مەی
مەی. |
زیانەکانی مەی هێندە زۆرن لە ژمارە نایەن، لە زۆر بواردان وەک تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ...هتد، سەرەکیترین زیانەکانی بۆ سەر تەندروستیی کۆئەندامە جیاجیاکانی جەستە ئەمانەن:
- مێشک و دەمارەکان: خەوزڕان، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، پەرکەم، مێشکەپووکێ، شەپڵەداری.
- خوێن و سووڕی خوێن: بەرزیی چەوریی خراپ، سستی و جەڵتەی دڵ.
- هەرس: هەوکردنی پەنکریاس، هەوکردن و برین دروستبوون لە (سوورێنچک، گەدە، ڕیخۆڵەکان)، کۆبوونەوەی چەوری لە جگەر و بە مۆمبوونی و سەرەنجامیش پەککەوتنی.
- جومگە: دەردەشا (داء الملوك).
- زایەند و زاووزێ: مەمک گەورەبوونی پیاوان، کەمبوونەوەی هەوەس و توانای زایەندی.
- شێرپەنجە: بەتایبەت هی ناودەم، قوڕگ، سوورێنچک، جگەر، مەمک، ڕیخۆڵە گەورە.
- بەرگری: کەمبوونەوەی بەرگریی جەستە و زیادبوونی هەوکردن.
بەڵام ئێستا مقۆمقۆیەک دروست بووە، ئەویش سوودی مەینۆشییە. لەئەنجامی هەندێک لێتوێژینەوە دەرکەوتووە مەی کۆمەڵێک سوودی هەیە، وەک کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە (نەخۆشیەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، شەکرە)، بەڵام ئەمە تەنها بە مەرجی ئەوەی بە شێوەیەکی مامناوەند بخورێتەوە. ئەوەش دۆزراوەتەوە کە مەی (میزپێکەر - مدرِّر)ە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی کەم ڕژانی هۆرمۆنی (ADH) و بەوەش زیادبوونی میز.
گوایە ئەمە بۆ گورچیلە و بەتایبەت ئەوانەی بەردی گورچیلەیان هەیە باشە، بەڵام ئەگەر ئاوی زۆری لەگەڵدا نەخورێتەوە، سەردەکێشێت بۆ وشکبوونەوە، کە ئەمەش ئەو کێشانەی گورچیلە زیاتر دەکات.
جا وە نەبێت مەسەلەی سوودی مەی شتێکی نوێ ببێت، ئەوەتا چواردە سەدە لەمەوبەر لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿۞ یَسۡـَٔلُونَكَ عَنِ ٱلۡخَمۡرِ وَٱلۡمَیۡسِرِۖ قُلۡ فِیهِمَاۤ إِثۡمࣱ كَبِیرࣱ وَمَنَـٰفِعُ لِلنَّاسِ وَإِثۡمُهُمَاۤ أَكۡبَرُ مِن نَّفۡعِهِمَاۗ﴾[البقرة: ٢١٩].
واتە: «پرسیارت لێدەکەن دەربارەی مەی و قومار، پێیان بڵێ کە لەو دووانەدا گوناهی گەورە و لە هەمان کاتیشدا سوودی دونیایی هەیە، بەڵام زیان و تاوانەکەیان لە سوودەکەیان گەورەترە و بۆ ئەوە ناشێت بەنی ئادەم بۆ سوود و قازانجە دونیاییەکە خۆی تووشی گوناه و سزای ڕۆژی دوایی بکات».
بەم جۆرە زۆر بەڕوونی ئاماژە دراوە بەوەی مەی هەندێک سوودی هەیە، بەڵام ئەوەش وتراوە کە زیان و گوناهەکەی زیاترە، بۆیە ئەگەر مەسەلەی ئاین و ڕۆژی دواییش بخرێتە لاوە و تەنها لە ڕووە تەندروستی و دونیاییەکەوە لێی بڕوانرێت، ناکرێت لەبەر ئەو سوودە کەمە دەست بدرێتە مەینۆشی، چونکە:
- هیچ گەرەنتییەک نییە لەو بڕە زیاتر نەخورێتەوە و نەگەیەنرێت بە ئالوودەبوون. بەتایبەت کە مەی و ماددەکانی تر (هۆشبەرەکان) تایبەتمەندییەکیان هەیە کە پێی دەوترێت (لێڕاهاتن - Tolerance)، واتە دوای ماوەیەک جەستە لەو بڕە ڕادێت کە وەری دەگرێت، ئیتر بۆ ئەوەی هەست بە کاریگەریی بکرێت، دەبێت بڕی زیاتری لێوەربگیرێت.
- هیچ گەرەنتییەک نییە ئەو ئالوودەبوونە سەرنەکێشێت بۆ ئالوودەبوون بە ماددەکانی تر، ئەوەتا دەرکەوتووە خواردنەوەی مەی سەردەکێشێت بۆ بەکارهێنانی ئەو ماددانەی تر و خێراتربوونی لێڕاهاتنیش، بەمەش مەترسیەکانی بۆ سەر تەندروستی زۆر زیاد دەکەن. بەپێی لێتوێژینەوەیەک ٦٥٪ی گەنجانی ئەمریکا مەی دەخۆنەوە و ١.١٪یشیان ماددەکانی تریشی لەگەڵدا بەکاردەهێنن.
- ئەمە مانای ئەوە نییە کە زیانی بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە نییە، بەڵکو بڕی کەمیش زیانی بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە هەیە، بەتایبەت جگەر.
- ئەمە سەرباری ئەوەی لەڕووی ئاینییەوە هەموو بڕێک - با زۆر کەمیش بێت ڕێگەپێدراو نییە، هەروەک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێت:《ما أسْكرَ كثيرُهُ فقليلُهُ حرامٌ》[صحيح النسائي/٥٦٢٣]. واتە: ⸨ئەوەی زۆر لێی سەرخۆش بکات، کەمیش لێی هەر حەرامە⸩.
إرسال تعليق