هەنجیر
هەنجیر بە ئینگلیزی "fig"، میوەیەکی کۆنەو تامێکی خۆش و شیرینی هەیە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزاکان و ڕیشاڵ.
بەشی بەکارهاتووی: بەرەکەی.
مێژووی و سەرچاوەی
میوەیەکی دێرینەو لە قورئانی پیرۆز ناوی هاتووە ﴿وَٱلتِّينِ وَٱلزَّيْتُونِ﴾ ﴿وَطُورِ سِينِينَ﴾ [التين ١-٢].
بە هەردوو شێوەی هەنجیری تەڕو هەنجیری وشک هەبووە، سەرچاوەی لە ئاسیایە بەتایبەتی سوریا و لوبنان و فەلەستین و وڵاتی فارس، فینیقیەکان لەکاتی نیشتەجێی و لەکاتی سەفەردا بەکاریان هێناوە، لە دەوروبەری دەریای سپی ناوەڕاست و وڵاتانی دەریای سپی ناوەڕاست، لەسەر دیوارە نەقشکراوەکانیش وێنەی هەنجیر هەیە، و گوایە گەیشتۆته وڵاتانی ئەگریک لە ئاسیاوە لەڕێگەی شاری (کاریا - Caria)، بۆیە ناوی بە لاتینی بۆتە (ficus Carica). لە وڵاتی فارسەوە بە ڕێگەی ئیتاڵیاوە گەیشتۆتە ئەوروپا، پلینی لە کتێبەکەی باسی زیاتر لە ٢٩ جۆر لە هەنجیر دەکات و دەڵێ : بەناوبانگترین جۆری بریتییە لە هەنجیری شاری کاریاو تارانت و هیرکۆلانیم.
هەنجیر خواردنی سەرەکی لای ئەگریکەکان و لە ئەسپارتەی پایتەخت لەسەر سفرەی خواردنەکانیان هەبووە، هەروەها وەرزشەوانەکان بەکاریان دەهێنا گوایە هێزو چالاکی و خێرایی زیاد دەکات، هەربۆیە حکومەت قەدەغەی کرد هەنجیر بنێرنە دەرەوە، لە شاری پۆمپی ئەگریکی کە لە کەوتۆبۆوە ژێر گڵ دیویانە وێنەی هەنجیر لە دیوارە نەقش کراوەکان هەبووە، هەروەها پلینی دەڵێ : هەنجیر لە باخچەی ماڵەکانیش هەبووەو داویانە بە خزمەتکارو بەندەکان تاوەکو بەهێزبن بۆ ئەنجامدانی کاری ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان.
زۆر جاریش لە بۆنە ئایینیەکانەوە هەنجیر پێشکەش کراوە بە خوا (خواس) وەک قوربانی.
هەروەها لە ئەفسانەکانی ڕۆمانیدا هاتووە کەوا هەردوو دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی (رۆمیلیۆس و رایمۆس - Ramus& Romulus) لەژێر سێبەری دار هەنجیرەوە شیری ئەو گورگەیان خواردووە کە بە خێوی دەرکردن، نووسەر (ئۆڤید) لە کتێبەکەیدا دەڵێت : کەوا هەنجیر پیرۆز بووە لای ڕۆمەکان بۆیە وەک دیاری کاتی بۆنەکانی ئاینی پێشکەش کراوە.
چۆنیەتی دروستکردنی مرەبای هەنجیر
کەرەستەکان
- کیلۆیەک هەنجیر
- کیلۆیەک شەکر ئەگەر شەکری قاوەیی بێت باشترە
- کوپێک ئاوی لیمۆ
- یەک کوپ و نیو ئاو
- کەوچکێکی چێشت چا یان هێلی هاڕاوە
دواتر هەنجیرەکە بەباشی دەشۆرییەوە، پاشان شەکرو ئاوەکە تێکەڵ دەکرێت و لەسەر ئاگر دادەنرێت تاکو دەکوڵێت، دواتر هەنجیرەکەی تێدەکەی لەگەڵ ئاوی لیمۆ و هێل یا چا و بیکوڵێنە تاکو ڕەنگی زەرد دەبێت و کەمێک خەست دەبێت، پاشان بیهێنە خوارەوە و دەتوانی گوێز یا کونجی بەسەردا بکەیت.
سوودەکانی هەنجیر
- شیری هەنجیر بۆ لابردنی بالوکە و گۆشتی زیادەی لەش بەکاردێت
- هەنجیری وشک بۆ چارەسەری مایەسیری باشە
- شەربەتی هەنجیر چارەسەری هەوکردنی سییەکان
- کوڵاوی گەڵای داری هەنجیر بەسوودە بۆ سوڕی مانگانە
- خواردنی هەنجیر سوودی تەندروستی زۆری هەیە پێویستە فەرامۆش نەکرێت
- ڕێگری دەکات لە توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و دەمار
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە
- یارمەتی هەرس دەدات و ڕێگری دەکات لە قەبزی
- شەکری خوێن ڕێکدەخات
- بۆ قژی سەر بەسوودە
جۆرەکانی هەنجیر
- هەنجیری کابری
- سمیرنا
- سان بیدرو
- عناقی
- هەنجیری تورکی قاوەیی
- عسالی
- باکی
- ئیسپانی
پێکهاتەی هەنجیر
- کاربۆهیدرات
- پرۆتین
- چەوری
- ڕیشاڵ
- ڤیتامین A
- ڤیتامین C
- ڤیتامین K
- ڤیتامین B1
- ڤیتامین B2
- ڤیتامین B6
- مەگنیسیۆم
- کالیسیۆم
- پۆتاسیۆم
- مەنگەنیز
- مس
- ئاسن
- فۆسفۆڕ
- زنک
زیانەکانی هەنجیر
هەندێک جار زۆر خواردنی هەنجیر دەبێتە هۆی هەستیاری (حساسية) بۆیە وا باشترە ئەوانەی هەستیاریان هەیە بە خواردنی هەنجیر خۆیانی لێ بپارێزین یان بەکەمی بیخۆن.
سەرچاوەکان
- سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
- پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان
إرسال تعليق