سەوزەکان

سەوزە بە ئینگلیزی "vegetables"، سەوزە پێکهاتەیەکی خۆراکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزاکان و چەندەها ماددەی تری سودبەخش کە بۆ لەشی مرۆڤ پێویستن.
سەوزەکان
سەوزەوات

سەوزەکان

ئەو لێکدانەوە و تێڕوانینەی لەناو خەڵکیدا هەیە بۆ سەوزە، جیاوازە لەو پێناسەیەی زانستی ڕووەکناسی بۆی دەکات، بەپێی ئەو زانستە سەوزە بریتییە لەو خۆراکانەی لە بەشەکانی ڕووەک (ڕەگ و قەد و گەڵا) جگەلە لە گوڵ دروست دەبن، وەک گێزەر (ڕەگ) کەرەوز (قەد) لەهانە (گەڵا).
پیاز و پاشانیش سیر لەو سەوزانەن کە لە هەموو ئەوانی تر زیاتر لە چێشتلێناندا بەکاردەهێنرێن، ئەو دووانە ئەگەرچی سوودیان زۆرە بۆ تەندروستی و تامی چێشتیش خۆش دەکەن، وەلێ بەهۆی بۆنیانەوە زۆر کەس لە ڕابردوو و ئێستاشدا خۆ لە خواردنیان بەدوور دەگرن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەگەرچی قەدەغەی نەکردووە بخورێن، بەڵام بەهۆی بۆنیانەوە نەیخواردوون.
ئەبو ئەیوبی ئەنساری (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چێشتێکی بۆ هاتبوو، ئەویش بۆ منی نارد بێئەوەی خۆی دەمی بۆ بردبێت، ئەمەش لەبەرئەوەی چێشتەکە سیری تێکرابوو، منیش پرسیم «ئایا سیر حەرامە؟» فەرمووی: «لا، ولكِنِّي أكْرَهُهُ من أجْلِ ريحِهِ»
واتە: «نەخێر، بەڵام من لەبەر بۆنەکەی حەزی پێناکەم» منیش وتم «شتێک تۆ حەزی پێنەکەیت، منیش حەزی پێناکەم» [سنن الترمذي/١٨٠٧]
لێشی دەگێڕنەوە کە بە هاوەڵان (خوا لە هەموویان ڕازی بێت)ی فەرمووە: «كُلوه فإني لستُ كأحدكم إني أخاف أن أُوذي صاحبي» [سنن الترمذي/١٨١٠]
واتە: «ئێوە بیخۆن، من وەک ئێوە نیم، دەترسم ئەزیەتی هاوڕێکەم بدەم» کە مەبەستی جوبرەئیل عليه السلام بووە.
پێشەوا عومەری کوڕی خەتتابیش (خوا لێی ڕازی بێت) لە وتارێکی هەینیدا فەرموویەتی: «يا أيُّها النَّاس إنكم تأكلونَ شجرتينِ لا أراهما إلا خبيثتينِ هذا الثُّوم وهذا البصلُ، ولقد كنتُ أرى الرَّجل على عهد رسول الله (صلى الله عليه وسلم) يوجد ريحهُ منهُ فيؤخذُ بيدهِ حتى يخرج إلى البقيع، فمن كان آكلُها لابد فليمتها طبخا» [صحيح ابن ماجه/٨٣٦]
واتە: «خەڵکینە! ئێوە دوو شت دەخۆن، وای دەبینم بێزراو بن (بەهۆی بۆنیانەوە) ئەوانیش سیر و پیازن، من لەسەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)دا بینیومە دەستی پیاویان گرتووە و دووریان خستۆتەوە و تا "بەقیع" بردوویانە، لەبەرئەوەی بۆنی ئەوانەی لێهاتووە، خۆ ئەگەر هەر دەیخۆن، ئەوە بۆنیان بە کوڵاندن لەناو ببەن».
پیاز کە دەجنرێت، فرمێسک لە چاوان دادەبارێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر گۆگردی تێدایە، جا کاتێک دەبڕرێت، ئەو گەردیلانەی گۆگرد لەگەڵ ئەنزیمەکان پەرش دەبن بە هەوادا، کە تێکەڵی یەک دەبن، گازێک دروست دەبێت کە ئازاری چاو دەدات و ئەویش دەکەوێتە فرمێسک ڕشتن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گازەکە، کێشە ئەوەیە هەندێک جار کەسەکە دەکەوێتە هەڵگڵۆفینی چاوی و لەو کاتەشدا بە چەقۆکەی دەستی خۆی بریندار دەکات.

