پەتاتە

پەتاتە بە کوردی "سیڤ"، و بە عەرەبی "بطاطا"، پەتاتە یەکێکە لەو خۆراکانەی کە لە تەواوی جیهاندا بەکاردێت ئەمەش لەبەر تامە خۆشەکەی و سوودە تەندروستیەکانی.
پەتاتە
سودی پەتاتە
بەشی بەکارهاتووی پەتاتە: بریتییە لەو بەشەی لە ژێر زەوییەو ڕەگەکەیەتی.

مێژوو و سەرچاوەی

لە ئەمریکای خواروو بەتایبەتی پیرۆ یەکەم سەرچاوەیەتی و زۆر بەربڵاوەو بەکاردێت، لە ووڵاتانی ڕۆژئاواش بە کوڵاوی و یان بە سوورکراوەیی لەگەڵ زۆربەی خواردنەکان بەکاردێت، بەتایبەتی لەگەڵ گۆشتی سوور و سپی، لە ئەمریکاش بە هەمان شێوە زۆر بەکاردێت بەگشت شێوەکانییەوە.
یەکەم جار پەتاتە لە ئەمریکا ناسرا بەهۆی داگیرکەرانی ئیسپانیەوە بەتایبەتی سەرکردە (فرەنسیسکۆ ببیزار) کاتێ ووڵاتی پیرۆی داگیرکرد لەساڵی ١٥٣٧.
لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاوبۆوە کاتێ هەندێک پەتاتە گەیشتە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، لەو کاتەی بەڕێوەبەری یەکێک لە باخچەکان دەستی کرد بە چاندنی و بەکارهێنانی وەک خواردن و هەندێکیشی کردە دیاری بۆ زانایانی ڕووەکناسی تاوەکو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن ئەمەش لەساڵی ١٥٨٨ بوو.
زۆری بڵاوبوونەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٤٤ کاتێ ئیمپراتۆری ئەڵمانیا (فریدریکی گەورە) فەرمانی دا بەگشت کیشاوەرزەکان بە چاندنی پەتاتە، هەرئەمەش بوو وای کرد ئەڵمانیا ببێتە یەکەم ووڵات لە ناردنە دەرەوەی پەتاتە بۆ جیهان، پەتاتە لە ئەڵمانیاوە گەیشتە فەڕەنسا بەهۆی یەکێک لە بەندکراوەکانی فەڕەنسی بەناوی (بارمونتیە) کە لە کاتی فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆری ئەڵمانیا (فریدریکی گەورە) بەند کرابوو، لەوێ پەتاتەیان پێدابوو وەک خۆراک، ئەویش کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ خۆی بردی بۆ مەلیکی فەڕەنسی (لویسی شانزەهەم)، بەهەمان شێوە پەتاتە لە ئاسیاو ئەفریقا بڵاوبۆوە، ئێستا نزیکەی ٢٠٠٠ جۆری هەیە لە جیهاندا.
وا چاکترە پەتاتە بە گەڵاوە بکرێتە خۆراک چونکە ئەو چینەی ژێر گەڵاکەی بڕێکی زۆری ڤیتامین (سی - C) و کانزای تێدایە.

چاندنی پەتاتە

پەتاتە بە سەلک یاخود بە تۆو دەچێنرێت، بەڵام لە جیهاندا بەزۆری بە سەلک دەچێنرێ، لە دوو وەرزدا پەتاتە دەچێنرێ لە وەرزی بەهار و وەرزی پایز، بەڵام لە ناوچە گەرمەکان دەتوانرێت بە درێژایی ساڵ بچێنرێت، و لە کوردستانی عێراقدا وەرزی چاندنی پەتاتە لە سەرەتایی مانگی نۆ دەستپێدەکات.

پێکهاتەی پەتاتە

  • ئاو ٧٥٪
  • نیشاستە ٢٠٪
  • پرۆتین ٢٪
  • خوێی کانزایی ١٪
  • کالیسیۆم
  • پۆتاسیۆم
  • ئاسن
  • ڤیتامینەکانی A,B,C
تێبینی: هەرکاتێک پەتاتە خاڵی سەوزی لەسەر دیار کەوت ئەو خاڵانە بتاشن و لایدەن چونکە ماددەی (سۆلانین)ی تیایە کە ژەهرە بۆ مرۆڤ.

سود و زیانەکانی پەتاتە

سودەکانی پەتاتە و بەکارهێنانی

  1. خواردنێکی زۆر بەسوودە بۆ ئەوانەی نەخۆشی برینداری گەدەیان هەیە (قرحة المعدة)، چونکە ترشی گەدە دەمژێت، هەروەها نیشاستەی ناو پەتاتە وا دەکات ببێتە بەربەستێک لەبەردەم گەیشتنی ترشی گەدە بۆ سەر شوێنی برینەکە، لەهەمان کاتدا بەرگری دەکات لە بەکتریای ناو گەدە (Helicobacter pylori) تاوەکو برین دروست نەکات
  2. میزکردن زیاد دەکات و بەردی گورچیلەش ورد دەکات
  3. پەتاتەی کوڵاو هۆکارێکی چاکە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی کۆلۆنی (هەوکردنی کۆلۆن - Irritable Bowel Syndrom)
  4. هێورکردنەوەی دەماخ و مێشک بەهۆی بوونی ڤیتامینی (کۆمەڵەی ب)
  5. بەکاردێت بۆ چارەسەری دەنکۆلەی گەنجی (حب الشباب - Acne) بە دانانی لەسەر دەموچاو
  6. پەتاتە بۆ پێست سوودێکی زۆری هەیە، گوشراوەی پەتاتە یان ماسکی پەتاتە لەسەر پێست دادەنرێ بۆ ماوەی چەند رۆژێک بۆ چارەسەری سووتانەوەو ڕۆژ بردن
  7. بەکاردێت بۆ لابردنی باو بژ.

زیانەکانی پەتاتە

زیانەکانی زۆر خواردنی پەتاتە:
زۆر خواردنی پەتاتە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، بەپێی توێژینەوەیەک کەلە ژاپۆندا کراوە دەرکەوتووە، زۆر خواردنی پەتاتە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم زیاتر دەکات.
  1. تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە
  2. لەبەرئەوەی پەتاتە ڕێژەیەکی زۆری نیشاستە و کاربۆهیدراتی تیایە دەبێتە هۆی غازات
  3. زیادکردنی کێشی لەش
  4. زیادکردنی ڕێژەی شەکر لە خوێندا
  5. پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە
  6. دروستبوونی بەردی گورچیلە
  7. ئازاری گەدەو کێشەی هەرس

جۆرەکانی پەتاتە

پەتاتە نزیکەی ٢٠٠٠ جۆری هەیە لە جیهاندا
  • پەتاتەی شین
  • پەتاتەی ئاڵتونی
  • نورلاندی سوور
  • پەتاتەی ئەرخەوانی یا وەنەوشەیی
  • پەتاتەی ئاڵتونی سوور
  • پەتاتەی هلال
  • پەتاتەی یابانی
  • پەتاتەی شیرین