بەهێ

بەهێ بە عەرەبی "سفرجل" و بە ئینگلیزی "quince"، بەهێ یەکێکە لە کۆنترین میوەکان، خواردنی بەهێ کۆمەڵێ سوودی تەندروستی هەیە و سەرچاوەیەکی باشی ڕیشاڵ و کانزاکانە.
بەهێ
میوەی بەهێ
بەشی بەکارهاتوو: تۆوەکەی و بەرەکەی.

مێژوو و سەرچاوەی

زۆر لە کۆنەوە هەیەو شوێنی سەرەکی وڵاتی فارس و شاری کرامیا بووە.
ئەگریکەکان ئەو میوەیان ناسیووەو هەندێ جۆری تریان پەیدا کردووە باشتر لەو جۆرەی لای خۆیان ڕواوە، ئەو میوەیان موتوربە کردووە لەگەڵ جۆرێکی باشتر کەلە شاری سایدۆن (Cydon) لە دوورگەی کریت هێنابوویان، هەربۆیە ناوی بووە سەفەرجەل (Cydonia) بەناوی شاری سایدۆن کراوە.
ئەو جۆرەی هەیە لە بەریتانیاو وڵاتە ساردەکانی ئەوروپا جیاوازە لەوەی لە ئاسیاو ناوچە گەرمەکان هەیە، بەوەی نەرمترە و ئاوی زیاترە، لە شوێنە ساردەکانیش تامی زۆر خۆشترە و ڕەنگی زێڕین و بۆندارە.
لە ناوچە گەرم و کەمەریەکان و ڕۆژهەڵاتدا نەرمترە دەتوانرێ بەبێ کوڵان بخورێت.
لە فەلەستین هەبووە لە کۆنەوەو وێنەی تاشراوی لەسەر بەردەکان لە شوێنە پیرۆزەکان هەبووە و هەروەک سێو خۆی نیشانداوە بەڵام سێو نەبووە بەڵکو سەفەرجەل بووە.
(پلینی) لە کتێبەکەیدا دەڵێت: لە بواری پزیشکی بەکارهاتووە وەک بەرگری کردنێک بۆ چاوی پیس و حەسوود.
لە وێنە ئەفسووناویەکانیش هاتووە کەوا زۆربەی پەیکەرە داتاشراوەکان کاتێ وێنەی میوەی لەگەڵدا هەبووبێ سەفەرجەلی لەگەڵ بووە.
لە وێنە داتاشراوەکانی سەر دیوارەکانیش سەفەرجەل هەبووە لە ناو لەپ و چڕنووکی ورچێکدا.
لەسەردەمی ئەگریک و ڕۆمەکانەوە میوەی سەفەرجەل بۆ خواوەندی جوانی (ڤینۆس - Venus) پێشکەش کراوە، هەروەها زانا ڤیرگیل (Virgil) دەڵێت: ئەو سێوە زێڕینەی لە دەستی بووە سەفەرجەل بووە نەوەک سێو یان پرتەقاڵ چونکە پرتەقاڵ لەو کات لە ئیتاڵیا هەر نەبووە، بەڵکو پاش هێرشی خاچپەرستان هاتۆتە ئیتاڵیا.
سەفەرجەل پێشکەش بە خواوەندی جوانی ڤینۆس کراوە چونکە نیشانەی خۆشەویستی و کامەرانیە.
پلوتارک ئاماژە بەوە دەکات کەوا سەفەرجەل لەکاتی ئاهەنگی مارەبڕیندا دەکرا بە بەدوو لەتەوە لەنێوان هەردوو هاوسەردا دابەش دەکرا ئەمەش نیشانەی خۆشەویستی و یەکپارچەیی بوو.
لە سەدەکانی ناوەڕاستیش سەفەرجەل هەبووە لەسەر خوانی ماڵەکان لەکاتی داوەت کردندا.
نووسەر (براونی) کە دۆستی شەکسپیر بووە دەڵێ: سەفەرجەل بۆ گەدە باشەو دڵ خۆشکەریشە.
نووسەر (پارکینسۆن) دەڵێ: هیچ میوەیەک لەسەر زەوی نیە بە ئەندازەی سەفەرجەل بەکارهێنانی پزیشکی هەبێ.

جۆرەکانی بەهێ

لە ئەوروپا سێ جۆر هەیە: پورتوگالی، شێوە سێو و شێوە هەرمێ، هەروەها ترش و شیرین.

پێکهاتەکەی

  • ئاو ٦٣٪
  • ڕیشاڵ ١٢٪
  • شەکر ٨٪
  • پرۆتین ٠.٩٪
  • زەیت ٠.٣٪
  • رەماد ١٤.٩٪
  • کانزاکانی گۆگرد ٥٪
  • فۆسفۆڕ ١٩٪
  • کالیسیۆم ١٤٪
  • سۆدیۆم ٣٪
  • پۆتاسیۆم ٠.١٢٪
  • ترشی ئەمیدالین و مالیکی تیایە بەکەمی
  • هەردوو ڤیتامینی ئەی وبی تیایە

سودەکانی بەهێ و بەکارهێنانی

دەنکەکەی:
  1. دەنکەکەی بەکاردێت بۆ جوانکردنی پێست چونکە پاش گەرم کردنی ماددەیەکی لینجەی هیلامی دەدات، بۆیە لەگەڵ کرێم و مەرهەم تێکەڵ دەکرێت بۆ پێست نەرم کردن و ڕەونەقداری
  2. دەنکە کوڵاوەکەی دەکرێتە گیراوە بۆ سکچوون باشە
  3. بۆ نەخۆشی سوزەنەک (السيلان) باشە، کە نەخۆشیەکی گوازراوەیە بە ڕێگەی پێکگەیشتنی جینسی
  4. بۆ نەخۆشیەکانی دەم و پووک
  5. بۆ پاککردنەوەی چاو باشە پاش تێکەڵکردنی لەگەڵ (ترشی بۆریک)
  6. ناوکی بەهێ چارەسەرە بۆ کۆکەی وشک و تەنگە نەفەسی
میوەکە خۆی:
  1. تینوویەتی دەشکێنێ و پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنێ
  2. گەر لە خرێنی (گەدەی بەتاڵ) بخورێت کاریگەری قەبزی هەیە، گەر لە دوای خواردن بخورێت ڕەوانی دەکات
  3. بۆ نەخۆشیەکانی دڵ باشە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستە بە پشێوی لە تەزوی کارەبای دڵ (Heart Block) و دڵە کوتێ
  4. میزکردن زیاد دەکات و توێنەرەوەی بەردە
  5. بۆنی دەم و ئارەقەی لەش خۆش دەکات
  6. بۆ بەرگری لە قەلەشتنی لێو و پێست بەگشتی باشە کاتی سەرماو بەستەڵەکی
  7. چالاکی جگەر زیاد دەکات
  8. وەک هێمنکەرەوە وایە بۆیە بۆ خەمۆکی و پەشێوی دەروونی باشە، هەروەها سەرسووڕەو دڵ تێکهەڵچوون
  9. بۆ بەرگری لە زیادە هەستیاری پێست باشە
  10. چاو بەهێز دەکات چونکە ڤیتامین (ئەی) تیایە
  11. بۆ چارەسەری هەوکردنی دەم و مەڵاشوو باشە
  12. لەگەڵ زەعفەران تێکەڵ دەکرێت بۆ زیادکردنی چالاکی جینسی
  13. بۆ بەرگری لە نەخۆشیەکانی کۆکەو تەنگەنەفەسی و زیادە هەستیاری باشە
  14. چای بەهێ بۆ نرخەی سنگ بەسوودە
سەرچاوەکان

  1.  سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی زانیاری گشتی
  2. پەرتووکی تەندروستی و ژیان، چۆن وا بکەین خۆراکمان ببێتە خواردن و دەرمان