گرتنە بەری ئەم ڕێگایانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتە

  1. هەواگۆڕکێ: وا باشە لە هەوای کراوەدا پیاز بجنرێت، یان پەنجەرە بکرێتەوە، یانیش ئامێرەکانی هەواکێشی وەک (ساحیبە) و (مرشح) بەکاربخرێن
  2. ساردکردنی پیازەکە: هەوا و پیازەکەش چەند گەرم بێت، گازەکە ئەوەندە زیاتر دەبێت، بۆیە وا باشە پیازەکە بەر لە جنین بۆ چەند خولەکێک بخرێتە سەلاجە یان فرێزەرەوە، بەوە ڕێژەی گازەکە زۆر کەم دەبێتەوە
  3. چاویلکەی تایبەت هەیە، دەکرێت لەچاو بکرێن
  4. تەڕەپیاز ئەوەندەی پیاز ئەو کاریگەرییەی نییە، بۆیە دەکرێت ئەویان بەکاربهێنرێت
یەکێکی تر لەو سەوزانەی کە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەهۆی بۆنییەوە زۆر لەگەڵ خواردنی نەبووە "کەوەر"ە، وەک جابری کوڕی عبدالله (خوا لێی ڕازی بێت) دەڵێت: «نَهى رسول الله (صلى الله عليه وسلم) عن أكلِ البَصَلِ والكُرَّاث، فغَلبَتْنا الحاجة، فأكَلْنا منها، فقال: من أكل من هذه الشجرة المُنْتِنِة، فلا يقْرَبَنَّ مسجدَنا، فإن الملائكة تأذَّى، مما يتأذَّى منه الإنس» [صحيح مسلم/٥٦٤]
واتە: «پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێی قەدەغە کردین پیاز و کەوەر بخۆین، بەڵام پێویستی زۆری بۆ هێناین و لێمان خواردن، جا فەرمووی: ئەوەی لەم ڕووەکە بۆگەنەی خوارد با نزیکی مزگەوتەکەمان نەکەوێت، چونکە هەر شتێک مرۆڤ پێی تێکبچێت، فریشتەش پێی تێکدەچێت».
دەوترێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبارەی کەرەوزەوە فەرموویەتی: «من أكله، أي كرفس، ثم نام عليه نام و نكهته طيبة وينام آمنا من وجع الأضراس والأسنان»
واتە: «ئەوەی کەرەوزی خوارد ئینجا لەسەری نوست، ئەوە لەسەر تامێکی خۆش دەخەوێت و دوور دەبێت لە ئازاری ددان و داخورانیان»
بەڵام ئیبنو قەییم پێی وایە ئەمە فەرموودەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نییە. [زاد المعاد ص٣٣٩].
بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزی بە کوولەکە کردووە، بەتایبەت کوولەکەی زەرد، وەک ئەنەسی کوڕی مالیک (خوا لێی ڕازی بێت) دەڵێت: «كان القَرعُ من أحَبِّ الطعامِ إلى رسَول الله (صلى الله عليه وسلم)» [خريج المسند/١٣١١٥]
واتە: «کوولەکەی زەرد لە خۆشەویستترین خواردنەکان بوو لای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)».
هەر وەک ترۆزیشی خواردووە، ئەوەتا عەبدوڵڵای کوڕی جەعفەری کوڕی ئەبو تاڵیب (خوا لەخۆی و باوکی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە: «رأيتُ النبيَّ (صلى الله عليه وسلم) يأْكُلُ الرُّطَبَ بالقِثَّاء» [صحيح البخاري/٥٤٤٠]
واتە: «بینیم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خورمای بە ترۆزییەوە دەخوارد».
ئەو شتەی وا دەکات سەوزە ڕەق بوەستێت و نەچەمێتەوە ڕیشاڵە، کوڵاندن زیانی زۆر بە ڕیشاڵی نێو سەوزە دەگەیەنێت و بێ کاریگەری دەکات، هەر بە چاویش دەبینرێت سەوزە بە کوڵاندن چۆن خاو دەبێتەوە، بۆیە دەبێت بزانرێت سەوزە زیاتر بەخاوی تەندروستە نەک بە کوڵاوی.
پەتاتە ئەگەرچی بەخاوی شەکری زۆری تێدا نییە و پێنوێنی شەکراوێتییەکەی لە دەوری ٦٤ دایە، بەڵام بە کوڵاندن ئەو پێنوێنەی بۆ ٨٩ و بە برژاندنیش بۆ ١١١ بەرز دەبێتەوە، بەمەش وەک بڵێی دەبێت بە یەک تۆپەڵ نیشاستە و لە شەکر زیاتر شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە! بۆیە ئەوانەی شەکرەیان هەیە نابێت بە هیچ جۆرێک بیخۆن.
سەوزە بەهۆی ئەوەی بەپێچەوانەی میوەوە زیاتر لەسەر زەوی دەڕوێت، زۆرتر ئەگەری پیسبوونی هەیە، بۆیە زۆر گرینگە زیاتر خۆ بە پاککردنەوەی خەریک بکرێت.
نەخۆشیی دروستبوونی (کیسی ئاو) نەخۆشییەکە بەهۆی کرمێکی شریتییەوە دەکەوێتەوە، ئەم کرمە تووشی سەگ و ئاژەڵە هاوشێوەکانی دەبێت، کرمەکە هێلکەیەک دەکات کە لە ڕێی پیساییی ئاژەڵە تووشبووەکەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە، کاتێک ئەو هێلکەیە دەکەوێتە سەر بەرووبوومە ڕووەکییەکان و بەتایبەتیش سەوزە و مرۆڤیش ئەو بەرووبوومانە دەخوات، هێلکەکە دەچێتە لەشیەوە و کیسی ئاو دروست دەکات، ئەو کیسە ئاوانە بۆی هەیە لەهەر شوێنێکی لەشدا دروست ببن، بەڵام زیاتر لە جگەر و سییەکان دروست دەبن و قەبارەیان هەندێک جار دەگاتە ١٠ سانتیمەتر و بگرە زیاتریش، بەمەش کار لە فرمانی ئەو ئەندامانە دەکەن، ئینجا ژمارەیەکی ئێجگار زۆری وردە کیسیشیان لەناودایە، بۆیە ئەگەر کیسێک بتەقێت، ئەو کیسە وردانە دەبن بە کیسی گەورە، ئەم نەخۆشییە کاریگەریی خراپ دەکاتە سەر تەندروستی و زۆر جار نەشتەرگەری پێویست دەبێت و هەندێک جار دەبێتە هۆی مردنیش، سەرەکیترین هۆکاری گوازرانەوەی ئەو نەخۆشییە سەوزەیە، بۆیە دەبـێت سەوزە زۆر جوان و دانە بە دانە پاک بکرێتەوە، بەتایبەت ئەو سەوزانەی کە بەهۆی شکڵیانەوە دەشێت ببن بە پەناگە بۆ ئەو هێلکانە، وەک کەوەر، بۆیە دەبێت یەک بە یەک و لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەستیان پێدا بهێنرێت.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی خوانی خۆشەویست صلى الله عليه وسلم