پرۆتین

پرۆتین
پرۆتین چیە.

سودەکانی پرۆتین

پڕۆتین ڕۆڵی گەورەی هەیە لە پێکهاتەی ئەندامەکانی جەستە و فرمانەکانیاندا، گرینگترین ئەو ماددانەی لە پڕۆتینن، هەروەها فرمانەکانیان، ئەمانەن:
  1. ئەکتین و مایۆسین: پێکهاتە و کرژبوون و خاوبوونەوەی ماسوولکەکان.
  2. وەرگری سەر پەردەی خانەکان (Receptor): کۆنترۆڵکردنی چوونە ناو خانەکان و دەرچوونی ماددە و پەیامەکان.
  3. کیراتین: پێکهاتەی پێست و موو و نینۆک.
  4. دژەتەن: بەرگری.
  5. هیمۆگلۆبین: گواستنەوەی ئۆکسجین لەنێو خوێندا.
  6. ئەنزیمەکان: هەرس و کارلێکەکان.
  7. فایبرینۆجین: خوێن مەیین.
  8. ئەلبوومین: گواستنەوە لەناو خوێن و پاراستنی هاوسەنگیی شلە تێیدا.
ئەمانە هەموویان نین بەڵکو تەنها سەرەکییەکانیانن.
بەم جۆرە پڕۆتین ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەیە لە جەستەی مرۆڤدا، بۆیە ئەگەر بێت و وەک پێویست لە لەشدا نەبێت، تەندروستی دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەردی بینای پڕۆتین ترشە ئەمینیەکانن، کە بیست جۆری سەرەکین، ئەگەرچی جەستەی مرۆڤ دەتوانێت زۆربەیان بەرهەم بهێنێت، بەڵام لە تواناییدا نییە هەندێکیان بەرهەم بهێنێت، بۆیە دەبێت لەڕێی خواردنەوە وەریان بگرێت. بڕی پێویستیی پڕۆتین بەدرێژاییی تەمەنی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا دێت، (دەستەی ئەورووپی بۆ سەلامەتیی خۆراک) ڕێنماییی ئەوە دەدات کە پێویستە کەسانی هەراش ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە بۆ هەر کیلۆگرامێک لە کێشیان ٠,٨٣ گرام پڕۆتین وەربگرن (بۆ نموونه ڕۆژیی ٥٨ گرام بۆ گەنجێک کە کێشی ٧٠ کیلۆگرام بێت). لەبەرئەوەی پڕۆتین پێویستە بۆ گەشەی خانە و شانەکان، دەبێت بەتایبەتی لە قۆناغەکانی منداڵی، هەرزەکاری، دووگیانی و شیردان، ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە بڕی پێویستی لێوەربگیرێت، بەڵام وەرگرتنی پڕۆتینی زیاد لە پێویستیش زیانی هەیە، بەپێی بڵاوکراوەیەکی (ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ لێتوێژینەوە لەسەر شێرپەنجە) کە ساڵی ٢٠١٥ بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی لێتوێژینەوەیەک کە ٢٢ پسپۆڕ لە ١٠ وڵات ئەنجامیان داوە، گەیشتوون بەچەند ئەنجامێک کە ئەمە پوختەکەیەتی:
⟪هەندێک بەڵگە بەدەستەوە هەن کە دەری دەخەن گۆشتی سوور دەبێتە هۆی شێرپەنجە، بۆیە ئەو جۆرە گۆشتە بەوە دادەنرێت کە (ڕەنگە شێرپەنجەخەرەوە) بێت، ئامادەکردنیشی بە گەرمیی زۆر ئەو ئەگەرە زیاتر دەکات، ئەو جۆرەی شێرپەنجەیەی کە بەهێزترین پەیوەندیی بە گۆشتەوە دۆزرابێتەوە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە گەورەیە، هەر وەک هەندێک پەیوەندیی بە شێرپەنجەکانی پەنکریاس و پرۆستاتیشەوە دۆزراوەتەوە. پێدەچێت ساڵانە ٥٠ هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی گۆشتی سوورەوە بمرن. ئەو مەترسییەش بەپێی بڕی گۆشتەکە زیاد دەکات، بۆ نموونه ئەوانەی هەموو ڕۆژێک ١٠٠ گرام گۆشت دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە گەورە ١٧٪ زیاد دەکات⟫.
ئەوە نییە تازەکی بزانرێت گۆشت زۆر خواردن زیانی هەیە، ئەوەتا ئیبن قەییم ئەو کات وتوویەتی:
«نابێت بەردەوام بن لەسەر گۆشت خواردن، چونکە چەندین نەخۆشیی خوێن و تای گەرم دەخاتەوە. عومەری کوڕی خەتاب (خوا لێی ڕازی بێت) دەڵێت: دووربکەونەوە لە گۆشت چونکە وەک مەی زیانی هەیە. (هیپۆکرات)ـیش دەڵێت: ناوسکتان مەکەن بە گۆڕستانی ئاژەڵان» [زاد المعاد، ص٣٥٢].

سەرچاوەی پرۆتین

ئەو سەرچاوە خۆراکییانەی پڕترینن لە پڕۆتین بریتین لە:
- بەرهەمە ئاژەڵییەکان: گۆشتی ئاژەڵ، سینگی مریشک، گۆشتی قەل، ماسی، هێلکە، شیر و ماست.
- بەرهەمە ڕووەکییەکان: نیسک، پاقلەمەنییەکان، برۆکلی، شۆفان، بادەم، فستق، گوێز، کونجی، ناوکە کوولەکە و گوڵەبەرۆژە.
قانعی شاعیر زۆر نەبوون بووە، عادەتیشی وا بووە خشتەی ژەمە خۆراکەکانی لەسەر تابلۆیەک نووسیوە و بە دیواردا هەڵی واسیوە.
ڕۆژێک پیاوێک لە دوورەوە سەری لێدەدات، ئەویش بۆ نیوەڕۆ دەیباتە ماڵەوە.
کابرا لەسەر تابلۆی سەر دیوارەکە ئەوە دەخوێنێتەوە کە خوانی ئەو ڕۆژە (دوو هێلکە و نانێک)ە، دەموچاو دەدات بەیەکدا و دەڵێت: ئەمەیە نانی نیوەڕۆ؟!، ئەویش دەڵێت: کاکە تۆ بۆ ناڕەحەت بوویت؟! من دەبێت ناڕەحەت بم کە ئەمڕۆ دەبێت یەکێک لە هێلکەکان بدەم بە تۆ!.