برۆکلی

برۆکلی یەکێکە لە سەوزە زۆر بە سوودەکان بۆ تەندروستی لەش، لەبەر دەوڵەمەندی بە ڤیتامینەکان و ڕیشاڵەکان و دژە ئۆکسانە، کە خانەکانی لەش دەپارێزێت لە شێرپەنجە.
برۆکلی
سوودەکانی برۆکلی
لەم سەردەمەدا برۆکلی بۆتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ناو سەوزەکان، لەبەر بوونی ژمارەیەکی زۆری پێکهاتەی کیمیاوی تیایدا کەوا بەرگری لە تووشبوون بە نەخۆشی دەکەن، دوو توێژەرەوەی ئەمریکی بەناوی (جۆن.ج. میکنۆڤیز و لیۆن براد لۆ) لە پەیمانگای توێژینەوەی هۆرمۆنەکان لە نیویۆرک ماددەیەکیان لەنێو برۆکلی دۆزییەوە بەناوی (ئیندۆل - Indoles)، ئەو پێکهاتانە لە کلاسی قەرنابیتەکاندا هەیە (Vegetables cruciferous) کە بریتین لە قەرنابیت و برۆکلی و کەلەرم و کاهوو، ئەم ماددەیە کاردەکاتە سەر تێکشکان و شیکردنەوەی پێکهاتەی هۆرمۆنی (ئیسترۆجین) بەتایبەتی لەو شوێنانەی کەوا کاریگەری ئەو هۆرمۆنەیان زۆر لەسەرە، هەندێ توێژەرەوەی تر لە زانکۆی (John Hopkins University school of medicine) ماددەیەکی تریان لەناو برۆکلی دۆزییەوە بەناوی (سەلفۆرافان - Sulforaphane) کە ماددەی کبریتی تیایە کەئەویش لەلایەن خۆیەوە کاردەکاتە سەر خانەو شانەکانی لەش تاوەکو ئەنزیمێک دروست بکات دژی شێرپەنجە (cancer fighting enzymes)، هەروەها ئەو ماددەیە (سەلفۆرافان) لەناو گێزەرو پیازی سەوزیش هەیە، هەروەها برۆکلی ماددەی (بیتا کارۆتین - Beta carotene)ی تیایە کە دژی شێرپەنجە کاردەکات ئەویش بەهۆی بوونی سیفەتی (دژە ئەکسەدە - Anti Oxidants)
هەروەها لە برۆکلی ژمارەیەکی زۆری کانزاو ڤیتامینات هەیە وەک : کالیسیۆم و پۆتاسیۆم و ترشی فۆلیک و سیلینیۆم و ڤیتامین C، کاریگەری ئەمانەش لەم خاڵانەی خوارەوەیە:
  • کالیسیۆم و ترشی فۆلیک: کاردەکەن وەک دژە شێرپەنجە
  • پۆتاسیۆم: شلەی لەش هاوسەنگ دەکات و لێدانی دڵ و پەستانی خوێن ڕێکدەخات
  • ڤیتامین C: بەرگری لەش زیاد دەکات دژی هەوکردنەکان و کاریگەری دژە ئەکسەدەشی هەیە
  • سیلینیۆم: کار دەکات وەک دژە شێرپەنجەو جەڵتەی دڵ و مێشک
زانایانی عەرەب وەکو ئیبن سیناو ڕازی شێرپەنجەیان ناسیووە و کاریگەری قەرنابیتیشیان لەسەر ئەو جۆرە نەخۆشیانە باس کردووە بەهەردوو جۆرەکانیەوە، کە بریتین لە ترسناک و سووک (Malignant & Benign tumors)، بەکارهێنانی ئەو ڕووەکانە پێش هاتنە کایەی نەشتەرگەری و سووتان و بڕین و تیشکی لەیزەری بووە.
ئەوانەی حەز ناکەن کۆمەڵەی قەرنابیت بخۆن لە ڕۆژئاوا حەبێکی تایبەتیان دروست کردووە بەناوی (Broccoli Isolated Extract)، هەرچەندە خواردنی ڕووەکەکە باشترە لە حەبەکە چونکە ماددەی تری وەک ڕیشاڵی زۆر تێدایە بۆ هەرس و قەبزی و مایەسیری باشە.

پێکهاتەکانی برۆکلی

سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان