وەنەوشە

وەنەوشە گوڵێکی بۆن خۆشە لە وەرزی بەهاردا دەڕوێت، گوڵی وەنەوشە یەکێکە لەو گوڵانەی کە بەهۆی سوودە تەندروستیەکەیەوە بۆ زۆر مەبەست بەکاردێت، وە هەر لە کۆنەوە هەبووەو ڕواوە.
وەنەوشە
گولی وەنەوشە
بەشی بەکارهاتوو: گوڵ و گەڵاکەی، ووشک دەکرێتەوە لە سێبەر نەوەک لەبەر تاوی خۆر.

مێژوو و سەرچاوەی

نزیکەی ٢٠٠ جۆری هەیە، لە نێوان ناوچە کەمەری و مامناوەندیەکانە، چەند جۆر لە پەپوولەش هەیە لەسەر ئەو وەنەوشەیە دەژی.
وەنەوشە لە کتێبەکانی (هۆمیرۆس) و (فیرجیل) ناوی هاتووە، خەڵکی شاری ئەسینای پایتەخت بەکاریان هێناوە وەک هێمنکەرەوەیەکی توڕەبوون و خەو لێکەوتن و دڵ ئاسوودەیی و بەهێزکردنی.
(پلینی) نووسەری ئەگریکی باس لەوە دەکات کەوا ڕەگی وەنەوشە و هەندێ خەل کراوەتە مەرهەم و بۆ نەخۆشی شاهانە و نەخۆشییەکانی سپڵ بەکارهاتووە، ئەگەر لەسەر سەر دابنرێت بۆ سەرئێشە و سەرسوڕان باشە.
لەسەردەمی ناپلیۆن وەنەوشە بەکارهاتووە لەگەڵ خواردن و تاوەکو ئێستاش ئەو عادەتە هەر ماوە.
لەسەردەمی ڕۆمەکانەوەش گوڵە وەنەوشە بەکارهاتووە وەک شەراب بە شێوەیەکی بڵاو.
لەسەردەمی ئێستاماندا وەنەوشە بەکارهاتووە بۆ ڕەنگ کردن و پیشەسازی بۆن و بەرام، هەروەها بەکاردێت بۆ کاری پزیشکی بۆیە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە بەریتانیا دەچێنرێت.
وەنەوشەی کێوی بەهێزترە لەوەی کشتوکاڵی بەڵام لەبەر کەمی خۆماڵیەکە بەکاردێت.
گەورەترین کێڵگەی وەنەوشە لە ناوچەی نایسی فەڕەنسایە.

پێکهاتەکەی

  • بەشە گرنگەکەی بریتیە لە گوڵەکەی کەوا بۆن دەدات و ڕەنگی وەنەوشەیەکی کاڵە، بەتایبەتی کاتێ لەناو ئاوی گەرم دادەنرێت. لەڕووی کیمیاویشەوە ئەو ڕەنگە بەهۆی بوونی ماددەیەک لە خێزانی (گلۆکۆساید) بەناوی (ڤایۆلا کورسیتین - Viola quercitin), سوودە پزیشکیەکەش هەر لەو ماددەیە
  • ماددەی سەلایسیلیک ئەسیدی تیایە بۆ دروستکردنی حەبی ئەسپرین و ئەسپرۆ بەکاردێت
  • ماددەیەکی تفتی تیایە بەناوی (ڤایۆلین - Violin)

بەکارهێنان و سوودەکانی

  1. لەگەڵ سەوزە بەکاردێت بۆ سەڵاتە
  2. بۆ ڕەوانی باشە
  3. بۆ نەخۆشیەکانی سەرمابوون (هەڵامەت و گیرانی لووت) و سیەکان و بۆڕییەکانی هەوا باشە
  4. هێمنکەرەوەی دڵ و دەروونە
  5. چالاکی جگەر زیاد دەکات
  6. بۆ زۆربەی نەخۆشیەکانی دڵ بەکاردێت (بۆڕییەکانی خوێن و ماسولکەکانی)
  7. بۆ سەرئێشە و شەقەسەر باشە
  8. بۆ چارەسەری خێرای برین و هەوکردن باشە
  9. میزکردن زیاد دەکات و بەردیش دەتوێنێتەوە
  10. لێکۆڵینەوە هەیە لەسەر ئەوەی گوایە بۆ پاککردنەوەی برین و هەوکردن باشە
  11. بۆ نەخۆشی شێرپەنجەو ئازارەکانی بەکاردێت بەتایبەتی ئەوەی مل و گەردن