چا و قاوە

چا و قاوە

چا و قاوە

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نە چا نە قاوەی نەخواردووەتەوە، چونکە لەکاتی ئەودا و لەو ناوچەیەی ئەودا نەبوون. نزیکەی دووسەد ساڵێک دوای ئەو، شوانکارەکەیەکی عەرەب بەناوی (خالید)، کە لە هەڵەتەکانی حەبەشە (ئەسیوپیای ئێستا) مەڕوماڵاتی لەوەڕاندووە، بینیویەتی ئاژەڵەکانی کە بەری درەختێک دەخۆن، چالاک و بزێوتر دەبن، ئیتر ئەو هەواڵەی گەیاندووە بە خەڵکی. ئینجا ئەو کرێکارانەی شەوکارییان کردووە، کەوتوونەتە کوڵاندنی بەری ئەو درەختە و خواردنەوەی ئاوەکەی، بەوەش قاوەی عەرەبییان بەرهەم هێناوە، ئیتر بەم جۆرە خالیدی شوان بووە بە دۆزەرەوەی قاوە.
هەر چی چایشە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە ٢٧٠٠ ساڵ بەر لە میلاد. ڕۆژێک یەکێک لە ئیمپراتۆرەکانی چین لەژێر دارێک دانیشتووە، خزمەتکارەکەی ئاوی بۆ خستووەتە سەر ئاگر تا پاک ببێتەوە بۆ خواردنەوە، لەو کاتەدا چەند گەڵایەک کەوتوونەتە ناو ئاوەکەوە، ئیمپراتۆرەکە حەزی لە گیادەرمان بووە، بۆیە بڕیاری داوە ئاوەکە تام بکات. ئیتر ئەوە بووەتە یەکەم چا بخورێتەوە. بەڵام تا سەدەی هەژدەمی میلادی چا ئەوەندە دەگمەن و گران بووە، کەم کەس دەستی کەوتووە. بەو جۆرە لەکاتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دا نەگەیشتووەتە ئەو ناوچەیە.
گرینگترین پێکهاتەی چا و قاوە ماددەی (کافاین)ە، کە دەتوانرێت بوترێت سوود و زیانیان هەر بەهۆی ئەو ماددەیەوەیە. گرینگترین کاریگەریی کافاینیش ئەوەیە کە چالاکیی مێشک زیاد دەکات، هەرچی زیانەکانیشیەتی بریتین لە: خەوزڕان، خێرا لێدانی دڵ، ژانەسەر، میز زۆربوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ددان ڕەشبوون، شلبوونەوەی سەری گەدە و بەوەش گەڕانەوەی ترشی گەدە، کەمبوونەوەی مژرانی ئاسن لە ڕیخۆڵەکان و بەوەش کەمخوێنی. گرینگە بزانرێت کە بەشێوەیەکی گشتی قاوە سێ ئەوەندەی چا کافاینی تێدایە، بڕی ڕێگەپێدراوی کافاینیش لە ڕۆژێکدا کە نابێتە هۆی لێکەوتەی خراپ لەسەر تەندروستی، بریتییە لە ٤٠٠ میللیگرام، کە ئەمەش دەکاتە ٤-٥ کوپ قاوە.

خواردنەوەی چا و قاوە

بۆیە وا باشە چا و قاوە:
  1. بەیانیان بە تۆخی و ئێواران بەکاڵی بخورێنەوە.
  2. منداڵ نەیانخواتەوە، هەر هیچ نەبێت سەر لە ئێواران.
  3. ژنی دووگیان لە نیوە زیاتری کەسێکی ئاسایی نەیانخواتەوە.
  4. یەکسەر دوای نان خواردن نەخورێنەوە.
  5. ئەوانەی کێشەی دڵەکوتێ و خێرا لێدانی دڵیان هەیە نەیانخۆنەوە.
  6. ئەوانەی پەستانی خوێنیان کۆنتڕۆڵ نییە نەیانخۆنەوە.
  7. ئەو ژنانەی خەریکە لە سوڕی مانگانە دەچنەوە نەیانخۆنەوە، چونکە ئەو هەستی گەرمییەی لە ناخەوە هەستی پێدەکەن زیاد دەکات.
  8. ئەو ژنانەی ئازاری مەمکیان هەیە نەیانخۆنەوە.
  9. ئەوانەی کێشەی کەمخوێنیان هەیە بەهۆی کەمیی ئاسنەوە، بە ڕێژەی زۆر نەیانخۆنەوە یان هەر هیچ نەیانخۆنەوە.
چای ڕەش و چای سەوز هەردووکیان لەهەمان جۆرە گەڵای چا دروست دەکرێن، جیاوازییەکەیان لەکاتی ئامادەکردنی پێش بەبازاڕکردنیاندا دەردەکەوێت، بەوەی کاتێک گەڵای چایەکە ڕووبەڕووی پرۆسەی (ئۆکسان) دەکرێتەوە، چای ڕەش بەرهەم دێت، بەڵام بۆ چای سەوز ئەم پڕۆسەیە ئەنجام نادرێت. ئەو پڕۆسەیەش بەوە دەکرێت کە گەڵا چایەکە لە هەوای کراوە و لەبەر خۆر هەڵدەخرێت، بەوەش تێکەڵی ئۆکسجین دەبێت، ئەمەش ڕێک وەک ئەوەی کە سێوێک لەت دەکرێت و دوای ماوەیەک ڕەنگەکەی بەرەو ڕەشی دەچێت. لەڕووی تەندروستیشەوە جیاوازییان ئەوەیە کە چای سەوز بۆ ڕێگریکردن لە شێرپەنجە بەهێزترە و کافاینی کەمتری تێدایە بەبەراورد بە چای ڕەش.
بەشێوەیەکی گشتی چا خواردنەوەیەکی تەندروستە و خواردنەوەی باشترە لە نەخواردنەوەی، بەڵام دوو کێشە لە چا خواردنەوەی ئێمەدا هەیە:
  1. بە شەکرەوە دەیخۆینەوە، کە شەکریش زیانی زۆرە.
  2. دەمودەست دوای نان خواردن دەیخۆینەوە.