شۆفان

شۆفان بە ئینگلیزی "oats"، شۆڤان یەکێکە لە دانەوێڵە بەناوبانگەکان لە جیهاندا، سودی شۆفان زۆرە و دانەوێڵەیەکی زۆر بەسوودە و چارەسەری چەندین نەخۆشیە و جەستەش لە چەندین نەخۆشی دەپارێزێت.
شۆڤان
سودەکانی شۆفان
بەشی بەکارهاتوو: دەنکەکەی.
ناوەکانی: Oat meal - Groat

مێژوو و سەرچاوەکەی

لە کۆنەوە لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست ناسراوەو ٢٥ جۆری هەیە.
نازانرێ کەی گەیشتۆته ئەوروپاو ئینگلتەرا.
بڕی وزەو توانای خۆراکی کەمترە لە دانەوێڵەکانی تر.

پێکهاتەی شۆفان

پێکهاتەی شۆفان لەمانەی خوارەوە پێکهاتووە:
  • نیشاستەی زۆرو شەکری ٢.٥٪ و گلۆتین و ئەلبۆمینی تیایە
  • پرۆتینەکانی تر ١٢٪
  • چەوری ٥٪
  • کانزای زۆری وەک (فۆسفۆڕو مەگنیسیۆم و کالیسیۆم)
  • ترشی ئەمینی و هەندێ ئینزایم
  • هۆرمۆنی جینسی وەک ئیسترۆجین
  • ڤیتامینی وەک (ئەی وبی١ وبی٢ وبی٦ و ڤیتامینی ئی) تیایە
  • ماددەی (پرۆتیز ئینهیبتر - Protease inhibitors) تیایە کە بەرگری لە سەرهەڵدانی شێرپەنجە دەکات بەتایبەتی ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن

سودەکانی شۆفان و بەکارهێنانی

  1. سەرچاوەیەکی باشە بۆ ڤیتامین (بی٦)
  2. سەرچاوەیەکی چاکە بۆ ڤیتامین (ئی - E) کە ئەویش بەسوودە بۆ شەهوەی جینسی و ڕوونی پێستو بەرگری لە چرچ ولۆچ بوونەوەی
  3. کۆلیستڕۆڵ کەم دەکاتەوە لە خوێن
  4. چونکە ڕیشاڵی زۆرە بۆیە باشە بۆ قەبزی و جوڵەی ڕیخۆڵە
  5. ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە واباشترە نانی شۆفان بخۆن لەجیاتی نانی سپی
  6. ڕێژەی چەوری کەمە بۆیە زۆر خواردنی زیانی نییە
  7. زۆرجار لەگەڵ زەیت و ئارد تێکەڵ دەکراو دەکرا بە خواردنی بەیانیان
  8. بۆ کەم کردنەوەی باوبژو ژانی ڕیخۆڵە بەسوودە
  9. هەرسکردنی سووکە بۆیە باشە بۆ دابەزینی تاو بەرگری لە هەوکردن
  10. شۆربای شۆفان یەکێکە لە شۆربا تەندروست و بەسوودەکان
  11. لەدوای لەدایکبوونیش بەکاردێت وەک خۆراک
  12. تەندروستی دڵ دەپارێزێت
  13. گیراوەی شۆڤان چالاکی دەمارە خانەکان زیاد دەکات بۆیە بۆ چارەسەری پشێوی باشە و ماندووبوون وشەکەتی کەمدەکاتەوە
  14. شۆفان و شیر (شۆفان بە شیر) پرۆتین و وزە بۆ لەش دابین دەکات
  15. شۆفان بۆ منداڵ خۆراکێکی زۆر سوودبەخشە چونکە کانزاو ڤیتامینی زۆری تیایە
  16. ئازاری ئێسقان و جومگە کەم دەکاتەوە بەتایبەتی ئازاری پێیەکان بۆیە وەک ئازار دامرکێنەرەوە بەکاردێت
  17. بۆ نەخۆشی شاهانە بەکاردێت
  18. بۆ چارەسەری زیادە هەستیاری پێست بەکاردێت
  19. کەم کەرەوەی ئاستی شەکرو چەوری خوێنە
  20. هاوکارە بۆ وازهێنان لە خوی جگەرەکێشان
  21. توێکڵەکەی (قەسەرەکەی) بۆ مایەسیری بەکاردێت پاش وشک کردنەوەی، هەروەها بۆ لابردنی ئازاری قاچ
  22. شۆفان بۆ پێست بەسوودە ماسکی شۆفان پێست ڕووناک دەکاتەوە و خانەکانی پێست نوێ دەکاتەوە و کونیلە داخراوەکان دەکاتەوە
  23. دووبارە بەکاردێت وەک هێمنکەرەوەی مێشک و دەمارەکان چونکە کانزای زۆری تیایە
  24. بۆ بەرگری لە شێرپەنجە باشە چونکە ماددەی (Protease inhibitors) تیایە

سودەکانی ماست و شۆفان

خواردنی شۆفان لە کاتێکدا بێت بەسوودە بەڵام ئەگەر لە بەیانیاندا بخورێت باشترە و تەندروستترە بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ شیر یاخود ماست یا هەنگوین تێکەڵ بکرێت و لە ژەمی بەیانیاندا بخورێت ئەوا وزەیەکی باش بۆ لەش دابین دەکات، هەروەها شۆفان بۆ دابەزاندنی کێش (بۆ قەڵەوی) بەکاردێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن لە ژەمی بەیانیاندا شۆفان بخۆن.

شۆفان بۆ زیادکردنی کێش

جگەلەوەی شۆفان بۆ قەڵەوی کاریگەری خۆی هەیە بەهەمان شێوەش دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ زیادکردنی کێشی لەش ئەمەش بە تێکەڵکردنی لەگەڵ هەندێک لە خۆراکەکانی تر وەکو شیر و گۆشت و تەماتە و ماست و ....

زیانەکانی شۆفان

شۆڤان بۆ ئەم کەسانە خراپە:
  1. ئەوانەی حەساسیەتیان هەیە بە شۆفان
  2. ئەو کەسانەی کێشەی هەرسیان هەیە

کوتراوی شۆفان (نخالة الشوفان)

بە ئینگلیزی "Oat bran"، لە ساڵی ١٩٨٠ لە لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوت کەوا شۆفان ڕیشاڵی تواوەی زۆر تیایە بۆیە بۆ دابەزینی کۆلیستڕۆڵ زۆر باشە بەڕێژەی ١٢٪ ڕیشاڵی تواوە هەیە لە سێو و شۆفان و برۆکلی.
بەڵام ڕیشاڵی نەتواوە هەیە لە کەرەوز و توێکڵی گەنم و فاسۆلیا ئەوانەش باشن بۆ بەرگری لە شێرپەنجەی کۆلۆن و مەمک و ملی منداڵدان و هەندێ نەخۆشی تری گەدەو ڕیخۆڵە وەک قەبزی و کیسەی کۆلۆن (Diverticulosis).
ئەم جۆرە خۆراکە لە ڕۆژئاوا بەکارناهێنرێت بۆیە لەو ووڵاتانە شێرپەنجەی کۆلۆن زۆرە، ڕێژەی ئەو نەخۆشییە لە سینیگال لە ئەفریقیا دەگاتە ٠.٦ لە پیاوان و ٠.٧ لە ئافرەتان / ١٠٠٠٠٠ کەس چونکە شۆفان بەکاردەهێنن، بەڵام لە ڕۆژئاوا زۆرە بۆ نموونە لە (کناکتیکت - Connecticut) دەگاتە ٣٢.٣ لە پیاوان و ٢٦.٤ لە ئافرەتان.
تاوەکو ئێستا زانایان نەیانتوانیووە بزانن بە شێوەیەکی زانستیانە هۆی چیە ئەو جۆرە خواردنانە بەرگری لە شێرپەنجە دەکەن، بەڵام دەڵێن گوایە ئەمانە ڕیشاڵ و کانزایان زۆر تیایەو ڕێژەی چەوریشیان زۆر کەمە.
لە ساڵی ١٩٩٠ یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکات کەوا کاریگەری شۆفان لەسەر کەمکردنەوەی چەوری ناو خوێن هەروەک کاریگەری گەنم وایە بۆیە بەکارهێنانی کەم بۆوە، ئەم لێکۆڵینەوە لە گۆڤاری (Journal of the American medical Association) بڵاو کرایەوە.
بەڵام هەر لە ئەمریکا لە زانکۆی (میناسۆتا) لێکۆڵینەوە کراوە و دەریخستووە کەوا شۆفان زۆر زیاتر لە گەنم کۆلیستڕۆڵ دادەبەزێنێ.
خواردنی تەنها ٣ گرام لە شۆفان ڕۆژانە وادەکات چەوری دابەزێنی و ڕێژەی ١٢٪ نەخۆشی دڵ کەم بکاتەوە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی تر کە لە زانکۆی (کنتکی - Kentucky) کراوە لەسەر ٢٠ کەس کە نەخۆشی بەرزی کۆلیستڕۆڵیان هەبوو، بڕێکی زۆریان لە پەلکی شۆفان پێدان بۆ ماوەیەک و کۆمەڵێکی تر لەو نەخۆشانە پەلکی گەنمیان پێدان دەرکەوت ئەوانەی شۆفانیان وەرگرتبوو ڕێژەی کۆلیستڕۆڵیان دابەزی بە ١٢.١٪ بەڵام کۆمەڵەکەی تر کە گەنمیان وەرگرتبوو ڕێژەی چەوریان دانەبەزی.
توێکڵی شۆفان ماددەی وای تیایە وەک (Phytates) کەوا ناهێڵێت ئەو هۆرمۆنانەی هاوکاری دروست بوونی شێرپەنجەن زیاد بکات بۆیە وەک بەرگریەک لە پێش توشبوون بە شێرپەنجە دادەنرێت.
ئەوەی گرنگە نابێت شۆفان بە بڕێکی زۆر بخورێت لەیەک کاتدا بەڵکو پێویستە بە بڕی کەم بخورێت و لەسەرخۆ بڕەکەی زیاد بکرێت چونکە دەبێتە هۆی قورسی گەدەو دروستبوونی باوبژو ئازار.