زیادەڕەوی لە خواردن
زیادەڕەوی لە خواردن و فڕێدانی خواردن یەکێکە لەو دیاردانەی کە ئەمڕۆ لە تەواوی جیهاندا باوە و ساڵانە زیاتر لە ملیارێک تەن خۆراک فڕێ دەدرێت.
زیادەڕەوی لە خواردن |
ساڵانە لە جیهاندا ملیارێک و سێسەد ملیۆن تەن خۆراک فڕێ دەدرێت، واتە هەر تاکێک ساڵانە نزیکەی ١٧٠ و ڕۆژانە نیو کیلۆگرام خۆراک فڕێ دەداتە تەنەکەی زبڵەوە! یەک لەسەر سێی ئەو خواردنەی ئامادە دەکرێت، ناخورێت و فڕێ دەدرێت، ڕێژەکەش بەپێی جۆرەکانی خۆراک بەم جۆرەیە : ٤٥٪ی سەوزەو میوەکان، ٣٥٪ی ماسی و خۆراکە دەریاییەکان، ٣٠٪ی دانەوێڵەکان، ٢٠٪ی هەر یەک لە گۆشت و شیرەمەنییەکان، لە هەرێمی کوردستانیشدا ساڵانە ٨٥٠ هەزار تەن خۆراک فڕێ دەدرێت، کە دەکاتە هەر تاکێک بە نزیکەی ١٤٢ کیلۆگرام خۆراک بەفیڕۆ دەدات، لە بەرانبەرداو بەپێی ئامارەکانی (ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ - FAO)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ٨٤٢ ملیۆن کەس لە جیهاندا خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت کە ئەمەش دەکاتە زیاد لە ١٠٪ی خەڵکی.
بە دەستەواژەیەکی تر ئەم ژمارانە لێک بدەینەوە : لە دە کەسدا نۆی تێرەو یەکێکیان برسی، برسییەکە نانی نییە بیخوات، نۆ تێرەکە ڕۆژیی یەکی نیو کیلۆگرام خۆراک فڕێ دەدەن، کە پێکەوە دەکاتە ٤.٥ کیلۆگرام، ئەگەر بێت و ئەو بڕە لە جیاتی فڕێدان بیدەنە برسییەکە، ئەوە برسییەکە نەک باییی خۆی، بەڵکو باییی چەند نەفەرێک خۆراکی بەردەکەوێت و نەک لە برسا نامرێت، بەڵکو لە دەمی خۆی نەگرێتەوە، ڕەنگە بەهۆی زۆرخۆرییەوە بمرێت! بەم جۆرە کێشەی ئەمڕۆی جیهان ئەوەیە: تێرەکان لە بری گەدەی برسییەکان تەنەکە خۆڵەکان پڕ دەکەن! ئەگەر تەنها چارەکێکی ئەو خواردنەی فڕێ دەدرێت، لە فڕێدان ڕزگار بکرێت، بەشی هەر هەموو برسییەکانی جیهان دەکات.
(دانا گوندەرس) کە نووسەرێکی ئەمریکییە و چالاکێکی بواری پاراستنی خۆراکە و خاوەنی کتێبێکە بەناوی (Waste free-kitchen Handbook) دەڵێت : «بیهێنە بەر چاوی خۆت : دەچیتە لای بەقاڵێک چوار عەلاگە سەوزە و میوە دەکڕیت، لەکاتی سواربوونی ئۆتۆمبێلەکەتدا یەکێک لە عەلاگەکانت لەدەست دەکەوێت، تۆش هیچ خۆت تێکنادەیت هەڵی بگریتەوە، ئەمە ڕێک ئەوەیە کە ئێمە دەیکەین!».
چ کارەساتێکە کە ئێمەی موسڵمانانی ئەمڕۆ زەکاتمان لا گرانە کە خودا فەرمانمان پێدەدات تەنها یەک لە چلی داهاتمان ببەخشینە هەژاران، کە ٢.٥٪ دەکات، بەڵام لامان ئاساییە یەک لە سێی خۆراکەکانمان فڕێ بدەینە زبڵدانەوە، کە ٣٣٪ دەکات، لەو لاشەوە هەژاران زەقەی چاو و قۆڕەی سکیان بێت!.
ئاینی پیرۆزی ئیسلام هۆشداریی توند دەدات لەبارەی زیادەڕەوییەوە، دوو دەستەواژەی داناوە بۆ مەسەلەی زیادەڕەوی :
الإسراف : بریتییە لە زیادەڕەویکردن لە شتێکی ڕێگەپێدراو زیاد لەوەی پێویستە، واتە ئەگەرچی شتەکە حەڵاڵە، بەڵام کاتێک زیادەڕەویی تێدا دەکەیت، دەچێتە هۆبەی (إسراف)ەوە، بۆ نموونە : کاتێک سێ سەر خێزانیت و دەزانیت تەنها سێ نانتان پێدەخورێت، کەچی دەچیت چوار نان دەکڕیت، یان سندووقێک سێو دەکڕیت و هەموویتان پێناخورێت و دوای چەند ڕۆژێک نیوەی بۆگەن دەبێت، ئەمانە (إسراف)ن، هەرچەندە شتەکان لە ئەسڵیشدا حەڵاڵن.
التبذير : بەخەرجدان (ی بەتایبەت سامان) لە شتی حەرامکراو، وەک ئەوەی پارە بە کڕینی مەی بدەیت، جا هەرچەندە پارەکە کەمیش بێت.
هەر دوو چەمکەکە لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون، خودای گەورە دەفەرمووێت : ﴿كُلُوا۟ مِن ثَمَرِهِۦٓ إِذَآ أَثْمَرَ وَءَاتُوا۟ حَقَّهُۥ يَوْمَ حَصَادِهِۦ ۖ وَلَا تُسْرِفُوٓا۟ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُحِبُّ ٱلْمُسْرِفِينَ﴾ [الأنعام/١٤١]، واتە : ﴿لە بەری دارو کشتوکاڵەکانتان بخۆن و لە ڕۆژی پێگەیشتن و دروێنەدا حەقی خەڵکیی لێدەرکەن و خێر و سەدەقەی لێبکەن، لەم خێر و بەخشینەشدا زیادەڕەوی مەکەن، مامناوەندی بن، خودا ئەوانەی خۆش ناوێت کە زیادەڕەوی دەکەن و لە سنوور دەردەچن﴾.
﴿وَءَاتِ ذَا ٱلْقُرْبَىٰ حَقَّهُۥ وَٱلْمِسْكِينَ وَٱبْنَ ٱلسَّبِيلِ وَلَا تُبَذِّرْ تَبْذِيرًا﴾(٢٦)﴿إِنَّ ٱلْمُبَذِّرِينَ كَانُوٓا۟ إِخْوَٰنَ ٱلشَّيَٰطِينِ ۖ وَكَانَ ٱلشَّيْطَٰنُ لِرَبِّهِۦ كَفُورًا﴾(٢٧) [الإسراء ٢٦-٢٧]، واتە : ﴿حەقی خزم و خوێش بدە، سیلەی ڕەحم بەجێ بهێنەو قسەت خۆش بێت لەگەڵیاندا و چاکەیان لەگەڵدا بکە، هەروەها حەقی هەژار و ڕێبوار بدە، بەڵام سامانت لە شتی وادا سەرف مەکە کە پێویست نەبێت و زیادەڕەوی مەکە لە خەرجکردندا، بەڕاستی ئەوانەی سامانی خۆیان لە شتی ناپێویستدا خەرج دەکەن برای شەیتانەکانن و شەیتانیش زۆر کافر و نافەرمانبەرداری خودای خۆیەتی﴾.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێت : «كُلوا واشرَبوا وتَصدَّقوا والبَسوا ما لم يخالِطْهُ إسرافٌ أو مَخيَلةٌ». [صحيح ابن ماجه/٣٦٠٥]
واتە : «بخۆن و بخۆنەوە و خێر بکەن و بپۆشن، بەو مەرجەی زیادەڕەوی و فیزی تێدا نەکەن».
بەم جۆرە خۆراک فڕێدان، لەڕووی ئاینییەوە لێکدانەوەیەکی وردی بۆ بکرێت، زیاتر لەگەڵ (تبذير)دا دێتەوە نەک (إسراف)، جا موسڵمان چۆن ڕێگە بەخۆی دەدات خۆراک فڕێ بداتە ناو خۆڵەوە لە کاتێکدا پێغەمبەرەکەی (صلى الله عليه وسلم) فەرمانی پێدەکات تەنانەت ئەو پارووەی لەدەستی دەکەوێتە خوارەوە، هەڵی بگرێتەوە و تۆزەکەی بتەکێنێت و بیخوات؟!، ئەی مەگەر نافەرمووێت : «إِذَا سقطت لقمةُ أحدِكم فليُمِطْ ما بها من الأذى وليأكلْها ولا يدعها للشيطان». [أخرجه مسلم/٢٠٣٣]، واتە : «ئەگەر یەکێکتان پارووی لێبەربووەوە، با هەڵی بگرێتەوە و چی کەوتووەتە سەری لای ببات و بیخوات، با نەیهێڵێتەوە بۆ شەیتان».
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەجۆرێکی وا دژایەتیی زیادەڕەوی و بەفیڕۆدانی کردووە، خەڵکی ئەم سەردەمە بیزانن لە ئاستیدا دۆش دادەمێنن، وەک نموونە : عەبدوڵڵای کوڕی عومەر (خوا لێیان ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە : «أن النبي (صلى الله عليه وسلم) مرَّ بسَعد وهو يتوضأ، فقال : ما هذا السَّرَفُ يا سعد؟، قال : أفي الوضوء سرف؟، قال : نعم، وإن كنت على نهرٍ جارٍ» [مسند أحمد]، واتە : «ڕۆژێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەلای سەعددا تێپەڕی، کە لەو کاتەدا خەریکی دەستنوێژگرتن بوو، پێی فەرموو : ئەوە چییە ئەو هەموو ئاو بەفیڕۆدانە؟ پرسیی : ئایا بۆ دەستنوێژیش بێت هەر بە بەفیڕۆدان حیسابە؟ فەرمووی : بەڵێ، تەنانەت ئەگەر لەسەر ئاوی ڕۆیشتووش بیت».
واتە تەنانەت بۆ کارێکی پیرۆزی وەک دەستنوێژگرتنیش و ئەگەر لەسەر چەمێک بیت کە ئاوەکە دیسان بچێتەوە ناوی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەرکۆنەی هاوەڵێکی کردووە و بە ئیسراف و بەفیڕۆدانی داناوە!، ئا ئەمەیە سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ دەستگرتن بە هەموو شتێکەوە.
ئەگەر بەوردی بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت لە ئیسلامدا مەسەلەی ئیسراف لە خواردندا بەجۆرێکی ترە وەک لەوەی ئێمە لێی تێگەیشتووین، خودای گەورە دەفەرموێت : ﴿وَكُلُوا۟ وَٱشْرَبُوا۟ وَلَا تُسْرِفُوٓا۟ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُحِبُّ ٱلْمُسْرِفِينَ﴾ [الأعراف/٣١] واتە : ﴿بخۆن و بخۆنەوە، بەڵام زیادەڕەوی مەکەن، خودای گەورە ئەوانەی خۆش ناوێت کە زیادەڕەوی دەکەن﴾.
قورتوبی (القرطبي) لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا دەڵێت : «ئەوە ئیسرافە کە دوای تێربوون، هێشتا هەر بخۆیت، ئەمە قەدەغەی لێکراوە، لوقمانی حەکیم بە کوڕەکەی وتووە : ڕۆڵە! نەکەیت لەسەر تێربوون بخۆیت، ئەگەر ئەو پارووەی دوایی هەڵبدەیتە بەر سەگ، چاکترە لەوەی خۆت بیخۆیت». [الجامع لأحكام القرآن، ج١، ص١٢٥].
ئەنەسی کوڕی مالیک دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووە : «من الإسرافِ أن تأكُلَ كل ما اشتهيتَ» [سبل السلام للصنعاني، ٢٧٢/٤].
واتە : «ئەوە ئیسرافە کە ئارەزووت بۆ هەر چییەک چوو بیخۆیت».
لێرەوە دەردەکەوێت کە ئیسراف لە خواردندا بریتییە لەوەی خواردنی زیاد لە پێویست بخرێتە گەدەوە نەک ئەوەی بخرێتە تەنەکەی خۆڵەوە، کەچی ئێمە بەجۆرێکی تر بۆ بابەتەکە دەچین، زۆر جار دەڵێین «دەبێت خواردنەکە سوننەت بکەین و هیچی لێ نەهێڵینەوە» بەم جۆرە سافکردنی ناو قاپ و سەر سفرەمان کردووە بە سوننەت! بەڕاستی تاوان دەرهەق بە گەدەمان دەکەین کە ئاوا زۆری لێبار دەکەین، ئەگەر زیاد بارکردنی ئاژەڵ گوناه بێت، ئەی چۆن زیاد لێبارکردنی گەدە گوناه نییە؟!
بە کەسێکی قەڵەویان وت «بۆ وا قەڵەویت؟» وتی «وەڵا بەهۆی سوننەتکردنەوە!» وتیان (چۆن؟) وتی «خوشک و برا بچووکەکانم خواردن لە قاپدا دەهێڵنەوە، هەموو جارێک دایکم دەڵێت کوڕم تۆ بیانخۆ، با نەمێنێتەوە، سوننەتی بکە، منیش مەجبوور چییان لەبەر ماوە دەیخۆم، ئیتر چۆن قەڵەو نابم؟».
بۆیە چارەی ئەوەی کە خواردن لەسەر سفرە نەمێنێتەوە، ئەوە نییە هەرچییەکی لەسەر بێت بخورێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئەگەر دڵنیا نەبیت لە بڕێک کە بەئاسانی و بێ زۆر لەخۆکردن پێت دەخورێت، ئامادەی نەکەیت و نەیخەیتە سەر سفرە، ئەگەر پێچەوانەی ئەوەت کرد و خۆراکی زیاد لە پێویستت لەسەر سفرە دانا، ئەگەر بەزۆر لەخۆکردن بیخۆیت، ئەوە ئیسرافت کردووە و گوناهباریت، خۆ ئەگەر فڕێشی بدەیت، ئەوە زیاتر گوناهباریت و ڕەنگە ئەمە بکەوێتە چوارچێوەی (التبذير)ەوە.
بۆیە موسڵمانانی خاوەن تەقوا زۆر ڕژدن لەسەر ئەمە، لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی بووم، لە بەشەناوخۆیی دەمامەوە، بەڕێوەبەرەکەمان مامۆستایەکی زۆر لەخواترس بوو، دەرچووی زانکۆی ئەزهەر بوو، زۆر هەوڵی لەگەڵ دەداین کە خواردن هەر باییی ئەوەندە هەڵبگرین کە پێمان دەخورێت و خواردن فڕێ نەدەین، دوای ئەوەی کە بینیی ناتوانێت بەتەواوی خۆراک فڕێدان بە قوتابییەکان بنبڕ بکات، هەڵسا دوو سەر مەڕی کڕی و لە باخچەی قوتابخانەدا بەستانییەوە، ڕۆژانە ئەو خۆراکەی لەبەر قوتابییەکان دەمایەوە، دەیخستە بەر مەڕەکان!.
خواردن فڕێدانە زبڵەوە هەر ئەوە نییە زیانی بۆ دین و دارایی هەبێت، بەڵکو زیانەکانی زۆر لەوە زیاترە، بۆ نموونە کاریگەریی زۆر خراپی بۆ سەر ژینگەش هەیە، بەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی گازی (ميثان)، کە ٢٨ ئەوەندەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن بەهێزە و ڕۆڵی هەیە لە گەرمبوونی هەوادا، هەر بەڕاستییش سەرنجی ئەوەتان داوە زبڵێک خواردنی تێدابێت، بەچاو زبڵێک خواردنی تێدا نەبێت، چەند بۆنی ناخۆشە؟!، جا ئەوە بەهۆی ئەو گازە خراپ و کوشندانەوەیە.
ئەگەرچی ماڵەکانیش پشکیان هەیە خواردن فڕێداندا، بەڵام پشکی شێر بەر خواردنگەکان دەکەوێت، خواردنگەکانی لای ئێمە خۆراکی زۆر بۆ موشتەرییەکانیان تێدەکەن، تا گلەییان نەبێت و جارانی تریش ڕوویان تێبکەنەوە، لەنێو خواردنگەکانیشدا، خۆراک لەبەر مانەوە و فڕێدان زیاتر لەو خواردنگانەدا هەیە کە (بۆفیەی کراوە)یان هەیە، بەڕاستی کاتێک کەسێکی خاوەن هەست و ویژدان سەر دەکات بەو خواردنگانە و دەبینێت چ خواردنێک بە خەسار دەدرێت و فڕێ دەدرێت، ویژدانی ئەزیەتی دەدات و مییەی دەگیرێت!، ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەی ئەو جۆرە خواردنگانە لە جیهاندا و لای خۆشمان لەزیادبووندایە، بەڵام لە وڵاتێکی وەک تورکیادا، کە بەشێکی زۆری خەڵکەکە مەسەلەی بەهەدەرنەدانی خۆراک بەجددی وەردەگرن، کە دەچیتە ئەو وڵاتە، سەرنج دەدەیت زۆر بەدەگمەن نەبێت خواردنگەی بۆفیە کراوە نییە، تەنها بۆ خواردنی بەیانیان نەبێت، کە خواردنی بەیانیان بەئاسانی هەڵدەگیرێتەوە.
جێی خۆشحاڵییە کە خەریکە وردەوردە نەریتێک لە خواردنگەکاندا ڕەواج پەیدا دەکات، ئەویش ئەوەیە کە دەتوانیت داوا بکەیت ئەو خواردنەی لە بەرت دەمێنێتەوە، بۆت بکەن بە سەفەری تا بتوانیت لەگەڵ خۆتدا بیبەیتەوە ماڵ و دواتر بیخۆیت، بەڕاستی ئەمە کلتوورێکی جوان و لەجێیە، بۆیە حەق وایە ڕەواجی پێبدەین.
تا ئەم دواییەش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وا باو بوو کە یەکێک بە ڕێیەکدا بڕۆیشتایە بیبینیایە پارچە نانێک لەسەر زەوی کەوتووە، هەڵی دەگرتەوە و ماچی دەکرد و دەیخستە سەر یان پاڵ دیوارێک لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدرێت کە بەس نان نییە فڕێدانی گوناهە، بەڵکو هەموو خواردنێکە، کە بەداخەوە زۆر کەس هەیە وا تێگەیشتووە.
إرسال تعليق