گوێز

گوێز بە ئینگلیزی "walnut"، سودی گوێز ئێجگار زۆرە لەبەرئەوەی گوێز کانزاو پرۆتین و ڤیتامین و ئۆمیگا سێی تیایە و دەوڵەمەندە بە پێکهاتە خۆراکییە بە سوودەکان.
گوێز
سوودەکانی گوێز
بەشی بەکارهاتوو: بەرەکەی و گەڵاکەی و توێکڵی دارەکەی و توێکڵی گوێزەکە.

مێژووی و سەرچاوەی

دار گوێز لە دارە بەناوبانگەکانی ناوچەی سوریاو لوبنانەو درێژ دەبێتەوە بۆ یۆنان، لە ئاسیاو ئێران و هیندستان و چیای هیمالایاو کشمیریش هەیە.
توانای ژیانی هەیە لە بەرزایی ٤٠٠٠-٧٠٠٠ پێ.
لە کۆنەوە دەڵێن کەوا خواوەندەکان گوێزیان دەخواردو خەڵکیش بەڕوویان دەخوارد، بۆیە یەکێک لە ناوەکانی گوێز بریتییە لە (گوێزی جوبیتیر - Jupiters).
پلینی دەڵێ: گوێز لە ووڵاتی فارسەوە هاتۆتە ئیتاڵیا.
(ڤارۆ) کە ١١٦ ساڵ پێش زاینی ژیاوە دەڵێ: لەکاتی ژیانی ئەو گوێز هەبووە لە ئیتاڵیا.
هەندێک دەڵێن کەوا گوێز لەساڵی ١٥٦٢ گەیشتووەتە ئینگلتەرا.
گیرارد دەڵێ لە ساڵی ١٥٩٢ گوێز لەسەر شەقامەکان و باخچەکان چێنرابوو.

پێکهاتەکەی

بەرەکەی:
  • شەکر و ماددە لینجەو نیوسین
  • کانزای ئاسن و کالیسیۆم ومس و زینک و فۆسفۆڕو پۆتاسیۆم
  • ڤیتامین (ئەی وبی١ وبی٢)
توێکڵەکەی:
  • زەیت و ماددە لینجەو زولال و کانزاو سیلیلۆز و ئاو

سودەکانی گوێز و بەکارهێنانی پزیشکی

سودەکانی خواردنی گوێز

  1. گەڵاکەی بۆ قەبزی باشەو توێکڵەکەی بۆ ڕەوانی باشە
  2. گەڵاکەی بۆ نەخۆشیەکانی پێستەی ڤایرۆسی و زیادە هەستیاری بەکاردێت
  3. توێکڵە سەوزەکەی گوێزو توێکڵی دارەکەی کاریگەری ئارەقەکردنی هەیە
  4. توێکڵە سەوزەکە کرمی ڕیخۆڵە دەکوژێت
  5. چالاکی لەش زیاد دەکات و بەرگری لە پەککەوتەی دەکات
  6. بەرگری هەڵوەرینی قژی سەر دەکات
  7. بۆ زوو چاکبوونەوەی برین باشە
  8. شەکرەی خوێن کەم دەکاتەوە
  9. بۆ چارەسەری ڕەقبوون و بزماری پێیەکان باشە بە دانانی توێکڵی سەوز لەسەر شوێنەکە
  10. گوێزی وشککراوەی هاڕاو لەگەڵ شەکرو میوەی تر بەکاردێت وەک سەرچاوەی وزە و ئارەزوو بزوێنی خواردن و زیادکردنی چالاکی جگەرو شەهوەی جینسی
  11. بۆ ئەوانەی نەخۆشی (ڕەقبوونی هەمەچەشنە - Multiple Sclerosis)ی هەیە باشە
  12. هاڕاوەی توێکڵی گوێزی وشک وەک مەرهەم بەکاردێت بۆ پاککردنەوەی ددان و بەهێزکردنی پووک

زیانەکانی گوێز

هەر خواردنێک ئەگەر زیاد لە پێویست بخورێت ئەوا زیانی دەبێت بۆ جەستە نەوەکو سوود، زۆر خواردنی گوێز ئەم زیانانەی هەیە:
  1. واباشترە کەسانی قەڵەو خۆیانی لێ بەدوور بگرن یان بەکەمی بیخۆن
  2. لە پێنج گوێز زیاتر باش نییە لە ڕۆژێکدا بخورێت
  3. ئەو کەسانەی نەخۆشی گەدەو ڕیخۆڵەو گورچیلەو جگەریان هەیە باش نییە

سوودەکانی گوێز بۆ ئافرەتی دووگیان

یەکێک لەو خۆراکە بەسوودانەی بۆ ئافرەتی دووگیان بریتییە لە گوێز، ئەگەر خانمی دووگیان لەکاتی دووگیانیەکەیدا گوێز بخوات ئەوا تەندروستی خۆی و منداڵەکەشی باشتر دەبێت و گەشەی منداڵەکەی باشترە.

سودەکانی ئاوی گوێز

  1. پێست نەرم دەکات و خانەکانی پێست نوێ دەکاتەوە
  2. بۆ لابردنی زیپکە و خاڵە ڕەشەکانی سەر پێست بەکاردێت
  3. هەرس باشتر دەکات
  4. کێش دادەبەزێنێت
  5. ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ هاوسەنگ دەکات، وە مێشک چالاک دەکات و ئەگەر تووشبوون بە زەهایمەر کەمدەکاتەوە

سودەکانی زەیتی گوێز

  1. ئاستی کۆلیسترۆڵ کەمدەکاتەوە
  2. ڕێژەی شەکر کۆنترۆڵ دەکات
  3. فشاری خوێن کەمدەکاتەوە
  4. دژە شێرپەنجەیە
  5. چرچ بوونی پێست ناهێڵێت
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان