خوزامی

خوزامی
خوزامی

سەرچاوەکەی

ڕووەکێکە لە شێوەی دارێکی بچوکەو لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەژێت.
لە ڕۆژئاوای ئەوروپا و ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست.
بەشێوەیەکی بەربڵاو دەچێنرێ لە فەرەنساو نەرویج و ئیتاڵیاو ئینگلتەرا لەبەر خۆشی بۆنەکەی، هەروەها ئێستا لە ئوسترالیاش دەچێنرێ بۆئەوەی بەکاریبهێنن بۆ بۆن دروست کردن.
ڕۆنەکەی بایەخێکی بازرگانی هەیە لە دروستکردنی بۆن و بەرام و دروستکردنی داو دەرمان بەشێوەیەکی پلە دوو، ڕووەکەکە بە گشتی بە شێوەی سەوز بۆنی ناوچەکە خۆش دەکات و بە ووشک کراوەیش دەکرێتە هاڕاوە (بۆدرە - مسحوق).
زۆر جۆر هەیە لە خوزامی بەڵام ئەوەی باووبڵاوە (Lavandula Vera) یە، ئەم جۆرەیان لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستدا دەڕوێت و پێویستی بەوە هەیە بەردەوام تیشکی خۆر لێیبدات، بەو جۆرەیان دەڵێن (خوزامی ئینگلیزی)، ئەو جۆرەیان بۆنی زیاترەو خۆشترەو نرخەکەشی زۆر بەرزترە لە جۆری دووەم کە پێی دەڵێن (خوزامی فەڕەنسی)، پێشتر ئەم جۆرە لە دەوروبەری شاری لەندەن زۆر بوو بەڵام دوایی زۆربەی بڕاوە بۆ ئەوەی شوێنی ئەو دانەوێڵە بچێندرێ بەتایبەتی کاتی جەنگی جیهانی دووەم، لەپاشان شوێنەکەی کرا بە خانووی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان.

مێژووی

ئەگریکەکان ناوی (نارداس - Nardus) یان لە خوزامی ناوە کە وەرگیراوە لە ووشەی (Naarda)، کە شارێکی سوریە.
مێژوونووس (پلینی) ناوی بردووەو ڕۆمەکان پێیان وتوە (ئەسارەم - Asarum).
دڵۆپاندنی ڕۆنی خوزامی: ڕۆنی خوزامی و بۆنەکەی دەگۆڕێ لەگەڵ گۆڕانی کات و شوێن و وەرزی ساڵ، ئەو کاتەی وشک و گەرم بێت پێش ئەوەی گوڵەکەی بکرێتە گیراوە ئەوا لە نرخ و بەهای بۆنەکەی زیاد دەکات.

پێکهاتەکەی

  • لە هەموویان گرینگتر بریتییە لە ڕۆنی زەیتەکەی کە ڕەنگی زەردی سەوزباوەو زۆر جاریش وەک بێ ڕەنگ دیارە، بۆنی تایبەتی خۆی هەیەو تامیشی تفت وتاڵە لەسەر زمان
  • ماددەکانی کە لێی پێکهاتووە ئەمانەن: (Linalool, Lonalyl acetate, Cineol, Borneol, Geranial, Pinence, Limonene, Tannin, Linaly Bretyrate)

سودەکانی پزیشکی

  1. بۆ دروستکردنی بۆنی تایبەت بە خوزامی بەکاردێت
  2. بەکاردێت وەک هێمنکەرەوە، بۆ خاو بوونەوەی ماسولکە پاش شێلان بە زەیتی خوزامی
  3. هەندێ لە بۆنەکان بۆ زیادکردنی چالاکی و لابردنی پشێوی
  4. وەک پاککەرەوەیەک بەکاردێت بۆ ژوورەکانی نەخۆش
  5. بۆ خەوزڕان بەکاردێت
  6. چالاکی دڵ و جگەرو گورچیلە زیاد دەکات
  7. بۆنی ناخۆشی لەش و پێست ناهێڵێ
  8. بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ڕۆماتیزم باشە
  9. پاککەرەوەی برینە
  10. وەک غەرغەرە بەکاردێت بۆ چارەسەری هەوکردنی گەرو و قورقوڕاگە
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان