گۆشت

گۆشت
گۆشت - اللحوم.

پێناسەکەی

گۆشت بە ئینگلیزی "Meat"، گۆشت ئەو بەشەی ئاژەڵە کە دەخورێت لە گیانلەبەرە خۆماڵیەکان، وەک مانگاو گاو مەڕ و بزن و مریشک و ماسی و هەندێ لە خشۆکەکان (هەر وڵاتێک بەگوێرەی ئاین و دابونەریتی کۆمەڵایەتی خۆی).
نازانرێ کەی مرۆڤ دەستی کردووە بە خواردنی گۆشت، لە ئادەمیزادیش هەیە گۆشت ناخوات وەک هیندۆسەکان و هەندێک لە بوزیەکان.
گۆشت پێکهاتووە لە ماسولکەو هەندێ چینی چەوری و شانەی بەستەرەوە، هەروەها ئادەمیزاد بێجگەلە گۆشتی ئاژەڵ هەندێ لە ئەندامەکانی تریشی دەخوات وەک جگەر و پەنکریاس و گورچیلە و گون و مێشک و دڵ و ڕیخۆڵەکان.
گۆشت ترشی ئەمینی زۆری تیایە کە سەرچاوەی پرۆتینە، هەروەها ژمارەیەک لە ڤیتامینی بی (نایسین و رایبۆفلاڤین) و کانزای ئاسن و فۆسفۆڕو کالسیۆمی تیایە، هەر بەشێکیش لە لەشی ئاژەڵ ڤیتامین و کانزای جیای تیایە وەک جگەر زۆر ڤیتامینی (ئەی ودی) تیایە.
گۆشت تاوەکو بتوانرێ پارێزگاری لێبکرێ بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێت ئەم ڕێگایانەی خوارەوە بگرێتە بەر:
  1. ساردکردنەوە.
  2. لە قوتوو کردن.
  3. بەکارهێنانی دووکەڵ (اللحوم المدخنة - smoked meat).
  4. ڕێگەی کوڵان و برژانی و هەڵگرتنی گۆشت (التقديد) وەک باسترمە و سەلامی (اللحم المقدد).
ئێستا گۆشت هەیە ئامادەکراوە بە ڕێگەی پیشەسازی کە بریتیە لە پرۆتینی پاقلەی سۆیاو گەنم و هەندێ ڕووەکی تر و چەوری بۆ زیاد دەکرێت و دەکرێتە ڕیشاڵ و شێوەی گۆشتی هەیە.
پرۆتین: ماددەیەکی کیمیاوی زیندووە لە لەش و بۆ نوێکردنەوەی خانەو شانەکان پێویستە، هەروەها بۆ ئەنجامدانی زۆر لە کارلێکە کیمیاویەکان و گواستنەوەی ئۆکسجین و دەرپەڕاندنی ووزە پێویستە. ئەو ووزەیەی لە پرۆتین پەیدا دەبێت لە لەش کەمترە لەو ووزەیەی لە کاربۆهیدرات و چەوری پەیدادەبێت بەڵام لەکاتی پێویست پرۆتینی ناو لەش شیدەبێتەوە بۆ دەرپەڕاندنی ووزە وەک کاتی برسیەتی و بەڕۆژووبوون و نەبوونی خواردن بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ، ئەوکات ماسولکەو ئەندامەکان دەتوێنەوە تاوەکو ووزە بدەنە لەش و نەمرێت.
پرۆتین پێکهاتووە لە یەکەیەکی بچووک کە ناوی ترشی ئەمینیە، لەش پێویستی بە زیاتر لە ٢٠ جۆر هەیە لە ترشی ئەمینی و لەمانە ٨ دانەیان لەش هەرگیز ناتوانێت دروستی بکات بەڵکو دەبێت لە خۆراکەوە وەریبگرێت.
پرۆتین دوو جۆری هەیە:
