شیردان بە منداڵ

شیردان بە منداڵ
شیردان بە مندال

شیر پێدانی منداڵ

شیر دەبێتە پێکهێنەری جەستە، بۆیە ئەو منداڵانەی لەتەمەنی زۆر زوودا شیری ژنێک دەخۆن، بەپێی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەبن بە خوشک و برای شیریی یەکدی، هەربۆیە ڕێیان پێنادرێت هاوسەرگیری لەگەڵ یەک بکەن.
ئەو شیرەی لە ڕۆژانی یەکەمی لەدایکبوونی منداڵدا لە مەمکی دایک دێت پێی دەوترێت ژەک، کە ڕەنگی کەمێک زەردباوە، گرینگییەکەی ئەوەیە کە بڕێکی زۆر دژەتەن لەخۆ دەگرێت، لەمەوە ڕێگری دەکات لە هەوکردن، کە بەتایبەت لە چەند ڕۆژی یەکەمی تەمەنی منداڵدا، بەهۆی تێپەڕینی بە کۆئەندامی زاووزێی دایکەوە و ناوک بڕرانی، ئەگەری تووشبوونی بە هەوکردن هەیە، ئەمە لەکاتێکدا کە هێشتا بەرگریی بەتەواوی بۆ دروست نەبووە و بەو هۆیەشەوە لاوازە، بۆیە زۆر گرینگە منداڵەکە لەو نیعمەتە گەورەیە بێبەش نەکرێت.
بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی - WHO: «بۆئەوەی منداڵی ساوا بە باشترین شێوە گەشە بکات و تەندروست بێت، دەبێت تا تەمەنی شەش مانگیی تەنها و تەنها شیری بدرێتێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا شیردان درێژەی پێبدرێت تا تەمەنی دوو ساڵیی یان زیاتر».
ئەم ڕێنماییە تا ڕاددەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو دەقەی قورئانی پیرۆزدا دێتەوە کە دەفەرمووێت: ﴿وَوَصَّيْنَا ٱلْإِنسَٰنَ بِوَٰلِدَيْهِ إِحْسَٰنًا ۖ حَمَلَتْهُ أُمُّهُۥ كُرْهًا وَوَضَعَتْهُ كُرْهًا ۖ وَحَمْلُهُۥ وَفِصَٰلُهُۥ ثَلَٰثُونَ شَهْرًا﴾ [الأحقاف/١٥].
واتە: «ئامۆژگاریی ئادەمیزادمان کردووە و ڕامان سپاردووە کە چاکە لەگەڵ دایک و باوکیدا بکات، دایکی نۆ مانگ لەناو سکیدا هەڵی گرتووە و بە دەرد و ئازاریشەوە لێی بووەتەوە و بوویەتی، هەڵگرتنی لە سکیدا و لە شیر بڕانەوەی سیی مانگی ڕەبەق دەخایەنێت».
دیاردەیەکی دزێو کە بەداخەوە ئێستا باوی سەندووە ئەوەیە کە هەندێک لە دایکان شیر نادەنە منداڵیان بەناوی ئەوەی سلیکۆنیان بۆ جوانکاریی سینگیان بەکارهێناوە، یان بەبیانووی ئەوەی شکڵی سینگ و جەستەیان دەشێوێت، دەبێت ئەو خانمانە بزانن بەو کارەیان وێڕای ئەو غەدرە گەورەیەی لە جگەرگۆشەکانیان دەیکەن، غەدرێکی ئێجگار گەورە لە خۆشیان دەکەن، چونکە شیردان بە مناڵ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوونی ژنان بە شێرپەنجەکانی مەمک، منداڵدان و هێلکەدان، بەڵام بەو مەرجەی شیردانەکە ساڵێک بخایەنێت، ئەگەرنا ئەو کاریگەرییە لەو ژنانەدا زۆر کەم دەبێت کە کەمتر لەو ماوەیە شیر دەدەن.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی خوانی خۆشەویست صلى الله عليه وسلم