چەوری

چەوری سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە لە لەشدا وە ڕۆڵی گەورەی لە پێکهاتەی جەستەدا هەیە، چەوری سود بەخش ئەو چەورییانەن کە سوودیان هەیە بۆ لەش و پێویستن وەکو ئۆمیگا ٣.
چەوری
چەوری چیە

چەوری ڕۆلی گەورەی لە پێکهاتەی جەستەدا هەیە، پەردەی خانەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە چەوری پێکدێت، لێرەوە گرینگی و پێویستیی هەبوونی چەوری لە سیستەمی خۆراکدا دەردەکەوێت، ئینجا وەک چۆن چەوری یەکێکە لە سێ سەرچاوە سەرەکییەکەی خۆراک کە جەستە بەبڕی زۆر پێویستی پێیانە، ئاواش ڕۆڵی گەورەی هەیە لە پێگەیاندنی ئەو چێشتانەی کە دووانەکەی تر لەخۆ دەگرن، بەتایبەت پرۆتین، وەک ئەوەی لێنانی گۆشت و هێلکە و ... هتد بێڕۆن زەحمەتە، ئەمە سەرباری ئەوەی ڤیتامینەکان کە لە وردە خۆراکدەرەکانن و بێئەوان تەندروستی مەحاڵە، زۆربەیان کە بریتین لە جۆرەکانی (A, D, K & E)، لە چەوریدا دەتوێنەوە، بۆیە هەرسێکیان بێ بوونی چەوری لە خۆراکدا نایاتە دی، لەگەڵ ئەوەشدا چەوری سەرچاوەی سەرەکیی وزەیە، لە کاتێکدا گرامێک لە هەر یەک لە پرۆتین و کاربۆهیدرات تەنها ٤ کالۆری دەبەخشێت، گرامێک لە چەوری ٩ کالۆری دەبەخشێت، بەم جۆرە چەوری زیاتر لە دووقاتی پرۆتین و کاربۆهیدرات وزە دەبەخشێت، بۆیە لەکاتی بەخەرجنەدانی ئەو وزەیە، چەوری خواردن یەکێکە لە هۆ سەرەکییەکانی قەڵەوبوون.

جۆرەکانی چەوری

چەوری جۆری جیاوازی هەیە و سەرەکیترین پۆلێنکرانی بریتییە لە:
١- چەورییە تێرەکان: چەوری تێر ئەو چەورییانەن کە لە پلەی گەرمیی ژووردا لە دۆخی ڕەقیدان، وەک چەوریی ئاژەڵ و کەرە.
٢- چەورییە ناتێرەکان: ئەو چەورییانەن کە لە پلەی گەرمیی ژووردا لە دۆخی شلیدان، وەکو زەیت، ئەمانەش دابەش دەبن بۆ:
أ- چەورییە تاک ناتێرەکان
ب- چەورییە فرە ناتێرەکان: چەوری ئۆمیگا ٣ (کە زیاتر لە ماسیدا هەیە)، و چەوری ئۆمیگا ٦ (کە زیاتر لە ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامیدا هەیە)
تێگەیشتنی هەڵە هەیە، کە زۆریش باوە، ئەویش ئەوەیە کە هەموو چەورییەک خراپە، ئەمە ڕاست نییە، چونکە هەندێک چەوری هەن پێویستن بۆ تەندروستی، بۆیە ئەوەی کە جێی بەهەندوەرگرتنە جۆری ئەو چەورییەیە کە دەخورێت، بە پێچەوانەوەی پێشوو کە ڕێنمایی ئەوە دەدرا ژەمی کەم چەور بخورێت، لێکۆڵینەوە نوێکان ئەوە دەردەخەن کە چەوریی تەندروست پێویستە و سوودی هەیە بۆ تەندروستی.
چەورییە ناتێرەکانی ئۆمیگا ٣ و ئۆمیگا ٦ جەستە ناتوانێت هیچ یەکێکیان بەرهەم بهێنێت، بۆیە دەبێت لە ڕێی خواردنەوە وەربگیرێن، ئەوەش گرینگە کە دەبێت هاوسەنگی لە نێوان هەردووکیاندا ڕابگیرێت، چونکە هەمان ئەنزیمەکانن کە کار لەسەر هەردوو جۆریان دەکەن، بۆیە بەرزبوونی ئاستی یەکێکیان لەسەر حیسابی ئەوی تریانە، تا دووسەد ساڵێک لەمەوبەر ئەو هاوسەنگییە ڕادەگیرا، بە جۆرێک ئۆمیگا ٦ بەقەد یان ئەوەندە و نیوی ئۆمیگا 3 وەردەگیرا، بەڵام ئێستا ئەو هاوسەنگییە نەماو و ئۆمیگا ٦ زۆر زیاتر وەردەگیرێت، بۆ نموونە لە خواردنی خەڵکانی ئەمریکای باکووردا ڕێژەکە گەیشتووە بە شانزە قات.
خراپترین چەوری بریتییە لە چەوری (تڕانس فات - Trans fats) کە بریتییە لەوەی لە ئەنجامی تێکەڵبوونی هایدرۆجین لەگەڵ ڕۆن دروست دەبێت، ئیتر ڕۆنەکە لە دۆخێکی شلەوە دەبێت بە ڕەق، ئەم جۆرە ڕۆنە پەیوەندی زۆری بە زۆر نەخۆشیەوە هەیە تا دەگات بە شێرپەنجە، گرینگترین ئەو بەرهەمە خۆراکییانەی کە ئەم ڕۆنە لەخۆ دەگرن بریتیین لە کێک، پسکیت، کرێمی شیرینی و ....هتد، سوورکردنەوەی خواردنیش هۆیەکی سەرەکیی گۆڕانی ڕۆنەکانە بۆ ئەم جۆرە، ئا ئەمەیە هۆی ئەوەی کە لە زانستی پزیشکیدا دژایەتیی زۆری سوورکردنەوە لە خواردنسازیدا دەکرێت.
چەوری تێر بەقەد چەوریی (تڕانس فات - Trans fats) زیانی نییە، بەڵام بەراوردی بکەیت بە چەوریی ناتێر، بە نەرێنی کار لە تەندروستی دەکات، بۆیە باشتر وایە کە بە شێوەی مامناوەند بخورێت، ئەو خواردنانەی کە ڕێژەی زۆر لە چەوریی تێر لەخۆ دەگرن بریتیین لە گۆشتی سووری ئاژەڵ، کەرە، پەنیر و ئایسکرێم، هەر وەک هەندێک بەرهەمی ڕووەکیی وەک ڕۆنی گوێزی هیندی و ڕۆنی دارخورماش دەوڵەمەندن بە چەوریی تێر، لەنێو چەورییە تێرەکاندا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزی لە کەرە بووە، وەک دووان لە هاوەڵان (خوا لێیان ڕازی بێت) دەیگێڕنەوە:
(عَنْ ‏ ‏ابْنَيْ بُسْرٍ السُّلَمِيَّيْنِ ‏ ‏قَالَا ‏ ‏دَخَلَ عَلَيْنَا رَسُولُ اللَّهِ ‏ ‏صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ‏ ‏فَوَضَعْنَا تَحْتَهُ ‏ ‏قَطِيفَةً ‏ ‏لَنَا صَبَبْنَاهَا لَهُ صَبًّا فَجَلَسَ عَلَيْهَا ‏ ‏وَأَنْزَلَ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ عَلَيْهِ الْوَحْيَ فِي بَيْتِنَا وَقَدَّمْنَا لَهُ زُبْدًا وَتَمْرًا وَكَانَ يُحِبُّ الزُّبْدَ ‏ ‏صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) [سنن ابن ماجه رقم ٣٣٣٤]
واتە: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە ماڵمان، پۆشاکێکی خۆمان خستە ژێری و ڕایەخێکمان بۆ ڕاخست، ئیتر لەسەری دانیشت، خوای گەورە هەر لە ماڵی ئێمە وەحیی بۆ دابەزاند، ئینجا کەرە و خورمامان پێشکەش کرد، ئەو حەزی لە کەرە بوو.

چەوری ئۆمیگا 3 و ماسی

(ترشە چەورییە فرە ناتێرەکانی ئۆمیگا سێ) یان هەر بەسادەیی بیڵێین (چەوری ئۆمیگا سێ) جۆرێکی چەوری ناتێرە، ڕۆڵی کارای هەیە لە زیندەپاڵی چەوریدا.

 گرینگترین سوودەکانی بریتیین لە

  1. ئاستی چەوری سیانی (چەوری ژێر پێست) کەم دەکاتەوە، بەوەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەم دەکاتەوە
  2. ڕەقبوون و ئازاری جومگەکان کەم دەکاتەوە
  3. تووشبوون بە خەمۆکی کەم دەکاتەوە
  4. یارمەتی گەشەی منداڵی ساوا دەدات، بەتایبەت گەشەی بینایی و دەماریی
  5. هەوکردن کەم دەکاتەوە
  6. بۆ کۆنترۆڵی بەرهەنگ سوودی هەیە
  7. ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر دەکات
  8. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە
ئەم جۆرە چەورییە ڕۆڵی کارای هەیە لە پاراستنی تەندروستیی دڵدا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی (دژی تێکچوونی لێدانی دڵە، دژە خوێنمەیینە، پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە و چەوری خوێن ڕێکدەخات)، بۆیە بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە یان ئەگەری تووشبوونیان هەیە، پێویستە گرینگی بە وەرگرتنی بەردەوامی ئۆمیگا 3 بدەن.
دەوڵەمەندترین سەرچاوەی ئۆمیگا 3 ماسییە، بەتایبەت ماسییە چەورەکانی وەک سەلەمون و ساردین، بەم جۆرە گرینگترین سوودی ماسی ئەوەیە کە ئەو چەورییە بەسوودەی تێدایە، بەڵام زۆر سوودی دیکەی هەن، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی (ئایۆدین)ە، کە کانزایەکە ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە تەندروستیی مرۆڤدا، زۆر پێویستە بۆ دروستبوونی هۆرمۆنەکانی ڕژێنی پەریزادە، زیندەپاڵ، گەشەو پێگەیشتنی مێشک، بەتاییبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆر پێویستە، چونکە ئەو کۆرپەلانەی کە بڕی پێویستی ئەو کانزایەیان پێناگات مێشکیان باش گەشە ناکات و بەوەش ئاستی ژیرییان کەم دەردەچێت، دواتریش ئەوانەی ئاستی ئەو کانزایە لە جەستەیاندا کەمە تووشی گەورەبوون و تەمبەڵیی ڕژێنی پەریزادە دەبن، بۆیە دووربوون لە ماسی خواردن دەبێتە هۆی نزیکبوون لەو کێشانەی تەندروستی، دوای ماسی باشترین سەرچاوەی ئایۆدین بریتییە لە هێلکە و شیرەمەنییەکان، بۆیە ئەوانەی کە وەک پێویست ماسی ناخۆن، دەبێت هەر هیچ نەبێت گرینگی بەو دووانە بدەن، سەرچاوەیەکی دیکەی ئایۆدین بریتییە لە خوێ، کە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی کەمیی ئایۆدین، کراوەتە بەرنامە کە (یۆد) تێکەڵ بە خوێ دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە خوێ زیانی تری هەیە بەتایبەت بۆ پەستانی خوێن، ئێستا ڕۆژبەڕۆژ خەڵکی خۆیان ڕادێنن کە خوێ کەم بەکاربهێنن، جا ئەگەرچی ئەمە لە زۆر ڕووەوە کارێکی باشە، بەڵام دەبێتە هۆی کەم وەرگرتنی ئایۆدین، بۆیە زۆر پێویستە ئەو کەسانەی پارێز لە خوێ دەکەن، سەرچاوەکانی دیکەی ئایۆدین فەرامۆش نەکەن.
کێشەیەک کە لە ماسی خواردندا هەبێت و هی لەسەر وەستان بێت ئەوەیە کە لە هەندێک حاڵەتی زۆر دەگمەندا دەبێتە هۆی ژەهراویبوون بە (جیوە)، ئەمەش بەتایبەت لە جۆرەکانی وەک (ساردین، سەلەمون)دا کە بڕی زۆر لە جیوەیان تێدایە، بۆیە وا باشە منداڵان و ئەو ژنانەی دووگیانن یان بە نیازی دووگیانبوونن یانیش شیر دەدەنە منداڵ، کەمتر دەم بۆ ماسی ببەن بە جۆرێک هەفتانە سێیەکی کیلۆیەک زیاتر نەخۆن.

ماسی چەندە بخورێت؟

(کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ) ڕێنماییی ئەوە دەدات کە هەفتانە بەلایەنی کەمەوە دوو جار ماسی بخورێت (بەتایبەتی ماسییە چەورەکان) ئەگەر وا بکرێت خزمەتێکی بەرچاوی دڵ دەکرێت، چونکە دەرکەوتووە ماسی خواردن هەفتەی دوو جار یان هەر هیچ نەبێت جارێک مەترسیی مردن بە نەخۆشیی دڵ بە رێژەی ٣٦٪ کەم دەکاتەوە، ئێستا وا باوە کە ئەوانەی دڵیان ماسی نابات ڕێنماییی دەکرێن بەوەی حەبی ڕۆنی ماسی یان بڵێین ئۆمیگا سێ قوت بدەن، بەڵام ئەمە چیدی بنەمایەکی زانستیی نییە چونکە دەرکەوتووە نەک هەر سوودی بۆ تەندروستی نییە بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا زیانیشی هەیە.
خواردنی ماسیی دەریاش باشترە چونکە ئەو ماسییانە زیاتر ئۆمیگا 3 یان تێدایە بەبەراورد بە هی حەوز، هەرچەندە ئەمیش هەر بەسوودە، ئینجا گرینگیشە ماسی بە تازەیی و سازگاری بخورێت، ئەوەتا خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەستەواژەی (گۆشتی تەڕو تازە)ی بۆ ماسی بەکارهێناوە، هەر وەک دەفەرمووێت:
﴿وَهُوَ ٱلَّذِى سَخَّرَ ٱلْبَحْرَ لِتَأْكُلُوا۟ مِنْهُ لَحْمًا طَرِيًّا﴾ [النحل:١٤]
واتە: «هەر ئەو خوایەیە کە دەریای بۆ ڕام کردوون گۆشتی تازەی لێدەربێنن و بیخۆن»
هەمان شتی لە ئایەتی ١٢ی سوڕەتی فاطر دووبارە کردۆتەوە.
لەکاتێکدا کە خواردنی گۆشتی مردوو حەرام کراوە، ماسی یەکێکە لەو دوو ئاژەڵەی خواردنی بە مردوویی حەڵاڵە، ئێ خۆ ئەوە نییە بە زیندوویی بهێنرێت و سەرببڕدرێت، بەڵکو لەئاو دەردەهێنرێت ئیتر دەمرێت، ئەوەتا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: «أُحِلَّتْ لَكُم مَيْتَتانِ ودَمانِ فَأَمَّا الميْتَتانِ فالحُوتُ والجَرادُ وأمَّا الدَّمانِ فالكَبِدُ والطِّحالُ» [سنن ابن ماجه رقم ٣٣١٤]
واتە: «دوو مردوو و دوو خوێنتان بۆ حەڵاڵ کراوە، مردووەکان نەهەنگ و کولـلەن، خوێنەکانیش جگەر و سپڵ»
بەپێی گێڕانەوەیەکی تر لەجیاتی (الحوت - نەهەنگ) (السمك - ماسی) هاتووە، بەو پێیە لەلایەن هەندێک لە فەرموودەناسانەوە (حوت)ەکەی ناو ئەو فەرموودەیە بە ماسی لێکدراوەتەوە.
یەکێک لەو پرسیارانەی دەربارەی ماسی دەکرێت ئەوەیە:

ئایا دەکرێت بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەگەڵ ماسیدا بخورێت یان بخورێتەوە؟

لەناو کۆمەڵگە موسڵمان و ناموسڵمانەکانیشدا ئەو ڕایە هەیە کە ناکرێت، بەبیانووی ئەوەی دەبێتە هۆی ژەهراویبوون یان تووشبوون بە بەڵەکی و شتی وا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەر دەستدا نییە ئەوانە بسەلمێنێت، بەڵام ئیبن قەییم دەربارەی ئەمە لە ژیانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەڵێت: «ئەوەی لە شێوازی خواردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەوەی دەیخوارد ورد ببیتەوە دەبینیت هەرگیز ماست و ماسیی بەیەکەوە نەخواردووە» [زاد العماد ص ٢٠٤]
بەم جۆرە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو دووانەی پێکەوە نەخواردووە، بەڵام ئەوەش نییە لە شوێنێک یان کاتێکدا نەهییەکی وای لێکردبێت، بۆیە لەڕووی دیندارییەوە لێکی بدەیتەوە، وا باشە موسڵمانان وەک پابەندییەکی سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ ماسیدا ماست نەخۆن یان دۆ و ماستاوی لەگەڵ نەخۆنەوە.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی خوانی خۆشەویست صلى الله عليه وسلم