سوودەکانی قاوە

سوودەکانی قاوە بە ئینگلیزی "Benefits of coffee"، قاوە وزە و چالاکی لەش زیاد دەکات لەبەر هەبوونی ماددەی کافایین تێیدا کە کرداری دروستکردنی گەرمی چالاک دەکات.
سوودەکانی قاوە
سوودەکانی قاوە

خێزان: لە هەمان خێزانی گاردینیاو چڕنوکی پشیلەو کینایە (Gardenia, cats claw, Cinchona)

ڕەگەز و فەصیلەکەی: (Genus and specie)
Coffea Arabia
Coffea Liberica
Coffea Robusta

ناوەکانی قاوە

  1. Arabic
  2. Mocha
  3. Java
  4. Espresso
  5. Cappuccino & Latte
بەشی بەکارهاتوو: تۆوەکەی، گەڵاکەی، کافایین

مێژوو و سەرچاوەکەی

رۆژئاوای خوارووی حەبەشەو هەموو ناوچە کەمەریەکانی ئەفریقاو بەرازیل و یەمەن (کە جۆرەکەی لە هەموویان باشترە).
ناوی (کافی) هاتووە لە ناوی ئەو شارەی کە ئەو دارەی تیایە لە حەبەشە (Caffa) ئەو دارەش گەڵاکەی هەردەم سەوزە وەک زەیتون.
لە لێکۆڵینەوە مێژوویەکانەوە دەرکەوتووە کەوا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیا دەنکی قاوەی نەبرژاویان بەکارهێناوە بۆ کاتی شەڕو سەفەری دووری ڕاوکردن تاوەکو هەردەم بەئاگابن و خەویان نەیەت.
قاوە لە حەبەشەوە گەیشتە نیمچەدوورگەی عەرەب لەسەدەی شانزەهەمی زایینی و بۆ یەکەم جار لە جیهان قاوە سوورکراوەو بەشێوەی شلەی گەرم خوراوەتەوەو زانایانی وەک ئیبن سینا باسی کردووە کەوا بۆ زیادکردنی چالاکی لەش و خەوڕەواندنەوە باشە.
دووسەد ساڵ دوای ئەو مێژووە دوورگەی عەرەبی قاوەی بۆ جیهان دابین دەکرد.
بڵاوبوونەوەی قاوە زۆر خێرا نەبوو چونکە نزیکەی ٥٠٠ ساڵ هەر لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوە، تاوەکو ساڵی ١٥١٧ سوڵتان سەلیمی یەکەم قاوەی بردە ئەستەمبوڵ، لەدوایی بەهۆی بازرگانەکانی بەهارات قاوەیان گەیاندە ئیتاڵیاو لەوێوە بۆ گشت ئەوروپا، لەساڵی ١٦٥٠ یەکەم قاوەخانە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کرایەوە لە ئەمریکا قوتابیان کاتی خوێندن و گفتوگۆ قاوەیان دەخوارد، لە لەندەنی پایتەختیش پیاوانی ڕامیاری لەگەڵ تاوتوێکردنی سیاسی قاوەیان دەخواردو قاوەخانە پەیدابوو، بۆیە لە ساڵی ١٦٧٠ پادشا تشارلزی دووەم هەموو قاوەخانەکانی داخست گوایە هۆکارێکە بۆ دژایەتی میری و سەرهەڵدانە بۆ فیتنەو ناکۆکی.
لەساڵی ١٦٩٦ قاوە گەیشتە نیویۆرک، واتە ٣٠ ساڵ پێش ئەوەی بگاتە بەرازیل، بەڵام ئێستا بەرازیل یەکەم وڵاتە لە ناردنە دەرەوەی قاوە لە جیهاندا.
تاوەکو سەدەی حەڤدەیەم وڵاتانی عەرەبی یەکەم بوون لە ناردنە دەرەوەی قاوە لەڕێگەی بەندەری (بۆرمۆشا) بۆیە یەکێک لە ناوەکانی قاوە بریتییە لە (مۆشا).
لەساڵی ١٧٣٢ مۆسیقاژەنی ئەڵمانی گۆرانی بەسەر قاوەدا هەڵداوەو گرنگی پێدراو تاوەکو پێش بیرەشی گرتەوە، تاوەکو فەرمانڕەوایی پاشا فریدریکی گەورە کە پاشای بروسیا بوو لەساڵی ١٧٧٧ فەرمانی دەرکرد بەوەی نابێت قاوە لە بیرە باشترو گرنگتر دابنرێت، لە ساڵی ١٩٠٤ زانای ئیتاڵی (فیرنەندۆ ئیللی) دەزگای دروستکردنی قاوەی داهێناو، لەساڵی ١٩١٠ کۆمپانیای دەرمانسازی (میرک) لە ئەڵمانیا توانی قاوەی بێ ماددەی کافایین دروست بکات.
لەساڵی ١٩٣٨ کۆمپانیای نیسکافی بۆ یەکەم جار قاوەی خێرای داهێنا تاوەکو بتوانرێ قاوە لەگەڵ ئاوی گەرم تێکەڵ بکرێت و ڕاستەوخۆ بەکاربێت بۆ خواردنەوە، ئەو جۆرە قاوەیەش تاوەکو ئێستا هەر بەکاردێت.
ئاستی کۆفاین لەناو قاوە دەگۆڕێ بە گوێرەی چۆنیەتی ئامادەکردنی، بۆ نموونە یەک فنجان قاوەی کوتراوی خێرا ٦٥ میلیگرام کۆفاینی تیایە، قاوەی ئیکسپریسۆ نزیکەی ٣٥٠ میلیگرامی تیایەو جۆری دڵۆپینراو نزیکەی ١٠٠-١٥٠ میلیگرامی تیایە، لە تورکیاش قاوە زۆر بەکاردێت بەشێوەیەکی ئەوتۆ زۆر جار ئافرەت دەتوانێت داوای تەڵاق بکات گەر پیاوەکە قاوەی بۆ دابین نەکات.

پێکهاتەی قاوە

  • زەیتی قاوە
  • شەمێ
  • کۆفاین
  • زەیتی هەڵچوو
  • ترشی تانیک
  • شەکرو بنێشت و پرۆتین

سودەکانی قاوە و بەکارهێنانی پزیشکی

بۆ حەسانەوەی مێشکی ماندوو بەکاردێت چونکە چالاکی کۆئەندامی دەمار زیاد دەکات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی سەیارە بۆ ماوەیەکی درێژ لێدەخوڕن، هەروەها کۆفاین دژایەتی هیستامین دەکات کە ماددەیەکە کاریگەری خاوبوونەوەو خەوهاتنی هەیە، هەربۆیە لە نەخۆشیەکانی سەرمابوون کاتی دەرمانەکانی هیستامین بەکاردێت ماددەی کۆفاینی بۆ زیاد دەکەن.
چالاکی وەرزشەوان زیاد دەکات، لە بەڕیتانیا لێکۆڵینەوە کرا لەو بارەیەوە کەوا دوو کۆمەڵ وەرزشەوان هەڵسان بە ڕاکردنی یەک میل ڕۆژانە بۆ ماوەی نۆ رۆژ دەرکەوت ئەو وەرزشەوانەی قاوەی خواردۆتەوە کە کۆفاینی تیا بووە سەرکەوتووە بەسەر ئەوەی کە قاوەی خواردۆتەوە بەڵام کۆفاینی تیانەبووە لەکاتی ڕاکردن بە بڕی ٤.٢ چرکە، هەروەها چالاکی وەرزشەوان ٤٤٪ زیاد دەکات گەر پێش وەرزش بە چەند کاتژمێرێک قاوە بخواتەوە، هەربۆیە لیژنەی ئۆڵۆمپی جیهانی ڕێگە نادات کەوا بڕی کۆفاینی ناو میزی وەرزشەوانەکان زیاتر بێت لە ١٢ مایکرۆگرام (واتە ٥ فنجان پێش وەرزش بە ٣ کاتژمێر).
بەکاردێت لەگەڵ ئەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشیەکانی سەرمابوون و هەڵامەت بەکاردێت تاوەکو گیرانی لوت و گەروو بکاتەوەو کاریگەری خەوهاتنی هیستامینیش کەم بکاتەوە.
بۆ نەخۆشیەکانی هەناسەتەنگی و کۆکەو بەڵغەم بەکاردێت چونکە بۆڕییەکانی هەوا فراوان دەکات، هەروەک لە ئیتاڵیا لێکۆڵینەوە کراوە لەسەر ٧٠٠٠٠ کەس دەرکەوت ئەوانەی قاوەی زۆر دەخۆنەوە کەمتر تووشی هەناسەتەنگی دەبن.
بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکاردێت پاش تێکەڵکردنی لەگەڵ ئەسپرین و برۆفین، چونکە کاریگەری ئەوان زیاد دەکات و خۆشی کاریگەریەکی هێمنکەرەوەی هەیە، بۆیە بەکاردێت لە نەخۆشی شەقەسەرو ئازاری گورچیلە.
قاوە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئارەزووی خۆکوشتن، ئەوەش دەرکەوت پاش لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی لە زانکۆی هارڤارد لەسەر ٨٥٠٠٠ پەرستار بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، ئەوانەی ڕۆژێ ١-٣ فنجان قاوەیان دەخوارد کەمتر تووشی کرداری خۆکوشتن بوون لەوانەی قاوەیان نەدەخواردەوە.
بەرگری لە دروستکردنی بەردی گورچیلە دەکات چونکە کرداری میزکردن زیاد دەکات، خواردنەوەی ١-٣ فنجان قاوە وادەکات ٤٪ کەمتر تووشی بەردی زەرداو بیت.
بۆ چارەسەری کێشەکانی بێنوێژی بەکاردێت و خوێن بەربوونەکە کەم دەکاتەوە چونکە بۆڕییەکانی خوێن تەسک دەکاتەوە، بەڵام زۆر خواردنەوەی وادەکات تووشی کەمخوێنی و بێهێزی بکات.
بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی گەشت و گوزار (السفر) بەکاردێت وەك : ماندووبوون و سەرسوڕان و خەوهاتن، بەتایبەتی گەشتی درێژی وەک چوون لە ئەوروپاوە بۆ ئەمریکا، پسپۆڕانی فڕین دەڵێن واچاکە کاتی سەفەر بۆ ڕۆژئاوا سبەینان قاوە بخوات، بۆ ڕۆژهەڵاتیش دوای نیوەڕۆ بیخواتەوە باشە (Abrupt time - Zone changes).
بۆ دابەزینی کێش باشە چونکە کرداری زیندەچالاکی زیاد دەکات، ئەمەش وادەکات چەوری لە لەش بتوێتەوە، بەڵام ئەو جۆرە کردارە سەرپەرشتی پزیشکی دەوێت چونکە زۆر خواردنەوەی قاوەش زیانی هەیە.
بۆ چارەسەری پێوەدانی مار باشە، چونکە کاتی پێوەدانی مار پەستانی خوێن دادەبەزێت و کاری دەماغ و دەمارەکانیش پشێوی تێدەکەوێت، بەڵام خواردنەوەی قاوە ئەو کاریگەرییە خراپانە کەم دەکاتەوە.
چالاکی سوڕی خوێن زیاد دەکات بۆیە بۆ نەخۆشیەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن و لابردنی ئاو لە سییەکان و سک بەکاردێت.
چالاکی سوڕی خوێنی مێشک زیاد دەکات بۆیە باشە بۆ نەخۆشی لەرزە (پارکنسۆنیزم).
  • ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دوو کەم دەکاتەوە
  • یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی کێشی لەش
  • تەندروستی مێشک دەپارێزێت
  • ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی کەم دەکاتەوە
  • ماندوویەتی ناهێڵێت
  • یارمەتی پاراستنی تەندروستی دڵ دەدات
  • دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سەرئێشە
  • دەتپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجە
  • ڕێگری دەکات لە توشبوون بە نەخۆشیەکانی جگەر و شێرپەنجەی جگەر
  • چەوری دەسووتێنێت

بڕی پێویست لە قاوە

زانایان جیاوازن لە دیاریکردنی ئەو بڕە بەڵام دەڵێن : خواردنەوەی ١٠ فنجانی ئەمریکی ڕۆژانە باشە.

زیانەکانی قاوە

  • لێدانی دڵ زیاد دەکات
  • سەرئێشە بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
  • میز زۆر کردن
  • خەوزڕان
  • ڕەقبوونی ماسوولکەو لەرزین
  • دڵ تێکهەڵچوون
  • کەمی ئاسوودەیی
  • سووتانەوەی گەدەو دڵەکزێ

سودەکانی قاوەی تاڵ

قاوە ئەگەر بەشێوەیەکی هاوسەنگ و بەبێ شەکر بخورێتەوە سوودی تەندروستی زۆری هەیە، لەوانە :
  • کێشی لەش دادەبەزێنێت و چەوری دەسووتێنێت
  • توانای سەرنجدان زیاد دەکات، لەگەڵ زیاد کردنی توانای مێشک
  • دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییەکانی ڤیتامین B2، ڤیتامین B3، ڤیتامین B5، مەنگەنیز وە پۆتاسیۆم وە مەگنسیۆم
  • ئیشتهای خواردن کەم دەکاتەوە
  • قاوە بۆ قژ : ڕێگری دەکات لە هەڵوەرینی قژ
  • ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن کەم دەکاتەوە
  • پەستانی خوێن ڕێکدەخات
  • گرژبوونی ماسولکەکان ناهێڵێت
  • بەرگری لەش بەهێز دەکات
  • یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی مەزاج

زیانەکانی قاوە بۆ ئافرەتان

  • ئافرەتی دووگیان نابێت قاوە بخواتەوە لەبەر هەبوونی ماددەی کافایین چونکە زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت
  • لەکاتی سوڕی مانگانە یاخود بێنوێژی (الحيض) نابێت بخورێت
  • دەبێتە هۆی شێرپەنجەی مەمک
  • دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاد دەکات
  • دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لەکاتی سوڕی مانگانەدا
  • کۆلیسترۆڵ بەرز دەکاتەوە
  • لەگەڵ ئەوەی کە قاوە چەوری دەسووتێنێت بەڵام ئەگەر لەگەڵ شەکر یان شوکولاتە بخورێتەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش
  • هۆکارە بۆ نەزۆکی (منداڵ نەبوون)

جۆرەکانی قاوە

  1. ئێسپریسۆ
  2. قاوەی تورکی
  3. کاپۆچینۆ
  4. قاوەی ڕەش
  5. قاوەی لاتیە (قاوە و شیر)
  6. قاوەی مۆکا
  7. قاوەی ڤیتامینی
  8. قاوەی مەکسیکی
  9. قاوەی ڕاف
  10. قاوەی ئەمریکانۆ
  11. قاوەی ڤییەنا
  12. قاوەی ئیرلەندی
  13. قاوەی جالاو
  14. قاوەی ئیسپانی
  15. قاوەی ماکیاتۆ
  16. قاوەی کورتادۆ

هەستیاری بە قاوە

ڕۆژانە ٣ بۆ ٤ فنجانی قاوە بخورێتەوە سوودێکی زۆری تەندروستی هەیە، بەڵام ئەگەر زیاتر لەم ڕێژەیە بخورێتەوە سوودەکانی دەگۆڕێت بۆ زیان و زیان دەگەینێت بە تەندروستی جەستە، ئەو کەسانەی هەستیاریان هەیە بە قاوە نابێت قاوە بخۆنەوە یان زۆر بەکەمی بیخۆن.

پێشنیارەکان

قاوە ڕۆژانە لە ١-٣ فنجان زیاتر نەبێت، زۆر جار لەهەندێ وڵاتان شیرنەمەنی و بەستەنی قاوەی تیایە بۆیە پێویستە ئەویش حیسابی بۆ بکرێت.
ئاگاداری منداڵی کەمتر لە ٢ ساڵ بین کەوا قاوەی نەدرێتێ گەر ویسترا بیخواتەوە با کێک و نان و خواردنی تری لەگەڵ تێکەڵ بکرێت، هەروەها بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون چونکە دڵەکوتێ و جەڵتەی دڵ و پەستانی خوێن و کۆلیستڕۆڵ زیاد دەکات، بۆیە واچاکە قاوەکە ماددەی کۆفاینی تیا نەبێت باشە، هەروەک لێکۆڵینەوەیەک کرا لەسەر ئەو بابەتە کەوا ٣٨٠٠٠ کەس لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا بۆماوەی ٣ ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کرا ئەوانەی قاوەی زۆریان دەخواردەوە (٩ فنجان / یەک ڕۆژ) سێ بەرانبەر تووشی ئەو نەخۆشییانەی سەرەوە دەبوون لە خەڵکانی تر، هەروەها دەرکەوتووە کەوا هەرچەندە ژمارەی فنجانەکان زیاد بکرێت نەخۆشیەکان زیاد دەکەن، لە لێکۆڵینەوەیەکی سویدی دەرکەوتووە کەوا هۆی نەخۆشی دڵ و قاوە خواردنەوە بەهۆی ماددەی (هۆمۆسستین)ەوەیە.
داری قاوە وەک جوانکاری : لەزۆر شوێنان داری قاوە بەکاردێنن بۆ ڕازاندنەوەی ماڵ و باخچەکان، ئەویش شوێنێکی شێدارو تیشکی ڕۆژی مامناوەندی دەوێت، لەناو خانووی پلاستیکی و شووشە دەبێت بەڵام تەوژمی هەوای گەرم ئەو دارە ووشک دەکات.
تێبینی
  • ئەوانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە نابێت زۆر قاوە بخۆنەوە
  • چالاکی جینسی کەم دەکاتەوە
  • نەخۆشی مایەسیری زیاد دەکات
  • زیادکردنی ڕێژەی گرتنی پەرکەم
  • پەستانی ئاوی ناو چاو زیاد دەکات
ئەوانە دەتوانن قاوەی خێرا بخۆنەوە نەوەک جۆرەکانی ترو باش بیکوڵێنن و هەندێ شیرنەمەنی وەک شەکر یان خورما لەگەڵی بخۆنەوە تاوەکو ئەو کاریگەرییانە کەم بکەنەوە.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان