاد المعاد، ص٣٢].
بەم جۆرە شەکر لەو سەردەمەدا نەبووە و نەخوراوە، هەر بۆیەش فەرموودەیەکی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نییە بە ڕاستەوخۆ باسی شەکر بکات.

نان و سەموون

نان و سەموون و فرەوانتریش بڵێین کاربۆهیدرات، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە قەڵەوبووندا، ئەمەش ئەوە نییە تازە دۆزرابێەوە، چەند سەد ساڵێک پێش ئێستا ئیبن قەییم نووسیویەتی: «نانی گەنم تایبەتمەندییەکی هەیە کە خەڵکی بە خێرایی قەڵەو دەکات، نانی جۆش کەمتر خۆراک دەبەخشێت وەک لە نانی گەنم» [زاد المعاد ص٢٨٠].
ئەوەی کە زۆر گرینگە جۆری ئەو کاربۆهیدراتەیە کە دەخورێت، چونکە هەندێک لە سەرچاوەکانی کاربۆهیدرات تەندروستترن لەوانی تر.
بڕی کاربۆهیدرات لە خواردندا کەمتر گرینگە لە جۆری کاربۆهیدراتەکە، بۆ نموونە دانەوێڵەی تەواو (سپینەکراو)ی گەنم و جۆ، بژاردەی باشترن لە هی سپیکراو.
زۆر کەس سەریان سوڕماوە دەربارەی کاربۆهیدرات، بەڵام ئەوەتان لەبیر بێت کە ئەوەی کاربۆهیدرات لە سەرچاوەی خۆراکی تەندروستەوە وەربگرن، باشترە لەوەی کە پارێزێکی توند لە کاربۆهیدرات بکەن یان دابنیشن بکەونە ژماردنی ئەوەی چەند گرام کاربۆهیدراتتان خواردووە.
کاتێک نان یان سەموون لەناو فڕن یان تەنوور یان سەر سێڵ ئامادە دەکرێت، ناوبەناو پارچەی بچووکیان لێدەبێتەوە، ئیتر ئەو پارچە نانانە دەسووتێن و دەکەونە سەر نان و سەموونەکانی دواتر، یانیش خۆڵەمێش دەکەوێتە سەریان، ئەو ماددانە کاربۆنیان تێدایە و هەڕەشەن لەسەر تەندروستی، تەنانەت دەبنە هۆی شێرپەنجەش، بۆیە زۆر گرینگە ئەو هۆکارانەی نان و سەموون برژاندن زوو زوو پاک بکرێنەوە، تا ئەو شتانە نەکەونە سەریان، خۆ ئەگەر بینیمان نان و سەموون ئەو شتانەیان کەوتووەتە سەر، نەکەین بیانخۆین بێئەوەی لێیان بکەینەوە.
خاڵێکی تر کە هی لەسەر وەستانە، ئەو هەموو بەفیڕۆدانەی نان و سەموونە، بەتایبەتیش لە خواردنگەکاندا، ئەمە لەکاتێکدا کە ئێمە شوێنکەوتەی پێغەمبەرێکین (صلى الله عليه وسلم) کە دەفەرمووێت: «أكْرِمُوا الخُبْزَ، فَإنَّ الله أكْرَمَهُ، فَمَن أكْرَمَ الخُبْزَ أكْرَمَهُ الله» [حديث حسن].
هۆی سەرەکیی ئەو هەموو بەفیڕۆدانەی نان و سەموون لەم سەردەمەدا ئەوەیە کە قەبارەیان گەورەترە لەوەی کە پێمان دەخورێت، ئیتر لەتێکیان لێدەخۆین و ئەو دواکەی فڕێ دەدەین، چونکە کەس ئامادە نییە بەرماوەی یەکێکی تر بخوات، چارەسەری ئەمەش ئاسانە و بریتییە لەوەی بەر لەوەی بخرێتە بەردەم کەسەکان، بە چەقۆ لەت بکرێت، ئەو کات ئەوەندی دەخورێت دەخورێت و ئەوەی تر بەدەست لێنەدراوی دەمێنێتەوە، دەوترێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: «لا تَقطعُوا الخُبزَ بِالسكِّين» [ضعيف الجامع/الألباني].
واتە: «نان بە چەقۆ مەبڕن»، بەڵام ئەمە فەرموودەیەکی (زەعیف)ە و بە دەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەڵبەستراوە.

نانی بۆر

دەنکی گەنم و دانەوێڵەکانی تر لە سێ چین پێکهاتووە:
  1. Bran - کەپەک: چینی دەرەوەیە، ماددە گەلێکی دژە ئۆکسێن و ڕیشاڵ و جۆرە جیاوازەکانی ڤیتامین B لەخۆ دەگرێت
  2. Germ: بریتییە لەو بەشەی کە دواتر دەبێتە ئەو چەکەرەیەی لەو دەنکە دەکەوێتەوە، ئەم بەشە ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامینەکانی B و کەمێک لە ڤیتامینەکانی تر و کانزاکان و چەوری تەندروست لەخۆ دەگرێت
  3. Endosperm: بریتییە لە بەشە سەرەکییەکەی ناوەوەی دەنکەکە، بەشێوەیەکی سەرەکی لە کاربۆهیدرات ئینجا پرۆتین پێکدێت، ڕێژەیەکی کەم لە ڤیتامین و کانزاکانیشی تێدایە
بەم جۆرە دانەوێڵەکان، ئەگەر چی ڕێژەیەکی زۆر کاربۆهیدراتیان تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک دژە ئۆکسێن و ڤیتامین و کانزایان تێدا هەیە.
کێشەی سەرەکی لەوەوە دەست پێدەکات کە ئەو دەنکە دانەوێڵانە سپی دەکرێن، یان بڵێین کەپەکەکەی لێدەکرێتەوە، ئیتر بەوە هەردوو چینی یەکەم و دووەم دادەماڵرێن و تەنها چینی سێیەم دەمێنێتەوە، کە وەک ئاماژەمان پێدا، بەشێوەیەکی سەرەکی لە کاربۆهیدرات پێکدێت، ئیتر دەبێتە شتێکی نزیک لە یەک پارچە شەکر.
پێنوێنی شەکراوێتیی جۆرە جیاوازەکانی نان و سەموون بەم جۆرەیە:
  • نان و سەموونی گەنمی سپیکراو: ٨٧
  • نان و سەموونی بۆری گەنم: ٤٩
  • نان و سەموونی جۆ: ٦٧
بەم جۆرە ڕێژەی شەکر لە نانی سپیکراو زۆر بەرزە و هەر بۆیە ناتەندروستە، ئەوەی جێی تێڕامانە، نان و سەموونی بۆر (سپینەکراو)ی گەنم لە هی جۆ کەمتر شەکری تێدایە، هەروەک بەهای خۆراکیشی زیاترە، بۆیە باشترین بژاردەیە بۆ خواردن.

سودەکانی کاربۆهیدرات

  1. یارمەتی گەشەی باڵا دەدات
  2. وادەکات هەست بە تێری بکەیت
  3. تەندروستی دڵ دەپارێزێت
  4. هەرس باشتر دەکات
  5. مێشک و ڕیخۆڵەکان دەپارێزێت
  6. سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەو ڕیشاڵەکانە
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی خوانی خۆشەویست صلى الله عليه وسلم