ژیاننامەی ئیمامی عەلی

عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب (خوا لێی ڕازی بێت) چوارەم خەلیفەی ڕاشدینە، وە کوڕە مامی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم) وە یەکەم لاو بووە لە ئیسلامدا کە باوەڕی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێناوە.
ژیاننامەی ئیمامی عەلی

ناوی تەواوی ئیمامی عەلی

علي کوڕی أبي طالب کوڕی عبد المطلب کوڕی هاشم کوڕی عبد مناف کوڕی قصي کوڕی كلاب کوڕی مرة کوڕی كعب کوڕی لؤي کوڕی غالب کوڕی فهر کوڕی مالك کوڕی النضر کە ئەو قريش کوڕی كنانة کوڕی خزيمة کوڕی مدركة کوڕی إلياس کوڕی مضر کوڕی نزار کوڕی معد کوڕی عدنان ە.

نازناوی ئیمامی عەلی

ئیمامی عەلی چەند نازناوێکی هەیە لەوانە:
  • ولي الله
  • حيدرة
  • المرتضى
  • أمير المؤمنين : لەدوای ئیمامی عومەرەوە ئیمامی عەلی دووەم کەسە کە ئەم نازناوەی لێ نراوە
  • شهيد المحراب : بۆیە ئەم نازناوەی لێ نراوە چونکە لەکاتی نوێژدا شەهید کراوە
  • أبو الحسن
  • أبو تراب
  • أبو الحسنين : کە مەبەست پێی ئیمامی حەسەن و ئیمامی حوسێن ە
  • أبو الريحانتين

لەدایکبوونی ئیمامی عەلی و ژیانی

لە مەککە لەدایکبووە، و دایکی ناوی فاتیمەی کچی أسد ـی هاشمیە، ئیمامی عەلی پێش هیجرەت موسڵمان بووە، دووەم یان سێیەم کەسە کە هاتۆتەوە نێو ئیسلام وە لە منداڵانیشدا یەکەم منداڵ بووە کە باوەڕی بە ئیسلام هێناوە، ئیمامی عەلی هیجرەت دەکات بۆ مەدینەی منورة سێ ڕۆژ دوای هیجرەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).
ئیمامی عەلی لە هەموو جەنگەکانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشداری کردووە جگەلە جەنگی تەبووک نەبێت، ئیمامی عەلی کەسێکی ئازار و چاونەترس بووە لە جەنگدا.
لەساڵی ٣٥ی کۆچی لە مەدینە بەیعەتی پێدرا، وە پێنج ساڵ و سێ مانگ حوکمی کرد، لە سەردەمی حوکمی ئەودا باردۆخی سیاسی ناجێگیر بوو بەهۆی فیتنەو ئاژاوەکانەوە، بەم هۆیەوە کۆمەڵێک کە بە "خەواریج" ناسراو بوون دانیان بە خەلیفایەتی ئیمامی عەلی نەنا و بەرەنگاری بوونە.

شەهیدکردنی ئیمامی عەلی

بەسەرهاتی مردنی ئیمامی عەلی: ئیمامی عەلی لە مزگەوتی کوفە پێشنوێژی بۆ موسڵمانان دەکرد لە نوێژی بەیانیدا لەم کاتەدا عبد الرحمن بن ملجم بە شمشێرێکی ژەهراوی لە ملی دا، ڕیوایەت هەیە ئەڵێ ئیمامی عەلی لە ڕێگادا بووە بۆ مزگەوت شەهید کراوە، ئەوە بوو لە ٢١ی ڕەمەزانی ساڵی ٤٠ی کۆچی لەسەردەستی کەسێکی خەواریج بەناوی عبد الرحمن بن ملجم شەهید کرا.

عبد الرحمن بن ملجم کێیە

کەسێك بووە لە خەواریجەکان وە پێشتر بۆ شەهیدکردنی ئیمامی عەلی شمشێرەکەی ئامادە کردووە وە لەگەڵ دوو کەسی تردا لە خەواریجەکان ڕێ کەوتبوو کە هەریەک لە ئیمامی موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان و عمرو بن العاص و عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب شەهید بکەن، وە تەنها لە شەهیدکردنی ئیمامی عەلی سەرکەوتوو بوون، ئیمامی موعاویە و عمرو ڕزگاریان بوو لێیان.

ئیمامی عەلی لای غەیرە موسڵمان

چەندین کەسایەتی و زانای غەیرە موسڵمان لە کتێب و شیعرەکانیاندا باسی ئیمامی عەلی یان کردووە و بە کەسێکی زیرەک و لێهاتوو و پایەدار باسیان کردووە.

وتەکانی ئیمامی علی

دوژمنەکانت سییانن : دوژمنەکەت، هاوڕێی دوژمنەکەت، دوژمنی هاوڕێکەت
گوێڕایەڵی مەخلوق ناکرێت لە سەرپێچی خالقدا
بەڕاستی موجاهیدان ڕۆحیان فرۆشت و بەهەشتیان کڕی
جیهاد و تێکۆشان دەرگایەکە لە دەرگاکانی بەهەشت
سەردانیکردنی لاوازەکان لە بێ فیزی و خاکی بوونە
پێچەوانەی نەفست بکە ئاسوودە دەبیت
هەرکەسێک هەڵەی خۆی لەبیر بکات هەڵەی کەسانی تر بەگەورە دەبینێ
ئەگەر بژێوی لە شارێک خراپ بوو ئەوا کۆچ بکە بۆ شوێنێکی تر چونکە زەوی خوا فراوانە.

ئیمامی عەلی و هەژاری

ئیمامی عەلی دەفەرمووێت «ئەگەر هەژاری مرۆڤێک بوایە بەدەستی خۆم دەمکوشت».