گۆشتی سپی

گۆشتی سپی
گۆشتی سپی.
گۆشتی سپی ئەو گۆشتەیە کە بەخاوی و بە کوڵاوییش هەر ڕەنگی سپییە، وەک گۆشتی مریشک.
گۆشتی سپی پەلەوەر یەکێکە لەو خواردنانەی لە بەهەشتدا دەدرێتە بەهەشتییان، هەر وەک خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلَحْمِ طَيْرٍ مِّمَّا يَشْتَهُونَ﴾ [الواقعة/٢١].
واتە: «گۆشتی پەلەوەریشیان بۆ دێنن لەو جۆرەی خۆیان حەزی لێدەکەن».
گۆشتی مریشک سەرچاوەیەکی گرینگی پرۆتینە، بەهۆی ئەوەی بەپێچەوانەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دیکەی وەک گۆشتی ئاژەڵ و ماسی هەرزانترە، زیاتر دەخورێت. بەڵام ئایا چ مریشکێک تەندروستە بۆ خواردن؟
مریشکی دەواجن یان (مەسڵەحە) ڕێک بەپێچەوانەی مریشکی ئاساییەوە، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە بە شێوەیەکی ناسروشتی لە ڕێی ئامێری هەڵهێنەرەوە دێتە دونیاوە و هەر بەو شێوەیەش پێدەگەیەنرێت.
لە کاتێکدا مریشکێکی لادێ بۆئەوەی کێشی بگاتە ١.٧ کیلۆگرام پێویستی بە ٢٠ حەفتە بەخێو کران هەیە، هی دەواجن تەنها بە ٩ حەفتە دەگاتە ئەو کێشە! بێگومان ئەمە مەحاڵە بەشێوەیەکی ئاسایی بێتە دی.
هۆرمۆنی گەشە و خواردنی خراپیان دەدرێتێ کە ناتوانن بەباشی هەرسی بکەن، هەربۆیە لە لەشیاندا دەمێنێتەوە و کێشیان زیاد دەکات.
کێشە ئەوەیە لەگەڵ خواردنیاندا ئەو ماددە خراپ و هۆرمۆنانە دەگوازرێنەوە بۆ لەشی مرۆڤیش، بۆیە قەڵەوی و نەزۆکی و دەیان کێشەی دیکەی تەندروستیی مرۆڤ پەیوەندیی بەمەوە هەیە.
ئەو ئاڵفەشی دەیاندرێتێ دەوڵەمەندە بە کاربۆهیدرات، هەربۆیە کاربۆهیدرات و چەوری لە گۆشتەکەیاندا زۆرە و بەهۆی ئەو چەورییە زۆرەشەوە زوو دەکوڵێن.
هەرچی مریشکی بەستوویشە، ئەوە هەر هەمان مریشکی دەواجنە، سەرباری ئەوەش ماددەی پارێزەری تێدەکرێت (کە زۆر بەکاربردنی هۆیەکی شێرپەنجەیە)، ئەمە سەڕەڕای ئەوەی نیشانەی گومان لەسەر چۆنیەتی سەربڕران و پاکبوونەوەی لە خوێنەکەی هەیە.
چەندیش زیاتر لە بەفرگردا بمێنێتەوە، ڤیتامین و کانزاکانی ناوی کەم دەبێتەوە و تامیشی ناخۆش دەبێت.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گۆشتی مریشکی خواردووە، وەک هاوەڵێکی دەیگێڕیتەوە:
«كنا عند أبي موسى الأشعري، فدعا بمائدة وعليها لحم دجاج، فدخل رجل من بني تَيْمِ الله أَحْمَرُ، شَبِيهٌ بِالمَوَالِي، فقال له: هَلُمَّ، فَتَلَكَّأَ، فقال له: هَلُمَّ، فإني رأيتُ رسول الله صلى الله عليه وسلم يأكل منه». [متفق عليه]
واتە: «لای ئەبوو موسا بووین، داوای کرد خوان بێنن، گۆشتی مریشکی لەسەر بوو، پیاوێك هاتە ژوورەوە لە نەوەی تەیموڵڵا، سوورکەڵانەیەک بوو لە (مەوالییەکان) دەچوو، پێی وت: فەرموو، بەڵام ئەو نەچووە پێش، ئینجا وتی: فەرموو خۆم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)م بینیوە خواردوویەتی».