  1. جۆری یەکەمیان پرۆتینی ئاژەڵیە: واتە سەرچاوەکەی لە ئاژەڵەوە دێت وەک گۆشت و هێلکە و ماسی و مریشک و شیر. ئەمانە هەموو ئەو پرۆتینانەی تیایە کە لەش پێویستی پێیەتی.
  2. جۆری دووەمی ڕووەکیە: لە هەندێ لە ڕووەک و میوەو دانەوێڵەدا هەیە، بەڵام هەموو ترشەکانی ئەمینی پێویستی تیا نییە. بەڵام ئەگەر سەوزەو میوەو هەندێ لە دانەوێڵەکان پێکەوە بخورێت ئەوا دەتوانرێ هەموو جۆر لە پرۆتینەکان دابین بکەین، وەک خواردنی برنج و فاسۆلیا و میوەو چەرەزات.
لێرەدا دەبینین ئەوانەی هەر گۆشت ناخۆن پرۆتینی خۆیان دابین دەکەن بەو جۆرە تێکەڵکردنەی کە لەسەرەوە باسمانکرد.
هەر بڕی ئەو پرۆتینەی ڕۆژانە ئادەمیزاد وەری دەگرێت لە پێویستی لەشی زیاتر بوو ئەوا لەگەڵ میزو پاشەڕۆ و ئارەق دێتە دەرەوە چونکە پرۆتین زۆر بەئاسانی داناکرێت (خزن) هەروەک لە خەڵکانی ووڵاتە دەوڵەمەندەکان دەبینین، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانەی لە ووڵاتە هەژارەکاندا دەژین و پرۆتین نیە بیخۆن ئەوا تووشی دوو نەخۆشی زۆر ترسناک دەبن بەناوی (مارازمەس و کوارشیاکۆر - Marasmus, Kwashiorkor) کە لەشیان هیچ گۆشتی پێوە نیە (تەنها پێست و ئێسقانە) و چاوی بێ هێزە یان کۆرەو تووشی پەککەوتنی جگەرو گورچیلە دەبن و دەمرن، هەروەک لە ئەفریقیادا ڕۆژانە لەو بابەتانە دەبینین.
پێویستی لەش بۆ پرۆتین لە مرۆڤێکی ئاسایی دەگاتە ٥٧ گرام بۆ نێرینەو ٤٥ گرام بۆ مێیینە بەڵام لەکاتی نائاسایی وەک دووگیانی و شیرپێدان لەوانەیە بگاتە ٦٠ - ٧٠ گرام لە پرۆتین، هەروەها لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشی وتاو پشێوی ئەو بڕە پرۆتینەی ڕۆژانە زیاد دەکات بە بڕی ١٠ گرام لە ڕۆژێکدا. منداڵ و گەنجیش زیاتر پێویستی بە پرۆتینە چونکە خانەو شانەکانی لەشی لەزیادبووندایە بەبەردەوامی. منداڵێکی تەمەن ٣ مانگ ڕۆژانە پێویستی بە ١٣ گرام پرۆتین هەیە بەڵام منداڵی تەمەن ٤ ساڵ پێویستی بە ٢٢ گرام هەیە، لەکاتی هەرزەکاری و پێگەیشتووی لەبەر زیادبوونی هۆرمۆنەکانی جینسی و گەورەبوونی لەش و ماسولکەکان پێویستی بە بڕێکی زۆر زیادی پرۆتین هەیە. (هەر یەک گرام لە پرۆتین ٤ کالۆری ووزە دەبەخشێت).
چەوری: چەوری لە پرۆتین زیاتر ووزە دەبەخشێت (هەر یەک گرام لە چەوری ٩ کالۆری دەبەخشێت) بۆیە چەوری بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ووزەی لەش دادەنرێت.

کارەکانی چەوری لەلەش

  1. دەوری خانەو شانەکان دەدات و دەیانپارێزێ.
  2. ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە کرداری خوێن گیرسانەوە.
  3. هەندێ ڤیتامین دەگوازێتەوە لەناو لەش وەک ڤیتامینی (ئەی وئی).
  4. هەندێ لە ئەندامەکانی لەش دەپارێزێ وەک گورچیلەکان.
  5. لەژێر پێست کۆدەبێتەوە تاوەکو بیپارێزێ لە سەرما و گەرما و جوانیش دەبەخشێت بە لەش.
  6. بۆ دروستکردنی پەردەی خانەکان.
  7. دەوری دەمارە خانەکان دەدات تاوەکو ئەو کارەبایەی پیایدا تێپەڕ دەبێت نەیەتە دەرەوە.
  8. دروستکردنی ڤیتامینی (دی) لە چەوری ژێر پێست.
  9. هەروەک نوێنەرێکی کیمیاوی بۆ هەندێ لە هۆرمۆنەکانی لەش.

چەوری بەچەند جۆر پۆلێن دەکرێت

چەوری ئاژەڵی: ئەوەیە کەلە گۆشت و هێلکە و شیر و پەنیر دا هەیەو چەوریەکەشی جۆری تێرە و کۆلیسترۆلی تیایە، زۆر خواردنی ئەم جۆرەیان زیانی هەیە بۆ دڵ و بۆڕیەکان و بۆ مێشک و دروستبوونی جەڵتەی دڵ و مێشک.
چەوری ڕووەکی: کە چەوریەکی ناتێرە و کۆلیسترۆلی تیا نیەو هەیە لە زەیتون و چەرەزات و گوڵەبەڕۆژە و هەندێ لە دانەوێڵە.
چەوری لەڕووی پزیشکیەوە دەکرێتە سێ بەش:
چەوری تێر و چەورییەکانی ناتێر و چەوری کۆمەڵی ناتێر.
کۆلیسترۆڵ تاوەکو لەناو لەش بگوازرێتەوە پێویستی بەوە هەیە بار بکرێت لەسەر هەندێ ماددەی تر کە پێیان دەوترێت (لایپۆپرۆتین - Lipo proteins)، ئەمانەش چەند جۆرێکن : هەیانە چڕی بەرزە (HDL) و هەیانە چڕی نزمەو هەیانە چڕی زۆر نزمە (LDL, VLDL)، ئەو دوو جۆرەی دوایی باش نین گەر بڕەکەی لە خوێن زیاد بکات و توشی جەڵتە دەبێت لەگەڵ شێرپەنجەی کۆڵۆن و پرۆستات و منداڵدان و نەخۆشی تریش، بەڵام جۆری چڕی بەرز جۆرێکی باشە گەر لە خوێن زیاد بێت ئەویش بە وەرزش کردن زیاد دەکات. بۆ دابەزینی دوو جۆرە خراپەکە دووبارە وەرزشکردن و خواردنی سەوزە و میوە و کەمکردنەوەی چەوری ئاژەڵی و زیادکردنی چەوری ڕووەکی چارەسەرە بۆی.

ڤیتامین و کانزاکان

لە لەش زۆر جۆریان هەیە پێویستن بۆ دروستکردنی خانەو جێبەجێکردنی کارلێکە کیمیاویەکانی لەش و شیکردنەوەی چەوری پرۆتین و کاربۆھیدرات و دروستکردنی هۆرمۆن و گەیاندنی دەمارە خانەکان و زۆر شتی تر.
ڤیتامینەکان دوو جۆرن: ئەوانەی لە ئاو دەتوێنەوە بریتین لە : ڤیتامین (بی ١، بی٢، بی ٣، بی ٦، بی ١٢، سی، فۆلید ئەسید). ئەوانە لەلەش داناکرێن بۆیە پێویستە ڕۆژانە بخورێت و بەخێرایی لەگەڵ پاشەڕۆکان دێتە دەرەوە، جۆری دووەم: ئەوانە کەلە چەوری دەتوێنەوە بریتین لە ڤیتامین (ئەی، دی، ئی، کەی) ئەوانەن کە کاتی خواردن لەگەڵ ئەو چەوریەی لەو خواردنە دایە دەچێتە لەش و لەش دەتوانێت دایبکات گەر بڕەکەی لە لەش زیاتر بوو لە پێویست.
ڤیتامینی (ئەی وسی وئی) کاری دژە ئۆکسێنەری هەیە ئەمەش مانای ئەوەیە دەتوانێت دژ بە ماددەکانی شێرپەنجە کاربکات و بەرگری لەش بۆ ئەو نەخۆشییە زیاد بکات و تووشی نەبێت.

کانزاکان

ئەو ماددانەن کەوا لەش پێویستیەتی بە بڕێکی کەم زۆربەی بە میلیگرام و مایکرۆگرامەو هەندێکیش بە گرامە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بۆ لەش:
  1. بۆ گەشەی ئێسقان و ددان.
  2. پێکهاتەی خانەکان و چالاکیان.
  3. کارکردنی ئەنزیمەکان و چالاکیان.
  4. گرژی و خاوی ماسولکەکان.
  5. چالاکی دەمارە خانەکان.
  6. خوێن گیرسانەوە.
کانزاکانیش هەیانە کە زۆر پێویستن وەک: کالیسیۆم و کلۆرو مەگنسیۆم و فۆسفۆڕ و پۆتاسیۆم و سۆدیۆم و گۆگرد و ئاسن. هەیانە زۆر بەکەمی پێویستن وەک: کرۆم و مس و فلۆر و یۆدو زینک و سلینیۆم.
ئەو ڤیتامین و کانزایانە سوودی بۆ لەش زۆرە گەر بڕو ڕێژەیان لەناو خوێن و لەش کەم بێتەوە چەندەها نەخۆشی توشی لەش دەبێت لەوانە: کەمی ڤیتامین (سی) دەبێتە هۆی خوێنبەربوون لە پووک و نەرمی ئێسقان و ددان. ڤیتامینی کۆمەڵەی (بی) دەبێتە هۆی تووشبوون بە خاوی ماسولکەو کەمبوونەوەی چالاکی دەمارەکان و مێشک و کەم خوێنی، کەمی ڤیتامین (ئەی) دەبێتە هۆی چاوکزی و نەخۆشی پێست، کەمی ڤیتامینی (کەی) دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، کەمی ڤیتامینی فۆلیک دەبێتە هۆی کەمخوێنی لە ئافرەتان و پشێوی زگماکی لە کۆرپەلە.
بەهەمان شێوە کانزاکان هەریەکەیان کەمیان دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشیەک وەک کەمی کالیسیۆم دەبێتە هۆی نەرمی ئێسقان و خاوی ماسولکەکان و گەشە نەکردنی ددان و شکانی ئێسقانەکان لە تەمەندارەکان بەتایبەتی ئافرەتان. زۆربەی ئەو میوە و سەوزە و دانەوێڵە و خۆراکەکانی تری باسمانکردن لە پێشەوە، یەکێک یان کۆمەڵێک لەو ڤیتامین و کانزایانەی تیایە.

سودەکانی گۆشت و بەکارهێنانی

  1. سەرچاوەی سەرەکی پرۆتینی لەشە.
  2. سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامینی کۆمەڵەی (بی)یە.
  3. سەرچاوەیەکی باشی کانزای کالیسیۆم و فۆسفۆڕ و گۆگرد و کلۆر و سۆدیۆم و پۆتاسیۆم و سلینیۆم و یۆد و کرۆم و فلۆرە.
  4. پرۆتینی ناو گۆشت وەک بەرگریەکە بۆ نەخۆشی و هاوکاری گواستنەوەی ئۆکسجینە بۆ ناو خانەکان.
  5. بۆ دروستکردنی خوێن پێویستە چونکە ئاسن و ڤیتامینی (بی وسی و ترشی فۆلیکی) تیایە.
  6. بۆ دروستکردنی هۆرمۆنەکانی گەیاندنی کارەبای دەمارە خانەکان پێویستە.
  7. بۆ دروستکردنی ترشی ناوکە خانە (DNA) کە سیفەتی بۆماوەیی دەگوازێتەوە لە دایک و باوکەوە بۆ نەوەکان.
  8. کانزاو ڤیتامینەکان بۆ کارلێکە کیمیاوی چالاکی ناو خانەو شانەکان و هەرس کردن و شیکردنەوەی کاربۆهیدرات و چەوری و پرۆتین پێویستە.

گۆشتی مەڕ

  1. چەوری زیاتری تیایە لە گۆشتی گاو چێل و باڵندە و ماسی و کۆلیسترۆلی زیاتری تیایە، بۆ ئەوانەی کەمتر لە ٤٠ ساڵن خواردنی باشە بەتایبەتی ئەوانەی کاروچالاکی ڕۆژانەیان زۆر. ئەوانەی نەخۆشی دڵ و قەڵەوی و شەکرە و شەلەلیان هەیە باش نیە بەکارهێنانی.
  2. واچاکە لە کێڵگە بەخێو بکرێت و پێش دووساڵ تەمەن سەرببڕدرێت.
  3. واچاکە ڕۆژی یەکجار ئەو گۆشتە بخورێت نەوەک دووجار بەتایبەتی ژەمی شێوان.
  4. زۆر خواردنی دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی شاهانە (داء الملوك) چونكە ترشی یوریکی زۆر تیایە.

گۆشتی گا و گوێرەکە و چێڵ

  1. واچاکە ئەوانەی تەمەندارن یان ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و شەکرە و دڵ و بەرزی چەوریان هەیە بەکاری نەهێنن، بەڵکو گۆشتی مریشک بەکاربهێنن کە چەوری کەمترە پاش داکەناندنی پێستەکەی.
  2. لەهەموو تەمەنەکان زۆر بەکارهێنانی گۆشتی ئاژەڵ پەسەند نیە.
  3. زۆر خواردنی دەبێتە توشبوون بە نەخۆشی شاهانە (داء الملوك) چونكە ترشی یوریکی زۆر تیایە.
  4. واچاکە ڕۆژی یەکجار ئەو گۆشتە بخورێت نەوەک دووجار بەتایبەتی ژەمی شێوان.
  5. بۆ ئەوانەی هەڵساونەتەوە لە نەخۆشی واچاکە بکرێتە شۆربا بۆیان تاوەکو بەئاسانی هەرسی بکەن و سوودی لێوەربگرن تاوەکو خانەکانی لەشیان نوێ ببێتەوەو دروست ببێتەوە.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان