خواردنەوە گازییەکان

خواردنەوە گازییەکان
خواردنەوە گازیەکان.
خواردنەوە گازیەکان بە ئینگلیزی "Soft drinks"، بە عەرەبی "مشروبات الغازية"، ئەو خواردنەوانە بەوە دەناسرێنەوە و بەوەش ناو نراون کە گازیان تێدایە، بەڵام ڕەنگە زۆربەمان نەزانین ئەو گازە (دوانۆکسیدی کاربۆن)ە، کە ئەو گازەیە لەڕێی هەناسەوە هەڵی دەدەینە دەرەوە.
کەواتە ئەو گازەی جەستە وەک پاشەڕۆیەک فڕێی دەدا، ئێمە دەیخەینەوە ناوی، ئینجا بە پارەش!.
ئەو خواردنەوانە لەڕێی خستنەوەی نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و پەستانی بەرزی خوێن و شێرپەنجەوە، ساڵانە دەبنە هۆی مردنی ١٨٤ هەزار کەس، واتە هەموو ساڵێک بەقەد ژمارەی قوربانییانی ئەنفال خەڵکی دەکوژن! کێشەی سەرەکی لەو خواردنەوانە ئەوەیە کە بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە، ئەگەرچی لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تریان دەگۆڕێت، بەڵام بەتێکڕا قوتووێکدا ٧-١٠ کەوچکە چا شەکریان تێدایە، کە دەکاتە ٣٠-٤٠ گرام، کە ئەمەش تێکڕای ئەو شەکرە دەکات کە ڕێگەپێدراوە لە ڕۆژێکدا بخورێت، واتە قوتووێک لەو خواردنەوانە بخۆیتەوە، ئیتر دەبێت ئەو ڕۆژە زارت بە شەکر نەکەوێت!.
شتێکی دیکەی سەیر ئەوەیە کە بە حسێبی خۆمان بەو خواردنەوانە جەستەمان تێرئاو دەکەین، بێئاگا لەوەی کە بەهۆی ئەو ماددەی (کافاین)ەی تێیاندایە، میزپێکەرن و بەم جۆرەش جەستە وشک دەکەنەوە، ئەو خواردنەوانە کاریگەریی خراپیان لەسەر گورچیلەکان هەیە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر زیاد لە ١٩٤ هەزار نەخۆش ئەنجام دراوە و هەشت ساڵی پێچووە و ساڵی ٢٠١٣ لە گۆڤاری (کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ گورچیلە) دا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە خواردنەوەی خواردنەوە گازیەکان مەترسی تووشبوون بە بەردی گورچیلە بەڕێژەی ٢٣٪ زیاد دەکات.
خواردنەوە گازییەکان بە حیساب ئەلکحوولیان تێدا نییە و لەسەریان دەنووسرێت (Alcohol-free) کە بە مانای (بێکحوول) دێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کحوولیان تێدا نییە، بەڵکو ڕەنگە تا ڕێژەی ٠.٠٥٪یان تێدا بێت.
بۆیە ئەگەرچی واباشە کەس نەیانخواتەوە، بەڵام ئەوانەی (شەکرە، پەستانی بەرزیی خوێن، بەردی گورچیلە، داخورانی ددانەکان)یان هەیە، نابێت بەهیچ جۆرێک بیانخۆنەوە.