خواردنەوە وزە بەخشەکان

خواردنەوە وزە بەخشەکان
خواردنەوە وزە بەخشەکان.

خواردنەوە وزە بەخشەکان

بریتین لەو خواردنەوانەی کە هەندێک ماددەی وریاکەرەوە (بەتایبەت کافاین یان تێدایە)، ئەگەر چی وەک خواردنەوە گازییەکان گازییان تێدا نییە، بەڵام وەک ئەوان بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە.
یەکێک لەو ماددانەی لەو خواردنەوانەدا هەیە و مشتومڕی زۆری لەسەرە، ماددەی (taurine)ە، ئەم ماددەیە ناوەکەی لە وشەی (taurus) ەوە وەرگیراوە، کە وشەیەکی یۆنانییە و بە مانای (گا) دێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یەکەم جار لە زەرداوی گادا دۆزراوەتەوە، جا مشتومڕەکە لەوەدایە کە دەوترێت ئەو ماددەیە لە تۆواوی گاوە وەردەگیرێت و لەو خواردنەوانە دەکرێت، ئەوە ڕاستە کە لەو شلەیەشدا هەیە، بەڵام ڕێژەکە زۆر کەمە، بۆیە لە سەرچاوەی دیکەوە وەردەگیرێت، بەتایبەت لە ڕێی ئەندازەی کیمیاییەوە بەرهەم دەهێنرێت، کە زۆر هەرزانتر دەوەستێت، هۆی ئەوەی ئەو ماددەیە تێکەڵی ئەو خواردنەوانە دەکرێت ئەوەیە کە یارمەتیی کاری ماسوولکە دەدات و ڕێژەی شەکر کۆنترۆڵ دەکات و بۆ دڵیش باشە، هەر وەک لەبەر ئەوەشە کە ئەو خواردنەوانە بڕی زۆر (کافاین)یان تێدایە، کافاینیش لەگەڵ ئەوەدا کە بێدارکەرەوەیە، هەندێک کاریگەریی خراپیشی هەیە، وەک ئەوەی لێدانی دڵ زیاد دەکات و دڵەڕاوکێ دروست دەکات، جا ماددەی (تۆرین) دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کاریگەرییانەی ئەو ڕێژە زۆرەی "کافاین" بەتایبەت دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە.

زیانەکانی خواردنەوە وزە بەخشەکان

جا بە شێوەیەکی گشتی خواردنەوە وزە بەخشەکان، بەتایبەت ئەگەر زۆر بخورێنەوە، زیانیان بۆ تەندروستی هەیە، هەر وەک بە داتای زانستی سەلمێنراوە دەبێتە هۆی : خەوزڕان، دەمارگرژ (عەسەبی) بوون، سەرئێشە، خێرا لێدانی دڵ و تەنانەت گەشکە و مردنیش.
بەم شێوەیە لەڕووی تەندروستییەوە کێشەیان هەیە، مادام مەسەلەی تەندروستیش لەڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە گرینگیی زۆری هەیە، ئەو خواردنەوانە لە ڕووی ئاینیشەوە قسەیان لەسەرە، بۆیە هەندێک لە موفتییان بە حەرامی دادەنێن، بەهەرحاڵ ئەگەر حەرامیش نەبێت، ناپەسەند (مكروه)ە و خۆبەدوورگرتن لێیان سوودی بۆ دین و ژینیش هەیە.
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی خوانی خۆشەویست صلى الله عليه وسلم