ڕەگی بەلەک

ڕەگی بەلەک
ڕەگی بەلەک - مێکوک.
بەشی بەکارهاتوو: ڕەگەکەی (الجذور - Rhizomes).
گیای بەلەک بە ئینگلیزی "Licorice"، و بە عەرەبی "سوس" یا "عرقسوس".

مێژوو و سەرچاوەکەی

دەگەڕێتەوە بۆ هەمان خێزانی ڕووەکی فاسۆلیا و پاقلە و بەزالیا و نۆک (Loguminose).
ئێستا لە پیشەسازی بنێشت و جگەرە و شیرنەمەنی و گیراوە گازیەکان و هەویری ددان و سابون و شامپۆ بەکاردێت.
ئێستا بەزۆری لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیا و ئیسپانیا و تورکیا و یۆنان و هیندستان و ئیتاڵیا و عێراق دەچێنرێ. شوێنی گەرمی دەوێت و ١٠٠٠ مەتر کەمتر بەرز بێ.
گیای بەلەک یاخود سوس لەکاتی فەرمانڕەوایی پاشای چینی (ساینگ شن نونگ) کە ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایینی بووە و بەکارهاتووە و بە ڕووەکە بەناوبانگەکە ناسراوە و مێژوونووس (بان تسۆ شینگ) بەناوی ڕووەکە پلە نایابەکە ناوی بردووە.
زانایانی شوێنەوارناسی یەک دەسکیان لەو ڕووەکە لەناو گۆڕی (توت ئامۆن) ی پاشای میسر دۆزیوەتەوە.
لەسەردەمی ئەگریکەکانیش پزیشک (ئەبۆکرات) بەکاری هێناوە بۆ کۆکە و هەناسەتەنگی و لە یۆنان ناونرا ڕەگە شیرینەکە (Glukos riza)، هەربۆیە ناوی زانستی بووە (Glycyrrhiza). دوایی ڕۆمەکان ئەو ناوەیان گۆڕی بە لیکۆریتا، ئێستا ناوە بیانیەکەی بۆتە (لیکۆریس - Licorice).
پلینی زانای ڕووەکناسی دەڵێ : سوس ناسراوە بە بەڵغەم لابەر و هێمنکەرەوەی گەدە.
زانا دیسقۆردیس سوسی بەکارهێناوە بۆ نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە و هەرس کردن.
پزیشکی هیندی کۆن سوسیان بەکارهێناوە بۆ لابەری بەڵغەم و زیادکردنی میز و زیادکردنی چالاکی بێ نوێژی ژنان.
لە سەدەی دوانزەمەوە تاوەکو سەدەی پانزەم سوس بەکارهاتووە لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی سی و دڵ و گەدە.
لە سەدەی حەڤدەمیش زانای ئینگلیزی (نیکۆلاس کولبابر) سوسی بەکارهێناوە بۆ چارەسەری کۆکە و دەنگ کەوتن و هەناسە تەنگی و سیل و سووتانەوەی میز و نەخۆشی مەمک.
کاتێ ئەوروپیەکان گەیشتنە ئەمریکا بینییان کەوا خەڵکە سەرەکیەکە چایەک دەخۆنەوە لە سوس ئامادەکرابوو بۆ نەخۆشیەکانی سیەکان و قەبزی و ئازاری گوێچکە.
لەسەدەی نۆزدەمەوە ئەوروپیەکان سوسیان بەکارهێنا بۆ نەخۆشی (هیستریای ئافرەتان) کە لەکاتی کەوتن لە بێ نوێژی توشی دەبن و نیشانەی زۆری هەیە وەک لەش گەرمی و سووربوونەوەی دەم و چاو و پشێوی و خەمۆکی و شتی تر.
هەروەها چینییەکان بەکاریانهێناوە بۆ شێرپەنجە و هاوسەنگی مێشک و دەروون.
بەکاردێت بۆ زیادکردنی ڕژێنەی سەر گورچیلە (Adrenal gland) و چارەسەری نەخۆشی (ئەدیسۆن - Addisons Disease).
سوس هۆرمۆنی ئافرەتان زیاد دەکات بەمەش لە بێ نوێژی کەوتن دوادەخات و چالاکی هێلکەدانیش زیاد دەکات بۆ هێلکە دروستکردن.
پزیشکە عەرەبەکانیش وەک (ئیبن سینا) سوسیان زۆر بەکارهێناوە وەک زانایانی تر و بەزیادەوەش وەک چارەسەری شێرپەنجەو هەوکردن و برین و سووتانەوە و کەڕوو و نەخۆشیەکانی چاو. هەروەها زانای عەرەب (داود ئەنتاکی) لە کتێبەکەیدا (تذكرة أولي الألباب والجامع للعجب العجاب) باس لە بەکارهێنانی سوسی کردووە بۆ زیادکردنی چالاکی هێلکەدانی ئافرەت و مایەسیری و هەناسە تەنگی و ئازاری جگەر دەکات، بەڵام لەلایەکی ترەوە زیانی هەیە بۆ ئاوی پیاو و کرداری ڕەقبوونی ئۆرگانی نێرینە.

پێکهاتەی ڕەگی بەلەک (سوس)

  • شەکری جۆراوجۆر.
  • ماددی قەبزی.
  • فلافۆنیدات.
  • گلایسریریزین.
  • ترشی گلیسیرزتینک.
  • هۆرمۆنی ئیسترۆجینی ڕووەکی.

سودەکانی پزیشکی ڕەگی بەلەک

  1. هەروەک لە ناوە یۆنانیەکەیدا هاتووە کەوا بریتیە لە (ڕەگی شیرین)، سوس ٥٠ جار لە شەکر شیرین ترە. بۆیە بەکاردێت بۆ تام خۆشکردنی زۆربەی گیراوەو هەویری ددان و شیرنەمەنیەکان و خۆراک و شیرەمەنی (الألبان) و سابون.
  2. بۆ چارەسەری کۆکەی ووشک و هەڵامەت باشە چونکە ترشی گلیسیرزتینک تیایە.
  3. بۆ برین و قورحەی گەدە باشە بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراوە لە هۆڵەندا و ئەمریکا و لە گۆڤارەکانی پزیشکی بڵاوکراوەتەوە. بەراوردی گیراوەی سوس و حەبی تەگامیت کرا بۆ چارەسەری برین و قورحەی گەدە و دوانزەگرێ دەرکەوت حەبی تەگامیت باشترە بۆ چارەسەری گەدە و گیراوەی سوسیش باشترە بۆ ئەوەی دوانزەگرێ. پاش لابردنی ماددەی گلایسریریزین دەرکەوتووە کەوا گیراوەی سوس لە سمتدین باشترە بۆ برین و قورحەی گەدە و ڕیخۆڵە بەگشتی پاش ئەوەی تاقیانکردەوە لەسەر ٨٧٤ نەخۆش بۆ ماوەی ١٢ هەفتە. پاش ئەوەی دەرکەوت کەوا برین و قورحەی گەدە هۆیەکەی بەکتریایەکە بەناوی (هەلیکۆباکتەر) زانایانی ئەمریکی چیتر سوسیان بەکارنەهێنا بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیانە بەڵام لە ئەوروپا تاوەکو ئێستا بەکاردێت لەگەڵ هەندێ دەرمانی تر.
  4. بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕۆماتیزم و ئازاری جومگە بەکاردێت چونکە ترشی غلسیرینی تیایە.
  5. بۆ چارەسەر و هەوکردن و برینی ناو دەم، پاش بەکارهێنانی بۆ ماوەی ٢-٣ ڕۆژ. ئەم لێکۆڵینەوەش کرا لە هیندستان و دەرکەوت کەوا ٧٥٪ی نەخۆشەکان سوود دەبینن.
  6. بۆ چارەسەری هەوکردنی ڤایرۆسی (هیرپس - Herpes Simplex) باشە ئەویش لە ڕێگەی دەردانی ماددەی (ئینترفیرۆن - Interferon) کە توشی ئۆرگانەکانی زاوزێ دەبێت و زیانی بۆ کۆرپەلەش هەیە (ئەم نەخۆشیە لە ئەوروپا زۆرە).
  7. بۆ چارەسەری نەخۆشی (هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری سی - Hepatitis C) باشە. ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ژاپۆن کرا لەسەر ٤٥٣ نەخۆش کە ١٠٠ س س گیراوەی سوسیان وەرگرت لەیەک ڕۆژدا بۆ ماوەی ٢ مانگ، پاشان هەفتەی دووجار بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەرکەوت کەوا ئەوانەی سوسیان وەردەگرت تەنها ١٢٪ توشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر بوون و ئەوانەی سوسیان وەرنەدەگرت ٢٥٪ توشی شێرپەنجەی جگەر بوون. لە هیندستان هەمان جۆر لێکۆڵینەوە کرا لەسەر بەکارهێنانی سوس بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیە دەرکەوت ئەوانەی سوس وەردەگرن بەڕێگەی خوێن (IV) بە بڕی ٤٠ س س ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ، دوای ١٠٠ س س هەر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بۆ ماوەی ٢ مانگ، ئەوانەی سوسیان وەرگرتبوو ڕێژەی مانەوە تیایاندا گەیشتە ٧٢٪، بەڵام ئەو کۆمەڵەی سوسیان وەرنەگرتبوو وەک چارەسەر ڕێژەی مانەوە تیایاندا ٣١٪ بوو. ئەو دەرزییەی بەکارهات بۆ ئەم لێکۆڵینەوە بریتی بوو لە (Stronger neomicrophagen C). لەو لێکۆڵینەوانە دەرکەوت کەوا سوس زۆر بەهێزە لە کوشتنی ڤایرۆس بۆیە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشی ئایدز و ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر.
  8. زۆر لە لێکۆڵینەوەکانیش دەریانخستووە کەوا سوس بۆ هەوکردنی بەکتیری باشە بەتایبەتی دژی (Streptococci & Stahpelococci)، هەروەها دژی کەڕوو بەتایبەتی ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئەندامی زاوزێی مێینە، بۆ پاککردنەوەی برینیش باشە.
  9. بۆ کەم کردنەوەی نیشانەکانی نەمانی بێ نوێژی بەکاردێت و لێکۆڵینەوە لە پۆڵەندا و ئەمریکا کراوە لەسەر ئەم بابەتە دەرکەوتووە ئەوانەی گیراوەیەکی تێکەڵاو لە سوس و ڕەگی پەتاتەی شیرینی کێوی (Wild Yamroot) و گیای فریشتەی چینی ( Chiness Angelica) و گیای دایک (Mothers wort) ڕۆژێ ٣ جار بۆ ماوەی ٦ مانگ نیشانەی ئەو نەخۆشیەیان نەماوە ١٠٠٪.
  10. لەبەر بوونی هۆرمۆنی (فایتۆئیسترۆجین) تیایدا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی زاوزێ لە ئافرەت و کەمکردنەوەی نیشانەکانی لە بێ نوێژی کەوتن و گەنجکردنەوەی ئافرەت باشە.
  11. لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کەوا سوس ماددەی (کۆمارین - Coumarins بۆیە خوێن شل دەکاتەوە و دژی جەڵتە و مەینی خوێنەو بۆ نەخۆشی دڵ و ئیفلیجی مێشک باشە. ئەو ماددەیە لە کەرەوز و لیمۆشدا هەیە.
  12. ترشی گلیسیرین قەبارەی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە لە مێشکدا.
  13. گەشەی شێرپەنجە ڕادەگرێت بەهۆی بوونی ماددەی (تایترپینۆد - Titerpenoids) چونکە هۆرمۆنی ستیرۆیدەکان تێکدەشکێنێ کە هۆکارێکی تووشبوونی شێرپەنجەیە.
  14. ماددەی فینۆلی تیایە بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی بەکاردێت، هەروەها بۆ بەرگری لە ڕەشبوونی ددان بەکاردێت.

زیانەکانی ڕەگی بەلەک

زیانەکانی زۆر بەکارهێنانی سوس :
گێڕانەوەی ئاو بۆ ناو لەش (چونکە کاریگەری هۆرمۆنی ئەلدۆستیرۆنی) هەیە، بەمەش پەستانی خوێن زیاد دەکات و قاچەکان دەهاوسێن و پەستانی ناو چاویش زیاد دەکات بۆیە بۆ ئەوانەی شەکرەو پەستانی خوێن و نەخۆشی دڵ و دووگیانی و ئافرەتی شیر دەر باش نیە. بەڵام زانایان توانیویانە کەوا ئەو ماددەی گلایسریریزینەی وا دەکات ئاو کۆببێتەوە لە لەش لایبەرن و ماکە خراپەکەی نەمێنێ.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان