ڕیشاڵەکان

ڕیشاڵ بە ئینگلیزی 'Fiber'، ڕیشاڵ جۆرێکی کاربۆهیدراتە و لە میوەکاندا هەیە وە یارمەتی هەرس و ڕیخۆڵەکان دەدات و بەگشتی سوودێکی زۆری هەیە.
ڕیشاڵەکان
ڕیشاڵ و سودەکانی

ڕیشاڵەکان

ڕیشاڵە خۆراکیەکان بریتین لەو کاربۆهیدراتانەی لە ڕووەکەوە وەردەگیرێن، کە بە پێچەوانەی کاربۆهیدراتەکانی تری وەک شەکر و نیشاستە لە ڕیخۆڵە باریکەدا هەرس نابن

جۆری ڕیشاڵەکان

ڕیشاڵەکان دوو جۆرن
  1. ڕیشاڵی تواوە: لە ئاودا دەتوێتەوە و بەوەش ئاوێتەیەکی لینج دروست دەکات، وە گرنگترین سەرچاوە خۆراکییەکانی بریتین لە : پاقلەمەنییەکان، شۆفان، تۆی چیا (chia seeds، جۆ، میوەکانی وەک (هەنجیر، ئەڤۆکادۆ، توو، هەڵووژە، مۆز، سێو، هەرمێ) هەروەها سەوزەکان وەکو (برۆکلی، گێزەر، پەتاتە، پیازگوێز و بادەم
  2. ڕیشاڵی نەتواوە: ناتوێتەوە، گرنگترین سەرچاوە خۆراکییەکانی: دانەوێڵەی ســپینەکراو، پاقلەمەنییەکان، گوێز، قەرنابیت، کەرەوز، ئەڤۆکادۆ، توێکڵ (بەتایبەت هی کیوی، ترێ و تەماتە)
وەک تێبینی دەکرێت هەندێک لە بەرهەمە خۆراکییەکان هەر دوو جۆر ڕیشاڵیان تێدایە، ئینجا زۆربەی ئەو ڕیشاڵەی لە سەوزە و میوەکاندایە، لە توێکڵەکانیاندایە، بۆیە ئەگەر پاک بکرێن و توێکڵیان لێبکرێتەوە ئەوە زۆربەی ئەو ڕیشاڵانەیان لەدەست دەدەن.

گرنگترین سوودی ڕیشاڵەکان

  1. ڕێگریکردن لە قەبزی: کۆئەندامی هەرس لەبەرئەوەی ناتوانێت هەرسیان بکات، هەوڵ دەدات بەزووترین کات لە کۆڵیان بکاتەوە، بەوەش قەبزی نامێنێت
  2. کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چەوریی خوێن
  3. کۆنتڕۆڵی کێشی لەش: ڕیشاڵەکان دەبنە هۆی خاوکردنەوەی تێپەڕینی خۆراک لە گەدەوە بۆ ئەندامەکانی دیکەی هەرس، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی درێژتر هەست بە تێری بکرێت و کەمتر بخورێت
  4. کۆنتڕۆڵی شەکری خوێن: ئەو خۆراکانەی ڕیشاڵی زۆریان تێدایە، ئاستی شەکریان نزمترە، هەر وەک ڕیشاڵ دەبێتە هۆی دواکەوتنی هەرسبوونی خۆراک، بەوەش شەکری خوێن هێدی هێدی بەرز دەبێتەوە
  5. پێشگرتن لە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە گەورە: خواردنی ڕۆژانەی ١٠ گرام لە ڕیشاڵ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە گەورە بە ڕێژەی ١٠٪ کەم دەکاتەوە
بەهۆی ئەو سوودە زۆرانەیەتی بۆ تەندروستی کە (دەزگای خۆراکناسیی بەریتانی) و زۆر ناوەندی زانستیی تریش ڕێنمایی ئەوە دەدەن کەسانی هەراش ڕۆژانە ٣٠ گرام ڕیشاڵ وەربگرن، کەچی لە واقیعدا بەتێکڕایی ١٨ گرام (واتە نزیکەی نیوەی بڕی پێویست) وەردەگرن، جا کاتێک بڕی پێویست وەرناگرن و بەهۆیەوە تووشی کێشەی تەندروستی دەبنەوە، پزیشکان لەو حەبانەیان بۆ دەنووسن کە لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمانەوە لە کەپەکی دانەوێڵەکان دروست دەکرێن، واتە ئەو کەپەکەی خەڵکی لە دانەوێڵەی دەکەنەوە و فڕێی دەدەن، لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمانەوە بۆیان دەخرێتە ناو کەپسوول و ئەوانیش بە پارە دەیکڕنەوە!
یەکێک لە کێشە زۆر باوەکانی تەندروستی لەم سەردەمەدا کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە خەڵکی بەدەستییەوە دەناڵێنن، (کۆنیشانەی ڕیخۆڵە گەورەی ورووژاو)، یان وەک دەڵێن (قۆڵۆن)ە، کەسانی تووشبوو خۆیان دەزانن کە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان پەیوەندییەکی بەهێزی بە خۆراکەوە هەیە، جا پرسیار ئەوەیە ئایا ڕیشاڵ بۆیان باشە یان نا؟ بەر لەهەر شتێک دەبێت بزانرێت کە ئەو حاڵەتە دوو جۆری هەیە، لە یەکێکیاندا سکچوون باوە و لەوی دیکەشیان قەبزی، جا لە جۆرەکەی یەکەمدا وا باشە کەسەکان بڕی ڕیشاڵ وەرگرتنیان کەم بکەنەوە، بەڵام لەوەی تردا وا باشە قۆناغ بە قۆناغ بڕی ڕیشاڵ لە سیستەمی خۆراکییان زیاد بکەن، بەهۆی ئەوەش کە ڕیشاڵی نەتواوە غازات و قۆڕەقۆڕی سک زیاد دەکات، وا باشە ڕیشاڵی تواوە بخۆن نەک هی نەتواوە.
گرنگترین سەرچاوەی خۆراکیی ڕیشاڵەکان بریتییە لە سەوزەکان.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی خوانی خۆشەویست صلى الله عليه وسلم