هێلکە

هێلکە

پێناسەکەی

بریتیە لەو کیسە ووشکەی کەوا هەندێ لە باڵندەو خشۆکەکان بەهۆیەوە زۆر دەبن پاش ئەوەی پلەی گەرمی و شێ و ئاووهەوا بۆی گونجاو دەبێت.

پێکهاتەکەی

لە چوار بەش پێکهاتووە: سپێنە، زەردێنە، ژوورۆکەی هەوا و توێکڵ.
  1. سپێنەکەی (سپێنەی هێلکە): بریتیە لە ماددەکانی چەوری خەست کە ئەمانەی تیایە: لیفیتین و لیستین و فیتالین و کۆلیستڕۆڵ و ئاسن و فۆسفۆڕ (ئەم سپێنەی هێلکە وەک خۆراکێکە بۆ جوجکە پێش تروکانی لەناو هێلکە)
  2. زەردێنە (زەردێنەی هێلکە): ماددەی کانزای ئاسن و فۆسفۆڕ و ڤیتامین (ئەی وسی ودی) تیایە، لەڕووی سەرەوەی زەردێنە سیکلدانۆچکەی تۆ هەیە کە ڕەنگی سپی هەیە و هەر لەوێشەوە کۆرپەلە دەست پێدەکات و گەشە دەکات
  3. ژووری هەوا: ژوورێکی بچووکەو ئەمەش دەکەوێتە لایە گەورەکەی هێلکە، لە کۆنبوونی هێلکە ئەو ژوورە گەورە دەبێت، بۆ زانینی ئەوەی کەوا ئەو هێلکەیە کۆنە یان نوێیە، هێلکەکە دەخەینە ناو کەمێک ئاو و هەندێ خوێی تێدەکەین گەر سەرئاوەکە کەوت کەواتە تەمەنی ئەو هێلکەیە لەنێوان ١٥-٢٠ ڕۆژە، گەر ژێر ئاو کەوت ئەوا تەمەنی لە ١٠ ڕۆژ کەمترە و ژوورەکەی هەوای بچووکە
  4. توێکڵی دەرەوەی: لە ماددەی کالیسیۆم پێکهاتووە و هەندێ کونیلەی داپۆشراوی لەدەورە تاوەکو بەرگری بکات لە چوونە ژوورەوەی بەکتریا، بەڵام ئاوی بەهەڵمبووی ناو هێلکەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، گەر بێت و هێلکە زۆر دەستی لێبدرێت ئەو کونیلانەی تێکدەچێت و زوو بۆگەن دەکات
هێلکە پرۆتینی زۆری تیایە، لە شیر زیاتر ئاسنی تیایە بەڵام کالیسیۆمی کەمتر تیایە.
ڤیتامین (دی) تیایەو کاربۆهیدرات و نیشاستەی کەم تیایە بۆیە بۆ ڕێژیم بەکاردێت.
باشترین ڕێگە بۆ خواردنی هێلکە بریتیە لە کوڵانی بەشێوەیەکی ناتەواو (دەرەمە - البيض البرشت) چونكە هەرسی سوکە، دوای ئەو هێلکەی کوڵاو، دوای ئەویش سوورکراوە (هێلکە و ڕۆن).
هێلکە بۆ منداڵ سوودێکی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ چاو و توانای بینین وەک خۆی دەهێڵێتەوە و سوودی هەیە بۆ تۆڕی چاو.
هەروەها لە سودەکانی هێلکە بۆ مناڵ یارمەتی گەشەی مێشک دەدات هەروەها دەوڵەمەندە بە ئۆمیگا٣ کە یادەوەری بەهێز دەکات.
زەردێنەی هێلکە بۆ منداڵ سوودی زۆر باشی هەیە و باشترە لە پێشدا زەردێنەی بدرێتێ چونکە سپێنەکەی هەندێ جار هەستیاری دروست دەکات.
هێلکە بۆ قژ زۆر باشە یارمەتی گەشەی قژ دەدات و وادەکات قژ زووتر درێژ بێتەوە.
ماسکی هێلکە بۆ قژ یەکێکە لە باشترین ماسکەکان بۆ قژ چونکە هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و ئاسن پرۆتین و کالیسیۆم.
زەردێنەی هێلکە بۆ پێست یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی قڵیشانی پێست و زیادکردنی کۆلاجین و بەکتریا و میکرۆب لەناودەبات.
خواردنی هێلکە بۆ ئافرەتی دووگیان یەکێکە لە باشترین خۆراکەکان بۆ خانمانی دووگیان چونکە هێلکە دەوڵەمەندە بە چەوری و پرۆتین و ڤیتامین و ئاسن و کالسیۆم و فۆسفۆڕ و ئۆمیگا٣، کە یارمەتی گەشەی مێشکی کۆرپەلە دەدات.

سودەکانی توێکڵی هێلکە

خواردنی توێکڵی هێلکە سوودی بۆ جومگەکان هەیە و بۆ چارەسەری ئێسکە نەرمە کە بەهۆی کەمی کالیسیۆمەوە دروست دەبێت و توێکڵی هێلکە کالیسیۆمی زۆر تیایە.

زیانەکانی هێلکە

پێویستە هێلکە کەم بەکاربێت لەم بارانەی خوارەوە:
  1. ئەوانەی جگەریان باش کارناکات و بەردی زەرداویان هەیە
  2. زیادە هەستیاری لە هێلکە
  3. بەرزبوونەوەی کۆلیستڕۆڵی خوێن
  4. هەناسەتەنگی و ڕەبۆی سیەکان
  5. تەسکبوونەوەی بۆڕییەکانی دڵ
  6. هەوکردنی گورچیلە و ووردە بەردی گورچیلە و میزەڵدان
  7. خواردنی هێلکە و مۆز پێکەوە دەبێتە هۆی هەستیاری
  8. هێلکە و شیر پێکەوە دەبێتە هۆی ئازاری گەدەو سکچوون و ئاوسانی سک و هەندێ جاریش هەستیاری پێست
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان